بەرپرسان دەڵێن هێزە عێراقییەکان ستراتیژهكانیان نوێکردۆتەوە بۆئەوەی بگونجێت لەگەڵ سروشتی نوێی مەترسییەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
شارەزای بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی بە دیارونای وت دوای ئەوەی ناوچەکانی لەدەستدا لە عێراق، داعش گەڕاوەتەوە بۆ بەکارهێنانی تاکتیکی شەڕی پارتیزانی کە پێشتر پشتی پێ دهبهستن بەرلەوەی دەسەڵات بهدهستبهێنێت.
شەریفی بە دیارونای وت ئەوەش بریتییە لە هێرشی لێدە و هەڵبێ -- کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کەمی چەکدارەوە ئەنجامدەدرێت و پشتبەستووە بە خێرایی و خافڵگیركردن -- كه دوای هێرشەکە ئەنجامدەرەکان بەپەلە دەکشێنەوە.
وتی ئەم جۆرە هێرشانە "گوندەکان دەکەنە ئامانج لەگەڵ بازگە ئەمنییەکان یان دەزگا گرنگەکان و رێگا گرنگەکانی هاتوچۆ لەبەرئەوەی ئاسانە لێی هەڵبێن". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ئەنجامدەران دواتر هەڵدێن بۆ بیابان و دۆڵ و ناوچە بهرزهكان.
![ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق پشکنین بۆ بەڵگەنامە و ناسنامە دەکات لە بازگەیەك لە پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]](/cnmi_di/images/2018/11/02/15178-Iraq-security-checkpoint-600_384.jpg)
ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق پشکنین بۆ بەڵگەنامە و ناسنامە دەکات لە بازگەیەك لە پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]
وتی داعش سەرنجیشی لەسەر هێرشکردنە بۆ سەر ئامانجەکان لەو شارانهی فرە نەتەوەن.
وتی بەڵام "هێزە ئەمنییەکان بەتەواوی ئاگادارن لە هەر گۆڕانکارییەك کە روودەدات لە تاکتیکی گروپەکەدا" و بەگوێرهی ئەوە پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەیان نوێدەکەنەوە.
وتی هێزەکانی عێراق ئامانجیانە هەوڵە هەواڵگرییەکان دووقات زیادبکەن بۆئەوەی بەربگرن بە هێرشەکانی داعش و بۆ ئەوەش ئامێرەکانی چاودێری ئەلکترۆنی نوێدەکەنەوە لەگەڵ سیستمی چاودێری ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
وتیشی: "داعش لە رەوشێکی زۆر لاوازدایە لە ئەنجامی ئهو ئۆپەراسیۆنە سەربازیانهی لە دژی ئەنجامدهدرێن. بەڵام بەو مانایە نیە کە مەترسییان نەمابێت."
هێزەکانی عێراق ههردهم وریان
ئەندامی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بینیان جەربا وتی: "ئەنجامدانی تەقینەوە لە بازاڕەکان تاکتیکێکی کۆنە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كهلە 23 تشرینی یەکەمدا ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی داعشلە بازاڕی شارۆچکەی گەیارە تەقیەوە و شەش کەسی کوشت.
وتیشی: "هێزەکانمان ئاگادارن لە هەموو ئهو تاکتیكانهی تیرۆریستان بەکاریاندەهێنن و ئەگەر دوژمن یەکجار سەرکەوتووبێت لە پێشێلکردنی ئەمنییەتدا ئەوە چەندین جار شکستی هێناوە لهوهی بگات بە ئامانجەکانی، سوپاس بۆ وریایی ئەو هێزانە."
جەربا وتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگرتن بە هێرشەکان بوونەتە هۆی گرتنی چەندین شانەی داعش و لەناوبردنی سەرچاوەکانی گروپەکە و حەشەرگەکانی.
وتیشی هێزە ئەمنییەکان بەمدوایانە هێرشێکی گەورەی داعشیان بەرپەچدایەوە لە پارێزگای نەینەوا کە بریتیبوو لە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بە 100 کیلۆ تەقەمەنی سیفۆر (C-4).
جەربا لە هەمانکاتدا جەختیکردەوە لەوەی پێویستە ژمارەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان زیادبکرێت لە نەینەوا و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ئەو هێزەی ئیستا هەیە چارەکێکی ئەوەیە کە پێویستە.
وتی: "دەرگای دامەزراندن پێویستە بکرێتەوە و ئەوانەش كه له خزمهت دەرکراون بهو هۆکارانهی پهیوهدنییان به باری ئەمنییەوە نهبووه، دابمهزرێنرێنهوه."
داعش 'قەبارەی کەمدەکاتەوە' دوای شکستەکان
مامۆستای زانسته سیاسییهكان، خالید عەبدوڵا بە دیارونای وت: "هێزە ئەمنییەکان ئێستا باشن و ئەزموونی زۆریان هەیە" بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشەکانی داعش.
وتی چەندین پلانی ئەمنیی جۆراوجۆریشیان هەیە، لەگەڵ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، توانای سەربازیشیان لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و بەردەوام لە گەشەپێکردنیدان، ئەمەش بۆئەوەی بتوانن باش رووبەڕووی مەترسی توندڕەوەکان ببنەوە.
عەبدوڵا وتی گەڕانەوەی داعش بۆ بەکارهێنانی هێرشی لێدە و هەڵبێ و هێرشی تاکەکەسی "نیشانەیەکی روونی لاوازبوونێتی لەگەڵ هەوڵدانی بۆئەوەی بە هەر نرخیك بووە هێرش ئەنجامبدات."
وتیشی ئەو هێرشانە دەکرێت وەك هەوڵێکی تەنگەتاو سەیریبکرێن بۆئەوەی لەو رێگایەوە ورەی چەکدارانی گروپەکە بەرزبکاتەوە.
عەبدوڵا وتی بەڵگەیەکی دیکەی رووخانی گروپەکە "تەشریقە" (کەمکردنەوەی قەبارە) کە داعش بەکاریهێنا بۆ رێکخستنەوەی پەیکەری خۆی دوای شکستەکانی و زیاتر لە 9 دیوانی هەڵوەشاندەوە و تەنیا سیانی هێشتەوە.