بەهۆی بێپارەیی و لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەوه كه پێشتر لەژێر دەستیاندا بوو، ههروهها مهرگی سەرکردەکانیان خۆشاردنهوهی چەکداران، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و پێناچێت هەرگیز خۆی بگرێتەوە، پسپۆڕانی ئەمنی وتیان.
لەکاتێکدا پاشماوەکانی گروپەکە تووشی چەندین پاشەکشە بوون، بەڵام هەندێکیان هێرشی تاكوتهرای بچوك و هەڕەمەکی ئەنجامدەدەن.
پسپۆڕان ئاماژەیانکرد بەوەی ئەم جۆرانە لە هێرش روونیدەکەنەوە کە گروپەکە سەرچاوەی پێویستی نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەورەتر و ئاماژەیەکن بەوەی بەهۆی کورتهێنانی پارەوە خۆڕێکخستنەوە بە کارێکی سەخت دەبینن.
گۆڕان لە سروشت و ئاستی چالاکیەکانی داعشدا ئاشکرایە لەوکاتەوەی لە عێراق شکستی هێنا لە کۆتایی کانونی یەکەم 2017.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "شەڕی سەندنەوەی خاك لە داعش و ئۆپەراسیۆنەکانی دواتر بۆ دهستگیركردنی پاشماوەکانی گروپەکە، سەریانکێشا بۆ لەناوبردنی تواناکانی."
وتی: "گروپەکە چەندین زیانی بەرچاوی لێكهوتووه لەڕووی ئەندامان و پشتیوانیی لۆجستیەوە، جگە لە بەئامانجکردنی شانە نوستووهكانی و ئەندامانی، کە هێزەکانمان ئەنجامیدەدەن تا رێ لە خۆڕێکخستنەوەی گروپەکە بگرن."
داعش 'گەڕاوەتەوە چوارگۆشهی یهكهم'
خەفاجی وتی پاشماوەکانی داعش ناچارکراون شێوازی خۆیان بگۆڕن و ئێستا تەرکیز لەسەر هێرشی کەم تێچوو دەکەن، چونکە "پارەیان پێ نەماوە".
بەڵام ئاماژەیکرد بەوەی كه هەرچەندە گروپەکە زەبرێکی کوشندەی لێ وەشێنراوە، هێشتا دەکرێت زییانبگهیهنێت بە مەدەنیەکان و "هێزە ئەمنیەکان بەرپرسن لە رێگرتن لە هەر چالاکیەکی تیرۆریستی بێ رهچاوكردنی ئاستی کاریگەرییان".
وتی: "پاشماوەی ئەندامانی داعش لەئێستادا ئاشکرابوون و ناتوانن خۆیان لە هێزەکانمان رزگاربکەن. توانایهكی تهواوی شهڕ و توانای هەواڵگرییمان هەیە کە پێویستە بۆ راوەدونان و کوشتنیان."
وتیشی لەم چەند مانگەی دواییدا، گروپەکە چەند بۆمبێکی دەستکردی تەقاندۆتەوە، چەند کەمینێکی داناوە و هێرشیکردۆتە سەر بازگە ئەمنیەکان لە ناوچە دوورەدەستەکانی باکور و ناوەندی عێراق.
پسپۆڕی سەربازی، جەلیل خەڵەف شوەیل بە دیارونای وت پاشماوەکانی داعش تەرکیزیان خستۆتە سەر ئۆپەراسیۆنی پارتیزانی لەم شێوەیە.
وتی: "شکستی تیرۆریستان و تێکشکاندنی بەناو خەلافەتەکەیان گەڕاندونیەتەوە بۆ چوارگۆشهی یهكهم."
وتیشی: "ژمارەیان کەم و توانایان لاوازە. جوڵەیان سنووردارە و دەکرێت وەك 'تۆقیو' لهقهڵهمبدرێن."
شوەیل هۆشداریی دا لهوهی كه بەڵام پەنابردن بۆ تاکتیکی پارتیزانی لەلایەن گروپەکەوە "مانای وانییە هیوای گەورەی نییە" و ئاماژەیکرد بەوەی ئەم هەنگاوانە رێوشوێنی دۆخی کتوپڕن.
وتی: "بەمهۆیەوە، ناتوانین بڵێین هەمووشتێك تەواو. دەبێت هێشتا وای ببینین کە شەڕی داعش بەردەوامە تا بەردەوام فشاریان بخەینە سەر."
وریایی بەردەوام پێویستە
بەگوێرەی شیکاروانی ئەمنی، سەفا ئهعسهم، داعش "ناکرێت دووبارە چالاکیەکانی تاوپێبدات".
بە دیارونای وت هەوڵە بەردەوامەکان بۆ گردکردنەوەی چەکدارانی گروپەکە و لێدانیان "گونجاون بۆ نەهێشتنی سەرچاوەکانی گروپەکە و خێراکردنی لەناوچوونیان".
وتی هێرشە بچوکەکان ئاماژەن به "نەبوونی ئەو توانایەی کە داعش بانگەشەی بۆ دەکرد، گوایە تێکنەشکاوە" و ئاماژەیکرد بەوەی ئەوە زۆر ئەگەرێکی دەگمەنە گروپەکە بتوانێت هەڵسێتەوە و خۆی سازبکاتەوە.
وتیشی: "داعش تاڕادەیەك هەموو شتێکی لەدەستداوە، لەنێویاندا سەرکردە هەرە باڵاکانی کە پلانیان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان دادەنا و سازیان دەکردن، چەکدارە راهێنراو و خۆکوژەکانی، چەك و تۆڕەکانی پشتیوانی دارایی."
ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا، 4 شوبات، رایگەیاند كه رێکخراوێکی سەربەخۆی حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی داوە لەوەی داعش تواناکانی خۆی لە سوریا پاراستووە، سەرەڕای مەرگی سەرکردەکەی، ئەبوبەکر بەغدادی.
دوای ئەوەی داعش تەواوی خاکی ژێردەستی لەدەستدا لە مانگی ئازاری رابردوودا، گروپەکە خۆی شاردەوە و گەڕایەوە بۆ تاکتیکە پارتیزانیە باش سازکراوەکانی کە بەردەوامن لە زیانگەیاندن.
لێکۆڵەری گشتی، بە ئاماژەکردن بە زانیارییهكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، وتی داعش "هێشتا یەکگرتووە، فەرماندەیی و پەیکەربەندییەکی بێ کێشەی هەیە، تۆڕی نهێنی له ناو شارەکاندا هەیە و ئامادەیی چەکداریی لە چەندین ناوچەی گوندنشینی سوریا هەیە".