حکومەتی خۆجێی ئەنبار هەڵمەتێك سازدەکات بۆ زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی ئایدۆلۆژیای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
هەڵمەتەکە کە سەرەتای شوبات بە هاریکاری لەگەڵ بەڕێوبەرێتیەكانی پەروەردە و سەرکردە خێڵەکییەکاندا دەستیپێکرد، داوا لە دانیشتوانی پارێزگاکە دەکات ئایدۆلۆژیای تووندڕەو رەتبکەنەوە و یارمەتی هێزەکانی عێراق بدەن ئاسایش لە ناوچە رزگارکراوەکان رابگرن.
بەرپرسێك لە نوسینگەی پارێزگاری ئەنبار، عومەر زیابی بە دیارونای وت ئەم هەڵمەتە یەك مانگییە لە قۆناغی یەکەمیدا رەمادی، فەلوجە، قائیم، روتبە، هیت و حەدیسە دەگرێتەوە.
وتی لە کەمپەکانی عامریە و حەبانیەش بەردەوامدەبێت.
وتی: "لەئێستادا شەڕەکە لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژی بەردەوامدەبێت دژی تووندڕەوی و تاوانكاری. هەمووان بەرپرسن لە شەڕکردن دژی تیرۆریزم لە هەموو شێوازێکیدا لەڕێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پێشکەشکردنی رێنمایی بۆ لاوان و خوێندکاران."
وتی ئەمە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە لە کەمپەکانی ئاوارەکاندان و ئاماژەیکرد بەوەی داعش بۆ راکێشانی ئهندامان، ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگەی دەکردە ئامانج کە لەڕووی داراییەوە لاواز بوون.
زیابی وتی گروپەکە مێژوویەکیشی هەیە لە قۆستنەوەی دەقە ئایینیەکان تا بەکاریانبهێنێت وەك رێگەیەك بۆ راکێشانی لاوان بۆ شەڕکردن لە ریزەکانیدا.
وتی: "بە هاریکاری وەقفی سوننە، سەرکردە خێڵەکیەکان، پیاوانی ئایینی و پرۆفیسۆرەکانی زانکۆی ئەنبار، چەندین کۆڕ و کۆنفرانس و کۆبوونەوە دەکەین بۆ روونکردنەوەی راستییەکان دەربارەی تیرۆریزم."
وتیشی ئامانجی ئەم بۆنانە ئەوەیە بۆ ههموو بەشداربووان روونبکرێتەوە کە داعش هەوڵیدا ئەنبار وێرانبكات "بە بڵاوکردنەوەی رق و تائیفیەت".
مزگەوتەکان قهڵاچۆی ئایدۆلۆژیای داعش دهكهن
شێخ حەمودی نوری لە بەڕێوبەرێتی وەقفی سوننەی رەمادی وتی مزگەوتەکانی ئەنبار رۆڵێکی گرنگیش دەبینن لە رووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەوی.
بە دیارونای وت ئەندامانی داعش مینبەری مزگەوتەکانیان بەکاردەهێنا بۆ بانگەشەکردن بۆ ئایدۆلۆژیای تووندڕەوی گروپەکە و ئاماژەیکرد بەوەی "ئەمیرەکانی داعش کە دەستیانگرت بەسەر مزگەوت و شوێنەکانی پەرستشدا، وتار و فەتوای تەکفیرییان بڵاودەکردەوە".
وتی: "لەمڕۆدا مزگەوتەکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەڕێی وتارەکانی هەینی و بازنەکانی نوێژکردنەوە لەکاتێکدا هەوڵدەدەین مەترسییەکانی ئایدۆلۆژیای تووندڕەوی و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆ مەدەنیەکان روونبکەینەوە."
عەبدوڵا میزعەل کە لە زانکۆی ئەنبار وانە دەڵێتەوە، وتی: "ئەنبار تووشی ئاستێکی بەرز بوو لە وێرانکاری و ئاوارەیی خەڵکەکەی لە ماوهی زیاتر له سێ ساڵدا، کە بووە هۆی مەینەتییهكی بێکۆتا."
