وەزارەتی نەوتی عێراق سێشەممە (16 تشرینی یەکەم) رایگەیاند سەرکەوتوانە چەند کڵێگە و پاڵاوتگەیەکی نەوتی خستۆتەوەگەڕ کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش)ەوە زیانی پێگەیەنرابوو.
وتەبێژی وەزارەت، عاسم جیهاد بە دیارونای وت کۆمپانیاکانی وەزارەت بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی نەوت لەو شارانەدا كه زیانی داگیرکاریی داعشیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی ئەوانەی باکوری وڵات.
وتی: "پلانێکی هیوابەخشمان هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی هەموو ئەو دەزگا نەوتیانەی بەهۆی هێرشە تیرۆریستیەکانەوە لەکارکەوتوون بە توانای پێشوویانەوە، لەگەڵ گەشەپێدانیان."
وتیشی: "تەرکیزی کارەکانمان لەسەر نۆژەنکردنەوەی کێڵگە و پاڵاوگە نەوتیەکانە." ئاماژەشیکرد بەوەی وەزارەت سەرکەوتووبووە لە کاراکردنەوەی زۆر له دەزگاكان، بەتایبەتی پاڵاوگەکانی گەیارە، کیسك، حەدیسە و بێجی.
جیهاد وتی کار بەردەوامە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی پێکهاتە نەوتیەکان لەم پاڵاوگانەدا و ئاماژەیکرد بەوەی پێشتر لهم مانگەدا، کێڵگەی نەوتی عەجیل لە پارێزگای سەلاحەدین خرایەوەگهڕ.
وتیشی پاڵاوگهکە توانای بەرهەمهێنانی 6,800 بەرمیل نەوتی خاوی لە رۆژێكدا هەیە.
بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی عەجیل بەتەواوی وەستێنرا -- لەگەڵ بەرهەمهێنان لە چەندین پارێزگای دیکەی عێراق -- کاتێك داعش دەستیبەسەردا گرت لە ناوهڕاستی 2014 و ئەندامانی دەستیانکرد بە تاڵانی و وێرانکارییەکی بەرفراوان لە سێ بیرە سەرەکیەکەیدا.
کێڵگەی نەوتی عەجیل کەوتۆتەوەگەڕ
جیهاد وتی "ستافی هونەری لە کۆمپانیای نەوتی باکور، لەگەڵ کۆمپانیا پشتیوانەکان، دوو بیری نەوتیان لێداوە (لە عەجیل) کە دەستیانکردووە بە ناردنی نەوتی خاو لهڕێی بۆرییە نەوتیەکانهوه بۆ پاڵاوگەی بێجی" لە باکوری پارێزگای سەلاحەدین.
وتیشی بیری سێیەم کاری تێدادەکرێت و هیوا هەیە کە لە کۆتایی ساڵدا، کار بۆ تەواو نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی کێڵگەکە تەواودەبێت.
ههروهها وتی ئەمەش توانای بەرهەمهێنانی عەجیل زیاددەکات بۆ نزیکەی 17,000 بەرمیل لە رۆژێكدا.
وتیشی سیستمی جیاکردنەوەی ئهو گازهش كه لهكاتی بەرهەمهێنانی نهوت لە کێڵگەکەدا دێتهدهرهوه، چالاککراوەتەوە.
وتی: "یەکەکە نۆژەنکراوەتەوە و سەرکەوتووبووین لە بەرهەمهێنانی 100 ملیۆن پێ سێجای ستاندەر لە گاز لە رۆژێکدا و گواستنەوەی بۆ کۆمپانیای نیشتمانی گازی باکور و وێستگە کارەباییەکان."
جیهاد وتی گەڕاندنەوەی کێڵگەکە بۆ چالاکیەکانی "دەستکەوتێكی سەرەکییە".
وتی ئەمە دوای "هەوڵێكی سەخت و مەترسیدار" بەدەستهات، چونکە بنیاتنانەوەی لهسەرەتادا پێویستی بە پاککردنەوەی پاشماوەکانی شهڕ و مینی ئەندامانی داعش هەبوو کە لە تەواوی دەزگاکەدا چاندبوویانن.
ههروهها وتی: "کارەکەمان بەردەوامە بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی کێڵگە تێکشکێنراوەکان." وتیشی "پلانەکانمان بەرەو پێش دەچن".