پۆلیسی نەوتی عیراق کە بەرپرسن لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکە، رێوشوێنی تووندیان گرتۆتهبهر بۆ رێگرتن لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە بوونە هەڕەشە بۆسەر سەرچاوە نیشتمانیەکانی وزە، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیس دووشەممە (30 تەمموز) بە دیارونای وت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەك لە فەرماندەیی پۆلیسی سەلاحەدین، شەش خۆکوژی داعش لە 19 تەمموز هێرشیانکردە سەر کێڵگەیەکی نەوت لە شارۆچکەی سینیەی باکوری سەلاحەدین و خۆیان لەنێو هێزەکانی پۆلیسی نەوتی عێراقدا تەقاندەوە.
لەو هێرشەدا چەندین له ئەندامانی هێزە عێراقیەکە برینداربوون.
لە 11 تەمموزدا، هێزەکانی عێراق هێرشێکی داعشیان پوچەڵکردەوە بۆسەر بیرە نەوتەکانی شارۆچکەی دوبس لە خۆرئاوای کەرکوك.
دەیان ئەندامی گروپەکە هەڵیانکوتایە سەر چەند بازگەیەکی پاسەوانانی بیرە نەوتەکان و پێکدادان لەگەڵ پۆلیسی ئەوێدا دروستبوو، كه سەریکێشا بۆ ئەوەی پۆلیسی کەرکوك هێزی زیاتر بنێرێت بۆ ناوچەکە.
درۆنەکان چاودێریی جوڵەی چەکداران دەکەن
بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی نەوتی عێراق، نەقیب عەلی مالیکی، بە دیارونای وت پۆلیسی نەوتی عێراق ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر دەزگا نەوتییەکانی باکور.
وتی: "لەئێستادا هێزی پێویستمان هەیە بۆ پاراستنی دەزگاکان دوای ئەوەی ژمارەیان زیادکرا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوتی باشور و سوپاوه لە بەسرە."
وتیشی: "هێزەکانمان بەچڕی بەدەوری کێڵگە نەوتیەکاندا جێگیرکراون لە سەلاحەدین و کەرکوك، لەگەڵ کێڵگە نەوتیەکانی گەیارە و نەجمە نزیك شاری موسڵ."
مالیکی وتی: "بۆ دانانی پلانی زیاتری پاراستن، هەماهەنگی دەکەین لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش." ئاماژەشیکرد بەوەی كه "درۆنی چاودێری و روماڵکردن بەشێوەی نیمچەرۆژانە چاودێریی جوڵەكانی تیرۆیریستان دەکەن".
وتیشی یەکە ئەمنیەکان لە بەرزاییەکان و ناوچە دوورەدەستەکاندا جێگیرکراون و گەڕان و پشكنینی بەردەوام ئهنجامدهدهن بۆ هەر بنکەیەکی دوژمن و دەستبەجێ تێکیاندەشکێنن.
'هەوڵێكی ناکام'
مالیکی وتی هێرشەکانی ئەمدواییەی داعش ئامانجیان تێکدانی ژێرخانی نەوتی عێراق بووە، بەوپێیهش ئابورییەکەی.
وتی ئەوە "هەوڵێکی ناکامە بۆ وەستاندنی بنیاتنانەوە، چونکە تیمە ئەندازیاری و هونەرییەکان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ چاککردنەوەی دەزگاكانی بەرهەمهێنان و پاڵاوگەکان".
وتیشی ئەم دەزگایانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە لەسەر دەستی چەکداراندا، بەتایبەتی لە شاری بەیجی، باکوری سەلاحەدین.
مالیکی وتی: "سی لە 87 بیری نەوت لە کێڵگەکانی سەلاحەدین، بەتایبەتی بیرە نەوتەکانی عەلاس و عەجیل، دوای ئەوەی تێکشکێنران لەلایەن ئەندامانی داعشەوە لەکاتی دەستبەسەراگرتنی پارێزگاکەدا بەرهەمهێنانیان وەستاند."
ئەندامانی گروپەکە ئاگریان بەردایە چەند بیرە نەوتێکی گەیارەش، کە دواتر پۆلیسی نەوت بە هاوکاریی فەیلەقی بەرگری شارستانی عێراق توانیان بیکوژێننەوە.
مالیکی وتی پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن دەریبخەن کە گروپەکە هێشتا دەتوانێت ببێتە هەڕەشە لەڕێگەی ئهو هێرشانهوه كه لهلایهن گروپی بچوکی توندڕەوانەوە ئهنجامدهدرێن، "بەڵام راستیەکەی تەوابوون و بەشێکن لە رابردوو".