هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراق رێگریده‌كات لە هەوڵەکانی داعش بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە

خالید تائی

بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وانە دەڵێتەوە بە قوتابیانی دواناوەندیی ئەنسار لە بەغدا لەسەر مەترسی دەنگۆ و قسه‌وباس، وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەویت کە لە 27 کانونی دووەم بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: بەشی قه‌ڵاچۆكردنی دەنگۆكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق وانە دەڵێتەوە بە قوتابیانی دواناوەندیی ئەنسار لە بەغدا لەسەر مەترسی دەنگۆ و قسه‌وباس، وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەویت کە لە 27 کانونی دووەم بڵاوکراوەتەوە. [خاوەنی وێنە: بەشی قه‌ڵاچۆكردنی دەنگۆكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێکاری تووند دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی تووندڕەو و کاریگەریدانان لەسەر کۆمەڵگە.

وەزارەتەکە لە 29 کانونی دووەم رایگەیاند كه‌ سەدان ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە ئه‌لیكترۆنییه‌كانی داخستووە، کە زۆربەیان هی ئەندامانی داعش بوون و دەنگۆیان بڵاوکردۆتەوە و مەترسی بوون بۆسەر ئاشتی.

لەهەمانکاتدا، وەزارەتەکە کاردەکات لەسەر هەڵمەتێكی تۆکمەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هاونیشتمانیان لەسەر مەترسییەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە.

دەنگۆ بەده‌كان لابران

بەڕێوبەری بەشی قه‌ڵاچۆكردنی دەنگۆكان لە وەزارەتی ناوخۆ، عەقید زیاد موحاریب قەیسی وتی وەزارەتەکە دەمێکە کاردەکات بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە دەنگۆ مەترسیداره‌كان، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن تیرۆریستەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.

دوو کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە 26 کانونی دووەم پۆستەرێك هەڵدەواسن کە ئامۆژگاری دەکات لە دژی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و قسه‌وباسه‌كان . [خاوەنی وێنە بەشی قه‌ڵاچۆكردنی دەنگۆكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

دوو کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە 26 کانونی دووەم پۆستەرێك هەڵدەواسن کە ئامۆژگاری دەکات لە دژی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و قسه‌وباسه‌كان . [خاوەنی وێنە بەشی قه‌ڵاچۆكردنی دەنگۆكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق]

بە دیارونای وت هەوڵەکانی وەزارەتەکە زۆرتر سەرنجیان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەیە کە به‌شێوه‌ی ئەلیکترۆنی له‌ کەناڵەکانی راگه‌یاندنه‌وه‌ یان بە زارەکی بڵاودەکرێنەوە.

وتی: "کارەکانمان سەرنجیان لەسەر لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی سەرچاوەی دەنگۆکانە بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، وەك دەزگاکانی هەواڵگری و ئەمنی نیشتمانی، بۆ دانانی رێکاری دەسوەردانی پێویست بۆ راوەستاندنی بڵاوبوونەوەیان."

قەیسی وتی: "بە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان لە ساڵی رابردوودا، وەزارەتەکەی ئێمە لانیکەم 900 پەیجی ئینتەرنێت و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داخستووە کە ناوی ساختەیان بەکاردەهێنا و سەرچاوەی دەنگۆی بەد بوون."

وتی زۆربەی ئەو پەیج و ئەکاونتانە هی داعش و "دوژمنانی دیکە بوون کە نایانەوێت وڵات ئارام بێت و پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت".

وتیشی: "دەنگۆکان جیاوازن بەگوێره‌یی مەبەستەکانیان. هەندێکیان ئامانجیان بڵاوکردنەوەی ترس و بێهودەیی و دابەزاندنی ورەیە. تیرۆریستەکان پێیان خۆشە ئەوانە بڵاوبکەنەوە لەڕێی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە کە کاریگەرترین کەناڵە بۆ گەیشتن بە زۆرترین کەس."

هه‌روه‌ها وتی نمونەی ئەو دەنگۆیانه‌ بریتین لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە کە دەڵێن بەندکراوانی داعش هەڵدێن، شارۆچکەکان دەکەونە دەستی داعش و پێکدادان لەگەڵ چەکداران هەیە و هێزە ئەمنیەکان قوربانیی زۆریان هەبووە.

