پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چەند سەد كهسێكیان لە عێراقدا ماون لەکاتێکدا گروپەکە دەناڵێنێت بەدەست کەمبوونەوەی ژمارەی چەکداران و سەرچاوەکانیەوە، بەرپرسێکی عێراق دووشەممە (15 حوزەیران) وتی.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت ئەو راپۆرتانەی ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق بە نزیکەی 10,000 دادەنێن "زۆری پێوەنراوە".
وتی: "ئەمە مانای وانییە تیرۆریست، شانەی نوستوو یان پەناگەی مەترسیدار نەماوە... پاشماوەکانی داعش ماون، بەڵام تەنیا چەند سەد کەسێکن، لە باشترین دۆخدا."
وتیشی: "گروپەکە چیتر ناتوانێت ریزەکانی پڕبکاتەوە و زیاتر پشت بە چەکدارە کۆنەکانی دەبەستێت کە لەگەڵ هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بە ژمارە کەمدەکەن."
![هێزە تایبەتەکانی عێراق لە 4 حوزەیران لانیکەم 19 چەکداری داعشیان کوشت لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە چیاکانی مەخمور، خۆرهەڵاتی موسڵ. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەم تیرۆریزمی عێراق]](/cnmi_di/images/2020/06/15/24556-Iraq-Makhmour-security-600_384.jpg)
هێزە تایبەتەکانی عێراق لە 4 حوزەیران لانیکەم 19 چەکداری داعشیان کوشت لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە چیاکانی مەخمور، خۆرهەڵاتی موسڵ. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەم تیرۆریزمی عێراق]
هێزەکانی عێراق بەمدواییانە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان برەوی سەندووە و لانیکەم 12 هێرشیان بۆسەر پێگەکانی داعش ئەنجامداوە لە کۆتایی دووەم قۆناغی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق - سەرکەوتنی سەروەری"، کە لەنێوان 2-4 حوزەیران ئەنجامدرا.
ئۆپەراسیۆنەکان زۆر ناوچەیان کردە ئامانج، لەنێویاندا چیاکانی عەیازیە و مەخمور لە پارێزگای نەینەوا، دوورگەی تکریت، بیابانی قائیم و جورف سەخر.
دەیان حەشارگەی داعش تێکشکێنران و ژمارەیەکی زۆر چەکدار کوژران.
تواناکانی داعش 'لاواز دەبن'
خەفاجی وتی ئەم ئۆپەراسیۆنە کوالیتیانە کە پشت بە "کۆکردنەوە و شیکاریی زانیاری هەواڵگریی ئەمنی دەبەستن" و بەکاریدەهێنن بۆ چەندین هێرشی خێرا بۆسەر دوژمن، بە هێرشە ئاسمانیەکان پشتیوانییان دەکرێت.
وتی: "بەهۆی ئۆپەراسیۆنە چڕوپڕەکانەوە، توانای تیرۆریستان بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبووە و کەمیکردووە و ناتوانن بەرامبەر هێزەکانمان بوەستن."
وتیشی: "لە دوایین ئۆپەراسیۆنەکانماندا، یەکێك لە گرنگترین هێڵەکانی پشتیوانیمان پچڕاند کە لە باکوری پارێزگای دیالەوە درێژدەبووهوە، بەنێو باشوری کەرکوکدا و بەرەو باکوری سەلاحەدین، تا بیابانی بەعاج و سنووری سوریا."
خەفاجی وتی "هەموو تۆڕەکانی تونێل و بنکە نهێنیەکانمان تێکشکاندن." وتیشی چالاکیە ئاسمانیە چاودێرییەکان و هێزە زەمینیەکان شهنوكهوی ناوچەکە دەکەن و بەدووی هەر چەکدارێك دەکەون.
وتی شوانەکان لەنزیکەوە چاودێری دەکرێن "لەبەرئەوەی ئەندامانی داعش بەکاریاندەهێنن بۆ خۆشاردنەوە تا بەر بە گومانلێكردنیان بگرن".