هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

رژێمی سوریا دەیان منداڵ لە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق دەستگیردەکات

وەلید ئەبولخەیر له‌ قاهیرە

دەروازەی خوێندنگەی جەرمەک لە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق، ئەو شوێەی هێزەکانی رژێمی سوریا بەمدواییانە ژمارەیەک خوێندکاریان لێ دەستگیرکرد. [خاوەنی وێنە: refugeesps.net]

دەروازەی خوێندنگەی جەرمەک لە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق، ئەو شوێەی هێزەکانی رژێمی سوریا بەمدواییانە ژمارەیەک خوێندکاریان لێ دەستگیرکرد. [خاوەنی وێنە: refugeesps.net]

هێزەکانی رژێمی سوریا دەیان منداڵیان لە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق دەستگیرکرد بەتۆمەتی شێواندن و دڕاندنی پۆرترێتەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، چالاکوانێکی ناوخۆ وتی.

هاوکات، هێزەکانی رژێم بەشێوەیەکی هەڕەمەکی چەند کەسێکیان لە ناوچەکە دەستگیرکردووە، ئەو گەنجانەی کردۆتە ئامانج کە بۆ ئەنجامدانی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ داواکراون.

چالاکوانی ناوخۆ، موحەمەد بەیک بە دیارونای وت: "هێزەکانی رژێم 56 منداڵیان لە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی یەلدای باشوری دیمەشق دەستگیرکرد بەتۆمەتی دڕاندنی پۆرترێتەکانی ئەسەد و کێشانی گرافیتی دژ بە رژێم."

وتی هێزەکانی رژێم هەڵیانکوتایە سەر خوێندنگەی جەرمەک و 20 خوێندکاریان دەستگیرکرد، ئەمەش بووە هۆی نانەوەی پشێوی و دڵەڕاوکێ لە نێو خوێندکارەکاندا، کە لە ترسی دەستگیرکردن بەرەو ماڵەکانیان هەڵهاتن.

پۆستەر و گرافیتییەکانی دژ بە رژێم لەسەر دیوارێکی ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق دەبینرێن. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی خەڵکی غوتە]

پۆستەر و گرافیتییەکانی دژ بە رژێم لەسەر دیوارێکی ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق دەبینرێن. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی خەڵکی غوتە]

دواتر، هێزەکانی رژێم هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێکی ناوچەکە و 36 منداڵی تریان دەستگیرکرد، ئەمەش ژمارەی منداڵە دەستگیرکراوەکانی گەیاندە 56، بەتەمەنترین منداڵیان 16 ساڵە.

بەیک وتی بەتەمەنەکان و خێزانەکانی منداڵەکان تێگەیشتن، دوای ئەوەی پرسیاریان لە بەرپرسان کردبوو، کە منداڵەکان بە تاوانی بوونی پەیوەندی لەگەڵ "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تۆمەتبارکراون.

وتی رژێم بە ئامادەبوون لە راهێنانەکانی نێو کەمپەکانی داعش و "بەچکەشێری خەلیفە" تۆمەتباریان دەکات.

بەیک وتی یەکێک لەو منداڵانەی دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا وتوویەتی هەموو ئەو پرسیارانەی لێی کراون پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.

ناوبراو وتی منداڵەکە وتی ئەو ته‌نها منداڵێكە کە ئازادکراوە، لەکاتێکدا تەواوی منداڵەکانی تر هێشتا لە ناوەندێکی دەستگیرکردندا لە دیمەشق بەندکراون.

'دەستگیرکردنی هەڕەمەکیی رۆژانە'

بەیک وتی دەستگیرکردنەکان رۆژانە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی روودەدەن لە تەواوی ناوچەکانی سەر بە ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق و بەتایبەتیش گەنجان دەکەنە ئامانج، کە "ئەشکەنجە دەدرێن، لێپرسینەوەیان لێدەکرێت، ئەگەری ئازاردانی جەسته‌یی و دەستگیرکردیان هەیە".

وتی ئەو کردەوانە لە تەواوی ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق و خۆرهەڵاتی غوتە، کە پێشتر لەژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا بوو، بەشێوەیەکی بەرچاو روودەدەن.

ناوبراو وتی بەمدواییانە، پێنج گەنجی شاری دوما دەستگیرکران و لەلایەن یەکەیەکی ئەمنییەوە بران بۆ شوێنێکی نەزانراو.

وتی خێزانەکانیان لەو تۆمەتانە ئاگادار نەکرابوونەوە کە ببووە هۆی دەستگیرکردنیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500