دەیان خێزان ئازادکران لە کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی سوریا دوای میانگیری و دڵنیاییدان، چالاکوانێكی ناوچەکە وتی.
هاوکات هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە گەڕانیان بەدوای ژنێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا کە تۆمەتبارە بە چەقۆدان لە ژمارەیەك ژنی نێو کەمپەکە.
میانگیری لەلایەن خێڵە گوندنشینەکانی دێرەزوورەوە بووە هۆی ئازادکردنی 108 خێزان -- كۆی زیاد لە 400 کەس -- لەنێو ئەو کەمپە جهنجاڵ و بەرفراوانەدا کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیانی لێ دەستبەسەرن، لەگەڵ زۆرێکی دیکە.
چالاکوانی بواری رۆژنامەوانی و کۆمەڵایەتی عەمار ساڵح بە دیارونای وت زۆرینەی ئەوانەی ئازادکران ژن و منداڵ بوون.
وتی هەوڵەکانی میانگیری سەرکەوتووبوون دوای ئەوەی سەرۆك خێڵەکان گهرەنتییان دا بەوەی دەستبەسەرکراوان کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە ناگەڕێنەوە بۆ سەر ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەیان و کۆمەکی پاشماوە پەرش و بڵاوەکانی گروپەکە لە ناوچەکە ناکەن.
ساڵح وتی سەرۆك خێڵەکان قایلبوون بەوەی هەواڵبدەن لە هەر هەوڵێکی پەیوەندی لەنێوان دەستبەسەرکراوانی پێشوودا لهگهڵ پاشماوەکانی داعش کە هێشتا لە ناوچەکە ماون.
وتیشی زۆرینەی ئازادکراوان خەڵکی گوند و شارۆچکەکانی زەبیان، هەجین، باغوز و بەسیرەن، کە دوایین شوێن بوون لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وە ئازادکران بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
بەدووکەوتنی ئەنجامدەرانی تووندوتیژی
هاوکات، ساڵح وتی هێزەکانی ئاسایش (هێزه ئهمنییه ناوخۆییهكانی کوردەکان) و هەسەدە، کە ئەرکیان پاراستنی ئهمنیهتی کەمپەکەیە، دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی نوێی گەڕان بەدوای ئەو ژنەی داعشدا کە تێوەگلاوە لە تووندوتیژییەکەی ئەمدواییانە.
ساڵح وتی گروپێك ژنی تووندڕەوی نێو کەمپەکە یەکەیەکی حیسبە ('پۆلیسی ئایینی')یان پێکهێنا کە هەوڵی سەپاندنی یاساوڕێساكان و ئایدۆلۆژیای داعشی دەدا بە هێز.
وتیشی ئەم ژنانە چەند چەقۆوەشاندنێکی کوشندەیان لەنێو کەمپەکەدا ئەنجامداوە و ئەو ژنانەیان کردۆتە ئامانج کە رەتیانکردۆتەوە پابەندی ئەو فەرمانانە بن کە دەریانکردووە و هێرشیانکردۆتە سەر نیشتەجێیانی کەمپەکە و خێمەکانیان سوتاندوون.
ههروهها وتی بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمنیی نێو کەمپەکە، هەندێك ژن دواتر دەستگیرکران لە پەیوەندیدا بەم تاوانانەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە چالاکیەکانی ئەم گروپە ژنە.