هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

بانکەکانی نەینەوا هەوڵی مۆڵەتی دەستکردنەوە بە کار دەدەن

عەلا حسێن لە بەغدا

ئەم لقەی بانکی رافیدەین لە گەڕەکی حەمدانیەی خۆرهەڵاتی موسڵ لە 2017 دووباره‌ کرایەوە، ساڵێك دوای تەواوبوونی کاری نۆژەنکاری تێیدا. [خاوەنی وێنە: بانکی رافیدەین]

ئەم لقەی بانکی رافیدەین لە گەڕەکی حەمدانیەی خۆرهەڵاتی موسڵ لە 2017 دووباره‌ کرایەوە، ساڵێك دوای تەواوبوونی کاری نۆژەنکاری تێیدا. [خاوەنی وێنە: بانکی رافیدەین]

بە باشتربوونی ئاسایش لە شاری موسڵی پارێزگای نەینەوا، بانکەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دراو هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی فەرمی دەدەن بۆ دەستکردنەوە بە کار.

بەرپرسێکی ناوچەکە وتی ئەوەی پێشتر هەڕەشەیەکی بەربڵاو بوو كه‌ ره‌نگه‌ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دزەبکاتە نێو کەرتی بانکیی پارێزگاکەوە بنەبڕکراوە.

شەش ساڵ لەمەوبەر، بانکی ناوەندی عێراق کارکردنی لە سەرجەم بانك و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دراو لە نەینەوا هەڵپەسارد، بەهۆی نیگەرانییەوە لەوەی گروپە توندڕەوەکان دەکرێت بەکاریانبهێنن بۆ بەدەستهێنانی پارە بۆ پشتیوانیكردن لە چالاکیە تیرۆریستیەکانیان.

خاوەنی دوکانێكی ئامێرە کارەباییەکان، سادق جوحەیشی بە دیارونای وت لەوکاتەوە، گواستنەوەی پارە لە موسڵەوە و بۆ موسڵ بەمەبەستی کارکردن بۆتە کارەسات.

وتی هەڵپەساردنی خزمەتگوزاریی بانکی وایکردووە سەخت بێت پارە بگوێزرێتەوە بۆ کارکردن لە بەغدا و لە دەرەوە بۆ کڕینی شمەك یان دانی پاره‌ی پسوڵە.

وتی وەك هەنگاوێکی جێگرەوە، خاوەنکارەکان بڕێکی زۆر لە پارە دەگوێزنەوە لەڕێی بانکەکانه‌وه‌ یاخود کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پارە لە پارێزگای هەولێری دراوسێوە.

وتیشی ئەمە وەك راڕەوێك وایە بۆ گواستنەوەی پارە بۆ بەغدا یان دەرەوە "سەرەڕای مەترسی زۆر کە یاوەریی گواستنەوەی بڕی زۆری پارە دەکات لەنێوان هەردوو پارێزگاکەدا".

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمە جێی نیگەرانییە بۆ هەموو جوملەفرۆش و وردەفرۆشەکانی نەینەوا." وتیشی به‌هۆی ئه‌وه‌ی لەئێستادا پارێزگاکە سەقامگیر و ئارامە، ئه‌م کێشەیە ده‌بێت چارەسەر بکرێت.

کاریگەرییە نەرێنییەکان

بەڕێوبەری رێکخراوی کۆمپانیا بانکییەکان لە پارێزگای نەینەوا، عەبدوڵا خەلیل وتی سەرەڕای کاریگەری لەسەر بازرگانی، راوەستانی خزمەتگوزاریی بانکی لە نەینەوا کاریگەریی هەبووە بۆسەر کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ.

بە دیارونای وت هەروەها کاریگەریی هەبووە بۆسەر گواستنەوەی پارە لە تەواوی عێراقدا.

وتی ئەو کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی کار لەسەر بنیاتنانەوەی موسڵ دەکەن، کاریگەریی ئەمەیان لەسەر بووە، بەتایبەتی چونکە کاری ئەو کۆمپانیانە پێویستی بە گواستنەوەی پارە هەیە لە پارێزگاکەوە و بۆ نێو پارێزگاکە.

هەڵپەساردنی بەردەوامی کارکردنی بانکی لە پارێزگاکە "تەنیا ئەو پاشه‌كشێ ئابورییە خراپتردەکات کە داعش دروستیکرد" و داوای لە بانکی ناوەندی کرد رێگە بەم کیانانە بدات کارەکانیان دەستپێبکەنەوە.

بەگوێرەی خەلیل، پێناچێت داعش لەئێستادا لە پێگەیەکدا بێت ئەم دەزگا داراییانە پاوان بکات، لەبەرئەوەی پاشماوەکانی چیتر ناتوانن ئازادانە بسوڕێنەوە.

هەماهەنگی ئەمنی

پێدانی مۆڵەت به‌ قه‌واره‌ بانكییه‌كان بۆ دەستپێکردنەوەی کار لە موسڵ بڕیارێکی هاوبەشە لەنێوان بانکی ناوەندی و ئاژانسە ئەمنییەکاندا لە پارێزگاکە.

وتەبێژی بانکی ناوەندی، ئەیسەر جەبار بە دیارونای وت: "بانکەکە رەشنوسی لیستێكی ئەو کۆمپانیانەی ئامادەکردووە کە مۆڵەتیان پێدراوە لە پارێزگاکە کاربکەن دوای لە لیست دەرکردنی هەموو ئەو کۆمپانیانەی تێوەگلابوون لە پارەشۆردنەوە و پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆریزم."

وتی بانکەکە بەرپرسانی ئەمنیی لە نەینەوا ئاگادارکردۆتەوە دەربارەی ناوی ئەو دەزگایانە و ئاماژەیکرد بەوەی دوا مۆڵەت بۆ دەستکردنەوە بە کار لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەوه‌ ده‌درێت.

هه‌روه‌ها ئاماژەیکرد بەوەی بانکی ناوەندی زۆر سەرکەوتوو بووە لە دەستنیشانکردنی ئەو کۆمپانیانەی گومانلێکراون بە کاری نایاسایی و ئۆپەراسیۆنەکانیانی هەڵپەساردووە و رێیلیگرتوون دەرفەتی گواستنەوەی پارەیان هەبێت بۆ قه‌واره‌ یاخییەکان.

داوای لە بەرپرسانی ئەمنی کرد لە نەینەوا تا گڵۆپی سەوز دابگیرسێنن بۆ کۆمپانیا بانکیە مۆڵەتپێدراوەکان تا کاربکەن و بتوانن داهات بەده‌ستبهێنن، کە تاو بە ئابوریی پارێزگاکە دەدات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500