زنجیرەیەك هێرشی ئەمدواییەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامیی" (داعش) لە پارێزگای دیالە بۆتە هۆی دروستکردنی نیگەرانی لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا، بەجۆرێك بەرپرسە خێڵەکیەکان بەڵێنیانداوە لەگەڵ هێزە ئەمنیەکاندا بن لە دهرپهڕاندنی پاشماوەکانی گروپەکەدا.
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە یەکشەممە (27 کانونی دووەم) کۆبوونەوەیەکی کتوپڕی کرد لەگەڵ سەرکردە خێڵەکی و خۆجێی و دەزگا هەواڵگرییەکاندا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی پارێزگاکە و برەودان بە پلانی باشترکردنی ئاسایش.
بەرپرسان لە بەیاننامەیەكدا لە بایەخی هێرشەکانی ئەمدواییەیان کەمکردەوە و لهقهڵهمیاندان به "چەند رووداوێك کە دەکرا لە هەر پارێزگایەك رووبدەن".
وتیان ئەم رووداوانە "مانای ئهوه نیه هەندێك ناوچە کەوتوونەتە دەست باندی تیرۆریستانی داعش" و تکایان لە میدیا کرد بهورایی و دروستی ئەم رووداوانە بڵاوبکهنهوه.
بەرپرسان وتیان یەکێتیی دەزگا ئەمنیەکان و هاریکاریی بەهێزیان لەگەڵ حکومەتی خۆجێی و دانیشتواندا "رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەتدا لە پارێزگاکە".
هێرشە تیرۆریستیەکان زیاتر لە گوندەکانی حەوزی وەقف و ئەبو سەیدا و خانەقین بوون، لەنێویاندا موخەیسە، ئەبو خەنازیر، ئەبو کەرمە، جەلەبی و شەیخی.
خێڵەکان دژی داعش گرددەبنەوە
خێڵەکانی دیالە پێنجشەممە (24 کانونی دووەم) "گردبوونەوەی گشتی"یان راگەیاند بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، دوای ئەوەی پاشماوەکانی گروپەکە دزەیانکردە نێو گوندەکان لە بەشی باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگاکە.
بەگوێرەی بەرپرسەکانی ناوچەکە، خێڵهكان وتوویانه هێزەکانیان دەخەنە دۆخی ئامادەباشییەوە تا یارمەتی دەرکردنی شانه پاشماوەكانی گروپهكه بدەن.
سەرکردەی خێڵی نەدا لە دیالە، شێخ هەیسەم حوم، وتی چەکدارەکان زنجیرەیەك هێرشی تیرۆریستییان ئهنجامداوه لەم چەند رۆژەی دواییدا کە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی چەند ئهندامێكی هێزه ئەمنییهكان.
بە دیارونای وت دواههمینی ئهو رووداوانه یەکشەممە روویدا کاتێك چەکداران هێرشیانکردە سەر بازگەیەکی ئەمنی لە خانەقین و چوار ئهندامی هێزه ئەمنییهكانیان بریندارکرد.
هێرشبەران بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتن.
حوم وتی: "سێ رۆژ لەمەوبەر، سەربازێك لەلایەن نیشانگرێکی داعشەوە لە ناوچەی مەیاح کوژرا لە باكوری خۆرهەڵاتی دیالە."
جەختیکردەوە لەوەی هێزە ئەمنیەکان "کارێکی باش دەکەن لە پاراستنی پارێزگاکە و سەلامەتی دانیشتوان و بەدواکەوتنی پاشماوەکانی داعش".
داعش هەوڵدەدات سوود لە جوگرافیای ئاڵۆزی دیالە و کێڵگەکانی ببینێت بۆ رێکخستنەوەی چەکدارانی و چڕکردنەوەی هێرشەکانی.
حوم وتی بەڵام هێزە ئەمنیەکان هیچ دەرفەتێك بە گروپەکە نادەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە و وتیشی ئەرکەکانیان بەجێدەگەیەنن "بەپشتیوانیی خەڵکی ناوچەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ خێڵەکییەکان".
وتیشی خێڵەکیەکان و ریشسپیەکان "پشتیوانیی خۆیان نوێدەکەنەوە بۆ برایانیان لە پۆلیس و سوپادا و ئامادەن پاشماوەکانی تیرۆریزم تێکبشکێنن و چالاکیە ئەمنیەکانیان بنهبڕ بکەن".