قەیسی وتی دەنگۆش هه‌ن مه‌به‌ستیان "هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ئاشتی و نانه‌وه‌ی پشێوی لە وڵاتدا و تێكشكاندنی ئابوری نیشتمانی و دروستكردنی کەشێك كه‌ لەبارنەبێت بۆ وەبەرهێنانی بیانی".

بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری

هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئەم هەوڵه‌، وەزارەتەکە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەناو هاوڵاتیاندا.

قەیسی وتی: "بەرنامەیەکی چەند بابەتیمان هەیە بۆ پەروەردەکردنی خەڵك لەسەر مەترسییەکانی دەنگۆ و داواکردن لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە تا چالاکانە بەرنگاری ببنەوە."

وەزارەتەکە "بەشداریکردووە لە دروستکردنی چەند بەرنامەیەکی تایبەتی به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری لەسەر ئاستی هەموو وەزارەتەکان، جگە لە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ راهێنانی 300 مامۆستا و فێرکار لە بەغدا بۆ بەرزکردنەەی ئاستی هۆشیاری قوتابیانی خوێندنگاکان".

وتی: "بەرنامەیەکی خوێندن هەیە کە بە یارمەتی سەندیکای مامۆستایان دانراوه‌ و کاریگەرییە خراپەکانی دەنگۆ رووندەکاتەوە لەگەڵ رۆڵیان لە تێکدانی کۆمەڵگاکاندا، ئەمە جگە لە بڵاوکردنه‌وه‌ی پۆستەر و رێکلامەکان لە شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکاندا بۆ هۆشداریدان دژ بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ."

جێگری سەرۆکی ناوه‌ندی رافیدەین بۆ دیالۆگ، تالیب محەمەد کەریم وتی داعش "زۆر پشتی بەستووە بە دروستکردنی دەنگۆ بۆ به‌دەستهێنانی ئەو دەستکەوتانەی خزمەت بە بەرژەوەندییە تێكده‌ره‌كانی دەکات".

بە دیارونای وت گروپەکە "دەنگۆ لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکاتەوە، بەتایبەتی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆئەوەی لەڕووی دەروونییەوە زۆرترین کاریگەری بکاتە سەر ئەندامانی کۆمەڵگە".

وتی: "تیرۆریستان هەوڵدەدەن پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێت بەکاربهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی بیرە تووندڕەوەکەیان تا بتوانن بگەڕێنەوە."

بەڵام داعش ئەو توانایەی لەدەستداوە.

کەریم وتی: "لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دەمەزراوە ئەمنییەکانی عێراق و زۆربوونی شارەزاییان لە دۆزینەوە و کردنە ئامانجی تۆڕ و شانە تیرۆریستییەکان، داعش ئێستا توانای سنوورداره‌ بۆ قۆستنەوەی ئەو کەناڵانه‌. زۆربەی ئەو ئەکاونتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆ و بابەتەکانی ناساندنی گروپەکەیان بڵاودەکردوە داخران."

داوایکرد "دەزگا کۆمەڵایەتییەکان پتەوبکرێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەناو خێزانه‌كاندا لەسەر گرنگی رەتکردنەوەی رێچکەی تووندڕەوی و خۆبه‌دوورگرتن لە بڕواکردن بە درۆکان و دەنگۆ و بۆچوونە گومڕاكه‌ره‌كان".

داخستنی دەرگا به‌ڕووی داعشدا

شارەزایه‌كی بواری ئەمنی له‌ عێراق، محەمەد رەزاق روبەیعی وتی ئەو هەوڵانە بۆ نەهێشتنی دەنگۆکان "رێکاری پێویستن بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە مەترسی و مەترسیدارترینیان هەوڵەکانی داعشە بۆ بەردەوام زیانگەیاندن بە کۆمەڵگە".

ئاماژه‌ی كرد بۆ گرنگیی "داخستنی دەرگا بەڕووی تیرۆریستەکاندا و تێكشكاندنی هەموو ئامێرەکانی راگەیاندنیان".

بە دیارونای وت داخستنی ئەو پەیجانەی دەنگۆ و هەواڵی ساختە و ئایدۆلۆژیای داعش بڵاودەکەنەوە "گرنگییان کەمتر نییە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئێستا چەکدارە تیرۆریستەکان راوەدوودەنێن و لەناویاندەبەن".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500