شارەزایان بە دیارونایان وت قەیرانی ئاوارەیی زۆر کەمبۆتەوە بەهۆی باشبوونی رەوشی ئەمنییهوه لەو ناوچانەی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.
وتیان بهڵام هێشتا هەندێك ناوچە "ئاوارەیی پێچەوانە" بەخۆوە دەبینن بەزۆری بەهۆی دووبارە هاتنە ئارای هەڕەشەی پاشماوەکانی داعشهوه.
"ئاوارەیی پێچەوانە" لەو کاتانەدا روودەدات کە ئهو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ماڵهكانیان جارێکی دیکە ناچاردهبنهوه به هەڵهاتن.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگهیاند كه لە 2019 ئاوارهبوونی 250 خێزانی تۆماركردووه لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دیاله بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە.
ئەندامێکی کۆمسیۆنەکە، فازڵ غەراوی وتی ئەو خێزانانە دانێشتووی گوندە دوورەدەستەکانن لە قهزای خانەقین لە نزیك حەوزی حەمرین.
بە دیارونای وت ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان جارێکی دیکە ناچاربوون هەڵبێن و بچنە کەمپەکان و شوێنی ئەمینی دیکە "چونکە دەترسن داعش جارێكی دیکە چالاکیەکانی زیادبکات و هێرشی لەناکاو ئەنجامبدات".
وتی: "ئەو شارۆچکە و گوندانە سنووریان بە ناوچە سەخت و زەوییە بەرفراوانە کشتوکاڵییەکانەوەیە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه پاشماوەکانی داعش لەو ناوچانە بوونیان ماوە.
وتی بەردەوام هەوڵدەدەن سوود لە بۆشایی ئەمنی وەربگرن بۆ زیادکردنی هێرشەکانیان دژی دانیشتووانە مەدەنییەکە، کە لە هەندێك حاڵەتدا دەبێتە هۆی "ئاوارەیی پێچەوانە".
هێزەکانی عێراق دەستیانکرد بە قۆناغی هەشتەمی هەڵمەتی ئەمنیی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە 29 کانونی یەکەم، کە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکوك و نەینەوا و ئەنبار دەگرێتەوە.
لە دیالە، فیرقەی پێنجی سوپا، پۆلیسی ناوخۆ و فیرقەی بەرپەچدانەوەی خێرا چەندین گوند گەڕان لە دەوروبەری خانەقین، چیاکانی حەمرین، دەریاچەی عوزێم و باخەکانی ئەبی سەیدا و نیدا.
ئۆپەراسیۆنەکە کوشتنی نۆ خۆکوژی لێکەوتەوە لەگەڵ لەناوبردنی 58 حەشارگە و تونێل و تاوەری چاودێری.
کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی و 223 ئامێری تەقەمەنی و گولە هاوەن و موشەکی دژە تانك لەگەڵ 250 کیلۆ مادەی تەقەمنی C-4 لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لەناوبران.
'دەستەیەك چەتە'
هەیسەم حوم، کە شێخێکە لە دیالە، وتی ئەندامانی داعش "تێكشکاون و ورەیان نزمە بەهۆی گوشاری زۆری ئەمنییەوە".
بە دیارونای وت: "سوپا و پۆلیس و خێلەکان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە هەموو شوێنیك راوەدوویان دەنێن." ئاماژەشی کرد بهوهی هێرشەکانی داعش تەنیا "پێشێلکارین" و ئامانجیان ترساندنی دانیشتووانە ناوخۆییەکەیە.
وتی راستیشە چەندین خێزان لە چەند ناوچەیەكی رۆژهەڵاتی دیالە زۆریان بۆ هاتووە هەڵبێن بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە، بەتایبەتی لە گوندەکانی زۆر و شێخ بابە و وەفق لە دەوروبەری خانەقین.
دوایین هێرش لە 30 کانونی یەکەم ئەنجامدرا كاتێك نیشانگرێك سەربازیكی كوشت لە نیدا.
بهڵام حوم جەختیکردەوە كه "ئاوارەیی پێچەوانە" هێشا سنووردارە، ئەوەش لەبەرئەوەی "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەربەستن لەبەردەم چالاکی چەکدارە تیرۆریستەکاندا و رێگرن لەوەی خەونی دووبارە بهدهستهێنانهوهی شوێنپییان ببێتە راستی".
بەگوێرهی وەزارەتی کۆچی عێراق، ژمارەی ئەو خیزانانەی گەڕاونەتەوە پارێزگای دیالە نزیکەی 14,000 خێزانە.
شرۆڤەکاری ئەمنی سەفا ئهعسهم بە دیارونای وت قەیرانی ئاوارەیی لە لێواری چارەسەربووندایە لە تەواوی پارێزگاکانی بە دەست ئهشكهنجهی تیرۆریزمەوە دەیانناڵاند.
وتی پاشماوەکانی داعش کە زۆریان لە چەندین خێزان کردووە جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە تەنیا "دەستەیەك چەتەن کە هێرشی لەناکاو و دهستبوهشێنه و راکە ئەنجامدەدەن بۆ لەکهدارکردنی هەوڵە ئەمنییەکان و دروستکردنی بۆچوونێکی هەڵە کە بە بههێزی دەگەڕێنەوە".
ئهعسهم وتی ئۆپەراسیۆنەکان دژی حەشارگەکانی داعش بەردەوامن وەك بەشێك لە هەڵمەتی ئەمنیی "ئیرادەی سەرکەوتن" و وتیشی هێزە دەستەبژێرەکان و یەکەکانی هەواڵگری لە "ئاستێكی باڵادا" ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن.