بەهۆی بەرزبوونەوەی هێرشەکانی ئەمدواییەوە لە سهرانسهری عێراقدا، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەوڵدەدات دەنگۆ و پروپاگەندە بڵاوبکاتەوە تا سەر لە خەڵكی عێراق بشێوێنێت.
بەڵام دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق دەستبەجێ درۆکانی داعش پوچەڵدەکاتەوە و عێراقیەکان دەڵێن بەوە ناخەڵەتێن.
داعش لە سەرەتای ئایارەوە هێرشەکانی زیادکردووه، بازگە ئەمنیەکانی لە شارۆچکە دوورەدەستەکانی پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین کردۆته ئامانج لەگەڵ بیابانەکانی ئەنبار و نەینەوا.
بەرپرسی هێزی خێڵەکی فوراتی باڵا لە خۆرئاوای ئەنبار، عەقید موسا سەنەد کەربولی بە دیارونای وت هاوکات، ژمارەیەك ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەرکەوتوون كه زانیاری هەڵە بڵاودەکەنەوە لە هەوڵێکدا بۆ سەرلێشێواندن و بێورەکردنی خەڵك.
وتی لەنێو ئەو پروپاگەندانەدا كه بڵاودەکرێنەوە لەسەر ئینتەرنێت ئەو چیرۆکانەن کە دەڵێن هەزاران ئەندامی داعش دزهدهكهنه نێو وڵاتەکە لە سوریاوە و لە بیابانی خۆرئاوای ئەنباردا جێگیردهبن، بەتایبەتی لە دەشتی حوران و قەزف و حوسەینیات.
کەربولی وتی ئەم زانیاریە "بێ بنەمایە" و هیچ نییە جگە لە "هەوڵێك بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو مەدەنیەکاندا و فشاری دەروونی بۆ سەریان و بۆ سەر هێزە ئەمنیەکان".
وتی: "سنووری سوریا زۆر درێژە و هەرچەندە کامێرای وزەبین و پەرژین و بازگەی چاودێری لێ جێگیرکراوە، هێشتا هەندێك رووداو دەبینیت کە تێیاندا تیرۆریستان جارناجار دزەدەکەن، بەڵام ئەمە سنووردارە و تەنیا کاتێك روودەدات کە کەشوهەوا خراپ بێت."
وتی هێزە ئەمنیەکانی عێراق "ناهێڵن ئەم دزەکارانە له ئهمنییهتدا بمێننەوە و حەشارگەی پارێزراو بۆخۆیان دروستبکەن، لەبەرئەوەی ئەشکەوت و دۆڵەکان لە قوڵایی ناوچەکانی بیاباندا بە وردی دەپشکنرێن".
کەربولی وتی لەئێستادا تیرۆریستان زۆر لاوازترن لەوکاتەی هەڵمەته تووندوتیژهكانیان له گهرمهیدا بوو لە 2014 و ناتوانن لەڕێگەی پروپاگەندە و جەنگی دەروونییەوە خۆیان بەهێزبکەن و ورە بەدەستبهێننەوە بۆ دوایین ئۆپەراسیۆنەکانیان.
داعش هەواڵی ساختە بڵاودەکاتەوە
دەزگای دژە تیرۆریزم لەسەر ئهكاونتی خۆی له تویتهر لە 15 ئایار رایگەیاند كه زیاد لە 6,000 تۆڕی کۆمەڵایەتی سەر بە ماشێنی پروپاگەندەی داعش لەسەر تویتەر وەستێنراون لەنێوان 1 ئازار و 30 نیساندا.
دەزگای دژە تیرۆریزم ئاماژەیکرد بە چەندین دۆخ کە تێیدا داعش هەواڵی ساختە و دەنگۆ بڵاودەکاتەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
بۆنمونە، باڵی پروپاگەندەی داعش سكرینشۆتی ڤیدیۆیەكی بڵاوكردهوه كه تێیدا کوشتنی جوتیارێك نیشاندەدات لە ئەنبار و دەڵێت هاوکاریی هێزە ئەمنیەکانی کردووە.
داعش وێنهكهی پۆستكردووه وهك ئهوهی ئهمساڵ روویدابێت. بهڵام دەزگای دژە تیرۆریزم لە تویتێکدا لە 17 ئایار رایگەیاند كه راستییهكه ئەوەیە داعش وێنەیەکی 2018ی بەکارهێناوە.
گروپەکە هەمان تاکتیکی بەکارهێنا لە شوێنێکی دیکە و وێنەی مەدەنیەکی بێتاوانی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبارکرابوو بەوەی ئەندامێکی هێزەکانی پێشمەرگەیە و لە 2020 گیراوە و کوژراوە. دووبارە، دەزگای دژە تیرۆریزم رایگەیاند كه راستیەکەی ئەوەیە ئەو قوربانیە لە وێنەیەکی دیکەدا دەردەکەوێت کە گروپەکە لە 2018 بڵاویکردۆتەوە.
