ئەو ژنانەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە لە کەمپی حۆلی پارێزگای حەسەکەی سوریا دەستبەسەرن، بەرپرسیارن لە كۆمهڵێك هێرشی ئاگرخستنهوه و کوشتن بهمدواییه، چالاکوانێكی ناوخۆ وتی.
چالاکوان عەمار ساڵح بە دیارونای وت دانیشتوانی کەمپەکە هێرشیانکراوەتە سەر چونکە رەتیانکردۆتەوە فرمانەکانی حیسبە ("پۆلیسی ئایینی") جێبەجێبکەن، کە گروپێکن خۆیان کردۆتە دەمڕاست و هەوڵدەدەن یاسا و ئایدیۆلۆژیاکانی داعش بە زەبری هێز بسەپێنن.
وتی زۆربەی دانیشتوانی کەمپەکە ئەم ئایدیۆلۆژیایە رەتدەکەنەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووچاری گوشار دەبنەوە لەلایەن ژنانی حیسبەوە بۆئەوەی پەیڕەوی بیروباوەڕە تووندەکانی گروپەکە بکەن.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه دوو منداڵ مردن و دایکیان برینداربوو چوارشەممە (15 کانونی دووەم) کاتێک خێمەکەیان ئاگری تێبهربوو لە کەمپەکەدا، كه پێدەچێت لەلایەن ژنانی تووندگیرهوه له خێزانەکەیاندا ئهنجامدرابێت.
رێکخراوەکە رایگهیاند كه رۆژێک پێشتر لاشەی ژنێکی کوژراو لەلایەن ژنانی تووندگیرهوه لە کەمپەکە دۆزرایەوە.
دەوترێت قوربانییەکە رەتیکردۆتەوە پابهندبێت به ئایدیۆلۆژیای داعشهوه.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه له 8 کانونی یەکەم هێزەکانی ئاسایش لاشەی پهنابهرێكی عێراقییان لە کەمپەکە دۆزییەوە کە بە چەکوش و کەرەستەیەکی تیژ لەلایەن ژنێکی تووندڕەوەوە کوژرابوو. گوماندەکرێت لهسهر رەتکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای گروپەکە بێت.
راشیگەیاند كه رووداوی لەم چەشنە بوونەتە شتێکی ئاسایی.
ساڵح وتی بارگرژی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە لە حۆڵ دوای دواهەمین هێرش، کە کۆمەڵێک ژنی رووپۆشراو ژمارەیەک خێمەی ئەو خێزانانەیان ئاگرتێبەردا کە رەتیدەکەنەوە فهرمانهكانی حیسبە پەیڕەوبکەن.
ئاگرەکە بووە هۆی وێرانکردنی ژمارەیەک خێمە و ژمارەیەک ژنیش دووچاری سوتاوی بوون و ههندێكیان رێژەی سوتاوییەکەیان مهترسیداره.
وتی ئەو ژنەی بە مردوویی لە 8 کانونی دووەم دۆزرایەوە "زۆر بەخراپی لێیدرابوو، ئەشکەنجەدرابوو، چەندین چەقۆشی لێدرابوو".
وتی گوایە ژنەکە زیاتر لە جارێک تووشی دەمەقاڵێ هاتووە لەگەڵ ژنانی حیسبەدا.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان
ساڵح وتی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئاسایش لە کەمپەکە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکەن و دەستیانکردووە بە پرسیارکردن لە ژمارەیەکی زۆر له دانیشتوانی کەمپەکە بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کێ لە پشت رووداوەکانەوە بووە.
وتی ئەمە ئاسان نابێت، چونکە ئەو ژنانەی هەڕەشەکانیان کردووە و خێمەکانیان سوتاندووە نیقابیان پۆشیوە و روخساریان نادیاربووە.
ناوبراو وتیشی پێدەچێت تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان ماوەیەکیان پێبچێت.
ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە زۆربەی دانیشتوانی کەمپەکە ئایدیۆلۆژیا و کردەوەکانی ژنانی داعش رەتدەکەنەوە، کە لە بەرامبەردا بووەتە هۆی دروستبوونی ژمارەیەک رووداو لە کەمپەکەدا، بەتایبەتی ئەوانەی لە هێرش و هەڕەشەکاندا بەشداربوون.
وتی ئەو ناوچە خۆبهڕێوهبهره لەمدواییانەدا ژمارەیەکی زۆری لەو خێزانانە ئازادکرد کە لە ناوچە گشتییهكانهوه هاتبوون -- له پارێزگاکانی دێرە زوور و رەققە -- دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە کە وازیان لە ئایدیۆلۆژیای گروپەکە هێناوە.
گەرەنتیی خێڵەکی درابوو کە ئەو خێزانانە هەرگیز جارێکی تر پهیوهندی ناكهنهوه به تووندڕەوەکانهوه یان هیچ كۆمهكێكیان بكهن.