بە دیارونای وت ئەمە بەهۆی بڵاوکردنەوەی "ئەو بیرۆکانەوهیە کە نامۆن بە ئایین و ئیسلام و مرۆڤایەتی" و ئاماژەیکرد بەوەش كه داعش "باوەڕی بەوە هەبوو باوکت، دایکت و براکەت بکوژیت گەر ئایدۆلۆژیاکەیان رەتبکردایەتەوە و دژی ئەو فەتوایانە بوونایە کە دەریدەکردن".
وتی ههندێك لهو فەرمانانه بریتیبوون له "قەدەغەکردنی خواردنەوەی ئاوی سارد و خواردنی ترشیات" و ئاماژەیکرد بەوەی گروپەکە تەنانەت "فەتوایەکیان دەرکرد دژی خواردنی خەیار و تەماتە پێکەوە".
پرسیاری کرد: "ئەمانە چ جۆرە بیروباوەڕێکن؟"
وتی سەرەڕای بڵاوکردنەوەی فەتوای ساختە، داعش لەو ناوچانەی ئەنبار کە لەژێر دەستیدا بوون بهرنامه و بیناکانی خوێندنی لەناوبرد و هۆشداریدا لەوەی "دەبێت وریابین نەگەڕێینەوە چوارگۆشهی یهكهم".
پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری
سەنا عەباس لە بەشی ژنان و کۆمەڵگە له بەڕێوبەرێتی پهروهردهی رهمادی، وتی: "ژنان دهتوانن رۆڵێكی گرنگ ببینن لە هەموو ناوچەکان و راستیەکەی رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە قۆناغی ئێستادا بۆ پشتیوانیكردنی سەقامگیری."
بە دیارونای وت: "تەرکیزمان کردە سەر سەردانکردنی کەمپەکانی ئاوارەکان لە عامریە و حەبانیە کە تێیاندا جۆرێك لە بیرکردنەوە هێشتا بەربڵاوە لە مێشکی منداڵەکاندا، وەك ئەوەی کە داعش دەسەڵاتی دەوڵەتی هەیە."
وتی هەڵمەتی هۆشیارییەکە دڵنیایی دەدات لەوەی دانیشتوانی کەمپەکە بەتەواوی هۆشیارن "لە راستی تیرۆریزم و ئامانجە راستەقینەکانی".
عەباس وتی: "پشووی نیوەی ساڵ ماوەیەکی گرنگ بوو بۆ هەڵمەتی هۆشیارییەکە، چونکە ستافی خوێندن کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ دایکوباوکی منداڵاندا کرد لەوکاتەدا و راوێژی ئەوە کرا چۆن خوێندکاران کاتەکانیان بەسەر ببەن."
شاکر ئەیوب راوی لە سەندیکای پارێزگاران لە ئەنبار وتی: "بەشداریکردنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە، لەنێویاندا زانایان، مامۆستایان، نوسەران، سەرکردە خێڵەکی و بیریارەکان، گرنگیی بە هەڵمەتەکە بەخشیوە."
بە دیارونای وت: "ئهمنییهت بەرپرسیارێتی هەمووانە و خەڵکی ئەنباریش دەبێت ماڵەکانیان و گەڕەکانیان و شارەکانیان بپارێزن لەدژی گومڕاكاریی داعش لەکاتێکدا هەوڵی قۆستنەوەی خەڵكێکی هۆش سادە و منداڵان دەدات."
وتیشی: "هێزە ئەمنیەکان ئەرکێکی فراوان و گرنگیان هەیە، بەڵام ئەوە گرنگە کە زانیارییان پێبگەیەنرێت گەر کەسێك هەوڵیدا دەنگۆ بڵاوبکاتەوە، یاخود تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی تائیفیەت و تووندوتیژی."
راوی وتی: "لێرهدایه كه هەڵمەتەکە رۆڵی خۆی دەبینێت."