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆریزم، سەباح نوعمان وتی: "بڵاوکردنەوەی دووبارەی ئەم رووداوانە لە بڵاوکراوەکانی ئەمدواییانەدا بەشێكە لە هەوڵە تیرۆریستیەکان بۆ سەرلێشێواندنی جەماوەر... و فشاری دەروونی بۆ سەریان."
وتی داعش ڤیدیۆی کۆن و وێنە و هەواڵی کۆن و بڵاوکراوەی ساخته پۆستدهكات تا کاریگەرییەکی زیاتر ببەخشێتە ئۆپەراسیۆنیەکانی ئەمدواییەی وهك لە کاریگەریی راستەقینەیان، "لەکاتێکدا راستیەکەی چەند ئۆپەراسیۆنێکی ترسنۆکانەن کە لە شوێنە دوورەدەستەکان روویانداوە و لە رووماڵی ئەمنییەوە دووربوون".
وتیشی: "داعش ناتوانیت هیچ دەستکەوتێك بەدەستبهێنێت، چونکە هێزەکانمان لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشڕەویی باشیان بەدەستهێناوە و داتابەیسێکی گەورەیان لەسەر تیرۆریستان و چالاکیەکانیان دروستکردووە و خەڵك چیتر باوەڕ بە پروپاگەندە ساختەکانیان ناکەن."
داعش ناتوانێت كات بگەڕێنێتەوە دواوە
سەرچاوە ئەمنیەکان وتیان پروپاگەندە تیرۆریستیەکانی دیکە بریتین لهو دەنگۆیانهی گوایه داعش ئامادەکاری دەکات بۆ هەماهەنگیکردنی چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ گرتنی ناوچەی نوێ.
لهنێو ئهو دەنگۆیانهدا كه بڵاوکراونەتەوە ئهوهیه كه گوایا ئەندامانی داعش هەوڵی چەکداماڵینی خێڵە عێراقیەکان دهدهن لە ئەنبار بەوەی بیانکڕنەوە بە بڕێکی زۆر پارە، کە لەلایەن سەرچاوەکانی بەرپرسانی خێڵەکیەوە نکۆڵییان لێکراوە.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "ئەم هەواڵە ساختەیە و هیچ ئاماژهیهكمان لانییە بەوەی ئەو رووداوانە روویاندابێت."
وتی: "ئەو گروپە تیرۆریستیە لە دۆخێکی دارایی خراپدایە بەهۆی لەدەستچوونی سەرچاوە داراییەکانی و لەدەستدانی تواناکانی، هەربۆیە ناتوانن چەك بکڕن و پشتیوانان بە پارە رابکێشن."
خەفاجی وتی: "باندەکانی داعش بنکەی پشتیوانی جەماوەرییان لەدەستداوە لەو شارانەی لە تیرۆریستان رزگارکراون لەوکاتەوەی خێڵ و دانیشتوانی ئەم ناوچانە زۆر زیانیان کرد بەهۆی غهدرلێكردن و تاوانەکانی ئەم گروپەوه لەگەڵ پێشێلکارییە تۆقێنەرەکان و ئاوارەكردنی بەزۆر و وێرانكردنی گەڕەکەکانیان."
رەعد فەهداوی، دانیشتوویهكی 43 ساڵی رەمادی، وتی داعش "هێشتا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنێت بۆ برەودان بە درۆکانی و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ خراپەکارەکانی".
بە دیارونای وت: "خەڵك هۆشیارترن و دەتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان راستی و دۆردا و چیتر ناخەڵەتێن بەو جۆرە شتانە."
محەمەد خەلیل، 39 ساڵ، کە لە گەڕەکی زوهوری موسڵ دەژی، وتی: "داعش خۆی لەسەر فێڵ و درۆ بنیاتناوە... و کاتی خۆی سەرکەوتوو بوون لە خۆ گەورەکردن بە تۆقاندنی خەڵکی ناوچەکە، بەڵام ئەمجارە کاریگەر نابێت."
زیاد عومەر، 32 ساڵ، کە دانیشتوویەکی دیکەی موسڵە، وتی: "داعش ناتوانێت كات بگەڕێنێتەوە ئەمجارە."
بە دیارونای وت: "خەڵك سەرکۆنەی کردوون و ئایدۆلۆژیاکەیان رەتدەکەنەوە. ناخەڵەتێین بە هەواڵەکانیان و سوورین لەسەر پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنیەکانیانمان لە ئەرکەکانیاندا بۆ تێکشكاندنیان."