هێزەکانی عێراق هەنگاوێکی دیکەیان نا بۆ بەهێزکردنی دەزگا و دامەزراوە نەوتییەکان لەو ناوچانەی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون، بەرپرسان بە دیارونایان وت.
ژمارەی هێرشەکانی داعش روو لە زیادبوونن، بەتایبەتی ئەوانەی کێڵگە نەوتیەکانی عەلاس و عەجیل دەکەنە ئامانج لە پارێزگای سەلاحەدین له باکوری وڵاتهكه.
بەڕێوبەری راگهیاندنی بهڕێوبهرێتی پۆلیسی وزە، نەقیب عەلی مالیکی بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان لانیکەم شەش هێرشیان شکست پێهێناوه کە دوو کڵێگەیەیان کردبووە ئامانج، دوایینیان لە 13 شوبات بوو.
وتی لەو رووداوەدا، "تۆڕێکی تیرۆریستی کە لە شەش ئەندام پێکهاتبوون، هەوڵیاندا لە هێڵە بەرگرییەکانی دەوروبەری کێڵگەی عەلاس نزیكببنەوە لە گردەکانی حەمرین".
مالیکی وتی: "کامێراکانی چاودێری گهرمیبین توانییان درك بە جوڵەی ئەو چەکدارانە بکەن لەکاتێکدا چەند کیلۆمەترێك دووربوون و پاسەوانان دەستبەجێ دەستیانكرد بە تەقەكردن و ناچاریان کردن هەڵبێن و خۆیان لە دەشتەکاندا بشارنەوە."
وتی: "ئەمە دوایین [هەوڵی] هێرشی تیرۆریستی بوو دژی کێڵگە نەوتیەکان لە پارێزگای سەلاحەدین، کە لەوێ تیرۆریستان سوودیان بینیووە لەو راستیەی ئەم کێڵگە نەوتیانە لە ناوچهیهكی سهختتدان."
وتیشی: "ئەو کامێرانەی درکیان بە تیرۆریستان کرد یەکێکن لەو چەندین هەنگاوانهی بەمدواییانە نراون بۆ بەهێزکردنی دەزگا و دامەزراوە نەوتیەکان لەو ناوچانەی هێشتا ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان تێدایە دژی داعش."
هەنگاوی ئەمنیی زیادکراو
مالیکی وتی جگه لهم کامێرانه "لەئێستادا ئهمنییهتی زیاتر هەیە و کارمەندانی سوپا و پۆلیس دامەزراوەکانی وزە دەپارێزن،" لەنێویاندا فەوجێکی دۆخی کتوپڕ کە دابینکرا بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی عەلاس و عەجیل.
وتی هێزە ئەمنییەکان باش ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك و چەك و دووربینی شەوانە و ئامرازەکانی چاودێرییان پێیە.
وتیشی ماوەیەکە دەوریەی چڕوپڕ و ئۆپەراسیۆنی چاودێریی ئاسمانی ئەنجامدەدەن لە چیا و ناوچە بیابانییەکانی دەوروبەری کێڵگە نەوتیەکان.
مالیکی وتی: "ئەندامانی داعش ناتوانن نەوتی خاو بدزن و بە قاچاخ بیبەن لە کێڵگە نەوتیەکان یاخود ئەو بۆرییه نەوتیانەی دەیانبەستنەوە بە پاڵاوگەکانەوە."
روونیکردەوە كه لەڕێی هێرشی بەردەوامهوه بۆسەر دامەزراوە نەوتیەکان، چەکدارە تووندڕەوەکان بەهیوان "بۆشایی ئەمنی بکەنەوە" کە رێگەیان پێبدات دەستیانڕابگات بەم سەرچاوەیە و بهكاریبهێنن بۆ دابینکردنی پارە بۆ چالاکیە تاوانکارییەکانیان.
لە نەینەوا، کە بڕێکی زۆر نهوتی لێ بەهەرمدههێنرێت، لەنێویاندا كێڵگهكانی گەیارە و نەجمە، هێزە ئەمنی و خێڵەکیەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ پاراستنی ئهمنییهت.
بەڕێوبەری ناحیهی گەیارە، ساڵح جەبوری وتی: "خێڵەکان و خەڵکی ناوچەکە پێکەوە لەگەڵ براکانیان له هێزە ئەمنییەکان، کاردەکەن بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکان."
بە دیارونای وت زیاد لە 150 ئەفسەری پۆلیس لەئێستادا دامەزراوەکان دەپارێزن و "هێزی زیاتر هەیە لە یەکە گەڕۆکەکان لەگەڵ سوپا و پۆلیس کە هەموویان بەتەواوی دامەزراوەکانی گەیارە دەپارێزن".
وتیشی کاتی خۆی ئەم دامەزراوانە رۆژانە هێرشیان دەکرایە سەر.
وتی: "بەڵام لەوکاتەوەی داعش دەرکراوه و موسڵ رزگارکرا (لە ناوەندی 2017)، ئەزمونی دزەکردنی ئەمنی یان هێرشی تیرۆریستیمان نەکردووە."
بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوە
جەبوری وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان "هاوتەریبن بە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوە" و ئاماژەیکرد بەوەی تیمە هونەرییە عێراقی و نێودەوڵەتیەکان توانیویانە 22 کێڵگەی نەوتی چاکبکەنەوە كه داعش ئاگری تێبەردابوون.
پسپۆڕێكی بواری نەوت، حەمزە جەواهیری بە دیارونای وت: "لەئێستادا سەختە بۆ ئەندامانی داعش کۆنترۆڵی تەنانەت بەشێکی بچوك لە کێڵگەیەکی نەوت بکەن."
وتی ئەمە لەبەر جێگیرکردنێكی پتهوی هێزە ئەمنیەکان و ئامادەیی ئاست بەرزیان، جگه لە پشتیوانی تهكنیكی.
جەواهیری وتی: "لەڕێی کۆنترۆڵی تەواوەوە، هەموو ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانەوە دەکرانە سەر ئەم شوێنانە، شکستیان هێناوە. هەمیشە هیوای تیرۆریستان لەباردەبرێت لەکاتێکدا هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی بەرچاوی داهات دەدەن."
وتی بەڵام هێشتا هەڕەشە بۆسەر کارمەندان و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان ماوە لەڕێی "ئەو موشەکانەی لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە دەنرێن بەو شوێنانەوه كه نزیکن لە کێڵگە نەوتیەکان".
جەواهیری وتیشی: "ئەمە پێویستی بە چەندین هەڵمەتی ئەمنیی چڕوپڕ و بەردەوام هەیە کە تەرکیزیان لەسەر چۆڵکردنی ئەم ناوچانە بێت لە پاشماوەی تیرۆریستان تا بنیاتنانەوەی ئەو دەزگا نەوتیانەی زیانیان بەرکەوتووە بەردەوامبێت."