بەرپرسانی عێراق داوای جێبەجێکردنی رێوشوێنی پێویست دەکەن کە رێخۆشبکات بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقییە ئاوارانە بۆ ماڵەکانیان کە لە کەمپی هۆل لە پارێزگای خۆرهەڵاتی حەسەکە دەژین.
بەگوێرەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، کەمپەکە، کە لەلایەن هێزە کوردیە سوریەکانەوە سەرپەرشتیدەکرێت و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە چاودێریدەکرێت، زیاتر لە 60,000 کەس لەخۆدەگرێت، لهنێویاندا 31,000 عێراقی.
ئیداره خۆسەرییەکەی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بەهێواشی سوریەکانی لە کەمپەکە گواستۆتەوە بۆئەوەی چارەسەری کێشەی قەرەباڵغی بکات.
وا راگەیانراوە کە لە 12 تشرینی یەکەم، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) -- باڵی سەربازیی ئیداره خۆسەرییەکە -- 73 خێزانی سورییان بۆ شارۆچکەکانیان گەڕاندۆتەوە، کە پێکدێن لە سوسه، شەعفە و باغۆز لە دێرە زوور.
![خێزانە هەڵاتووە سوریەکان ئامادەکاریدەکەن بۆ بەجێهێشتنی کەمپی هۆل لە 12 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگهیاندنی دێرە زوور.]](/cnmi_di/images/2020/10/20/26598-Syria-alHawl-Iraqis-600_384.jpg)
خێزانە هەڵاتووە سوریەکان ئامادەکاریدەکەن بۆ بەجێهێشتنی کەمپی هۆل لە 12 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگهیاندنی دێرە زوور.]
ئازادكردنیان دوای میانجیگهری و گەرەنتیکردنیان هات لهلایهن سەرکردە و پیاوماقوڵانی خێلەکانی دێرە زوورهوه.
لە 15 تشرینی یەکەمیشدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 600 زیندانیی سورییان ئازادکرد کە بەهۆی بوونی پەیوەندییان بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه لە هۆل دهستبهسهر كرابوون.
ئهو 631 دهستبهسهركراوه بە تۆمەتی تاوانی تیرۆریزم راگیرابوون و یەکەم کۆمەڵە بوون کە لە رێکەوتننامەیەکی لێبووردندا ئازادکران، ماوەیەکی کورت دوای داوای خێڵە عەرەبەکان لە خۆرهەڵاتی سوریا.
'دۆخێكی یهكجار سەخت له هۆل'
جگە لە دانیشتوانە سوریەکان، خێزانە بیانیهكانیش کە زۆربەیان عێراقین و لەترسی داعش رایانکردووە، لە کەمپی هۆل دەژین.
هەروەها چەندین خێزانی ئهندامانی كوژراوی داعشی عێراقی لە کەمپەکە دەژین. هێزە کوردیەکان گواستبوویاننهوه بۆ هۆل لە باغۆزەوە دوای ئەوەی ناوچەکە لە دەست داعش رزگارکرا.
ئامادەیی ئەو خێزانانە سەرچاوەی ناکۆکی بوو لەنێوان ئەواندا لهگهڵ ژنانی داعش کە ئایدیۆلۆژیای گروپە تووندڕەوەکەیان بڵاودەکردەوە. هەروەها بووبووە هۆی قەرەباڵغکردنی کەمپەکە و سنووردارکردنی وەرگرتنی ژمارەی ئاوارەکان.
بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوه (کۆڤید-19)، کارەستێکی مرۆیی رووی لە کەمپە قەرەباڵغەکە کردبوو، کە گرفتی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی هەیە.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، قوسەی عەباس، كه جێگری سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤه، بە دیارونای وت عێراقییەکان و دانیشتوانی دیکەی کەمپی هۆل لە دۆخێکی سەختدا دەژیین و گرفتی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان هەیە.
وتی پلانێکی حکومەت بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی کەمپی هۆل و نیشتەجێکردنیان لە کەمپێکدا له زەممار، خۆرئاوای نەینەوا، رەخنەی لێگرا، بەهۆی ناجێگیریەوە کە لە ئەنجامی هێنانی خێزانەکانی داعشدا بۆ ناوچەکە دروستبووبوو.
عەباس داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێگەیەک بدۆزێتەوە تا بەشێوەیەکی مرۆڤانە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا مامەڵەبکات، وەک دروستکردنی پەناگەی تایبەت بۆ ئهو خێزانە ئاوارانە. وتی دەبێت کردەوەکان بەخێرایی بگیرێنەبەر، بەتایبەتی لەکاتێکدا زۆربەی دانشیتوانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل ژن و منداڵن.
وتی هەندێك نیگەرانی هەن دەربارەی بوونی بیری تووندڕەوەی لەنێو ئەندامانی خێزانەکانی داعشدا ئەگەر چاودێریی گونجاو و خزمەتگوزاریەکانی نیشتەجێبوونیان بۆ دابیننەکرێت.
پهنابهران روو لە قاچاخچی دەکەن بۆ دهرچوون لە کەمپەکە
ژمارەیەک ئاوارە کە دەیانێت کەمپەکە بەجێبهێڵن پارە بە قاچاخچی دەدەن تا بیانبەنە دەرەوەی کەمپەکە.
ڤیدیۆیەک لە ئابدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە شەڕڤانە کوردە سورییەکان پیشاندەدات تانکەرێکی ئاو رادهگرن کە ژنان و منداڵانی عێراقی لەناودا دەدۆزنەوە، دەیانەوێت بە قاچاخ بڕۆنەدەرەوە و روخساریان لەوە دەچێت خەریکبێت بمرن.
راوێژکاری پارێزگاری ئەنبار بۆ کاروباری ئاوارەکان، مازن ئەبو ریشه، بە دیارونای وت هۆل لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری خێزانی عێراقی لەخۆدەگرێت کە لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین و کەرکوک رایانکردووە.
بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی لە کەمپەکەدا دووچاری دەبنەوە، زۆربەیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق و ژیانی خۆیان لەو پرۆسەیەدا دەخەنە مەترسییەوە.
ئەبو ریشه وتی بەربەستی سەرەکیی بەردەم گەڕانەوەیان ئەو ترسەیە کە رەنگە بەپەلە ئەنجامبدرێت بێئەوەی دۆخی ئەمنییان سەیربکرێتەوە و هیوای خۆیشی دهربڕی بهوهی ههر هەوڵێكی حکومەت بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی ئاوارەکان ئاکامێکی ئەرێنی دەبێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەلی جەهانگیر بە دیارونای وت وەزارەتەکە هیچ داواکارییەکی لە حکومەتەوە بەدەستنەگەیشتەوە بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی لە کەمپی هۆل نیشتەجێن.
وتی سەرباری ئەو دۆخە سەختە ئابورییەی عێراقییەکان دووچاری دێن لە کەمپەکەدا، وەزارەتەکە ناتوانێت دەستیان بۆ درێژبکات "بەهۆی ئەوەی کەمپی هۆل لە خاکی وڵاتێکی دیکەدایە".