هێزەکانی عێراق نزیکەی 30,000 کیلۆمەتری چوارگۆشەیان لە بیابانی خۆرئاوا لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پاککردۆتەوە لەوکاتەوەیهەڵمەتی ئەمنیی "ویستی سەرکەوتن"دوو هەفتە لەوەوبەر دەستیپێکرد، بەرپرسێکی سەربازی سێشەممە (16 تەمموز) وتی.
لە 7 تەمموزەوە، هێزە هاوبەشەکان بەشدارییانکردووە لە هەڵمەتێکی بنکەفراواندا بۆ شوێنکەوتنی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە بیابانییهكانی نێوان پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوا و ئەنبار، تا سەر سنووری سوریا.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ بە دیارونای وت "هێزەکانی عێراق سەرکەوتووبوون لە پاککردنەوەی ناوچەیەکی 30,000 کیلۆمەتری چوارگۆشە" لەنێوان ئەو سێ پارێزگایەدا.
وتیشی: "یەکەکانمان بەتەواوی ئەم ناوچانەیان کۆنترۆڵکردووە و گەیشتوونەتە جێگەی وا دوور لەنێو بیابانهكهدا کە پێشتر لەوکاتەوەی باندەکانی داعش وڵاتەکەیان داگیرکرد لە 2014، پێی نەگەیشتبووین." باسی لەوەش کرد کە ئهم ههوڵه تا ئەمڕۆ "دەستکەوتێكی کوالیتیی باڵایه".
رەسوڵ وتی: "هەڵمەتەکە بۆتە هۆی تێکشکاندنی توانایەکی زۆری دوژمن." ئاماژەیکرد بەوەش كه ژمارەیەکی زۆر لە پێگەكانی پشتیوانیكردنی لۆجستیی گروپەکە و شوێنهكانی پشودان و جبەخانەی چەك و تەقەمەنی تێکشکێنراون.
وتی ژمارەیەك لە ئەندامانی داعش کوژراون، لەکاتێکدا ئەوانیدی دەستگیرکراون، بەبێ ئەوەی وردەکارییهكانی باسبکات و وتیشی: "ئامێر و بەڵگەنامەی گرنگ دەستیان بەسەردا گیراوە کە پەیوەندییان بە شانە نهێنییەکانیانەوە هەیە."
جەختیکردەوە لەوەی هێزەکانی عێراق بەردەوامدەبن لە پاککردنەوەی بیابانهكه تا دوایین ئەندامی داعش دەردەکرێت.
کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی بیابانهكه
رەسوڵ وتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان "پلانێکی ستراتیژیی داڕشتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی بیابانهكه و رێگرتن لەوەی دوژمن بیقۆزێتەوە بۆ خۆشاردنەوە و بنیاتنانی تواناکانی".
وتشیی خاسیەتی هەرە گرنگی پلانە نوێکە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە بۆ بەردەوام چاودێریکردنی ناوچەیەکی گەورەی بیابان.
ههروهها وتی: "کامێرای گهرمیبینی هاوشێوەی ئەوانەی لەسەر سنووری سوریا لەئێستادا دانراون، جێگیردەکرێن بۆ چاودێریکردنی جوڵەی شەوانەی دوژمن نزیك بە گوندەکانی بیابان."
رەسوڵ وتی: "هەوڵه هەواڵگرییهكان برەویان پێدەدرێت بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنی دەستپێشخەرانەی ئەمنی بەردەوامدەبن تا هەر هەوڵێکی تیرۆریستان بۆ خۆڕێكخستنەوە و دامەزراندنی بنکەی نوێ پوچەڵبکەنەوە."
وتیشی: "دەمانەوێت بەتەواوی بیابانی خۆرئاوا کۆنترۆڵبکەین و کۆتایی بە ئامادەیی نهێنیی دوژمن لەوێ بهێنین، هاوشانی ئۆپەراسیۆنه بەردەوامهكان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور، بەتایبەتی سنووری باشوری سوریا."