منداڵەکان لە حەوشەی بەندیخانەکە یاریدەکەن، لەکاتێکدا گەورەکان ژورێکی زیندان دابەشدەکەن لەنێوان چەند خێزانێکدا. ئەمانه لە تووندوتیژییەکان لە باکوری رۆژئاوای سوریا هەڵهاتوون بەڵام هیچ شوێنێکیان نەدۆزیوهتەوە بۆی بچن.
بەشێكن لەو سەدان هەزار کەسەی جەنگ هەڵیپێچاون و سەری ساڵ دوور لە ماڵەکانیان دەستتپیدەکەن لە ئیدلیبی قەڵای ئۆپۆزسیۆن کە بە شەڕ وێرانبووه.
بەگوێرهی نەتەوە یەکگرتووەکان، 284,000 کەس لە مەڵەکانیان هەڵهاتوون له نزیك شارۆچکەی مەعرەت نوعمان تهنها لە کانونی یەکەمدا بەهۆی زیادبوونی تووندوتیژییەکان و هەوڵی رژێمهوه بۆ گرتنەوەی ئهو هەرێمهی لەلایەن تووندڕەوەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئوم حاتەم، 69 ساڵ، لهگهڵ کوڕەکەی، کە هاوسەرگیری نەکردووە، لەناویاندا بوون و هاتن بۆ ئیدلیب بۆ گەڕان بەدوای ئهمنییهتدا بەڵام کە گەیشتن تەنیا پەناگە بەندیخانە چۆڵکراوەکە بوو.
لە دەرەوەی بینای ئەو شوێنەی پێشتر بنکەی دەستبەسەرکردن بووە و ئێستا ماڵی 300 گەورە و بچوکە، ژنە بەساڵاچووەکە وتی: "لێرە ماینەوە هەرچەندە شوێنی ژیان نییە."
ئەو ژنە، كه دەموچاوی چرچ بووبوو، قژی به سهرپۆشێكی قاوهیی پێچرابوو، وتی: "ئاو نییە، کارەبا نییە، روناکی نییە، ژوورەکانی بەندیخانەکەش بچوکن و خنکێنەرن."
'بەپێی پێویست خۆراك نییە'
ئوم حاتەم کە چاكهتێكی خوریی لەبەردابوو هاوکاری داگرتنی کەلوپەلە کەمەکانی دەکرد کە لە ماڵەکەیەوە هێنابوونی، قوتووی ترشیات و دانەوێلە و سەتڵی پلاستیك و راخەرێكی پلاستیك.
وتی: "ئەگەر لە تواناماندا بوایە ماڵێکمان بەکرێدەگرت."
"بەڵام تەنانەت خۆراکی پێویستیشمان نییە."
لە حەوشەکە، منداڵەکان کێبڕکێیانە بۆ یاریکردن لەسەر سپەیس هۆپەرس -- کە تۆپی گەورەی رەنگاو رەنگن -- لەسەری یاریدەکەن تا دەکەونه سەر قیره تەڕەکە.
لهكاتێكدا کارمەندانی رێکخراوە خێرخوازییەکان چەپڵەیان بۆ لێدەدەن، منداڵهكان تووند ههردوو سهری گوریسێكی رهش رادهكێشن و خۆیان بهرهودوا دهنوشتێننهوه و یاریی گوریس راكێشان دهكهن.
بەڵام لەناو ژوورێکی زینداندا کە بهحاڵ له كڵاورۆژنهكانهوه روناکبۆتهوه، پیاوێك دەچێتە سەر سندوقیك و مهشهمایهكی نایلۆن ههڵدهواسێت بۆئەوەی شوێنی خێزانەکان جیابکاتەوە.
بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا، رژێمی سوریا بۆردومانی کوشندەی هەرێمی ئیدلیبی زیادکردووە لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەوەش بۆتە هۆی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەیی لە شهڕی سوریادا کە نۆ ساڵە بەردەوامە.
نوسینگهی ههماههنگی مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت: "شوێنە گشتییەکانی وەك مزگەوت و گەراج و هۆڵی ئاهەنگێڕان و قوتابخانەکان بەکاردەهێنرێن بۆ مانەوەی خێزانە ئاوارەکان."
هۆشداریشدەدات: "ئەو شوێنانە دەکرێت نەتوانن هەموو ئەو کەسانە لەخۆبگرن بەهۆی قهوارهی گهورهی ئاوارەییەوە."
لە سەرانسەری هەرێمکەدا، ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان پێشتر لەدەستدابوو لە شهڕهكهدا، لە چەندین کەمپی ئاوارەکان نیشتەجێبوون، هەندێكیان لەناو باخی زەیتوندا دەژین بە درێژایی سنووری تورکیا.
نیازەکانی ساڵی نوێ
لە قوتابخانەیەك کە کراوە بە پەناگە، خێزانەکان جل و بەرگە شۆراوەکانیان لە حەوشەکە هەڵخستووە.
چەند خێزانیك لەو بینایەدا دەژین کە پێشتر قوتابخانە بووە و كورسییهكانیان بردۆتە ژوورێکی دیکەوە و کومباری پلاستیکیان لە جێگەیان لەسەر زەوی راخستووە و دۆشەکی ئیسفهنج لە پاڵ دیوارەکانەوە راخراون.
کارمەندێكی کاری خێرخوازی، عەبدولسەلام ئەمین وتی: "قوتابخانەکان بوون بە پەناگە بۆ ئاوارەکانی مەعرەت نوعمان" و شوێنی دیکەی باشوری هەرێمی ئیدلیب.
وتی: "خوێندن راوەستاوە."
لە حەوشەی بەندیخانەکە عەبدولقادر شەوەرغی قژی کوڕێکی منداڵ چاكدەکات کە پەشتەماڵی دەلاکی بهسهرشانهوهیه و لەسەر تەختەیەك لهسەر کورسیەکی پلاستیك دانیشتووە.
ئەو دەلاکە تەمەن 29 ساڵە کە چەند هەفەتە لەمەوبەر هاتۆتە ئێرە هەوڵدەدات هەموو تواناکانی بەکاربێنێت بۆئەوی ژن و دوو منداڵەکەی بهخێوبکات.
هیوادارە ساڵی نوێ داهاتوویەکی روناکتر بێنێت بۆ منداڵانی ئیدلیب.
وتی: "منداڵەکان هەموو ژیانیان لەبەردەمدایە. نامانەوێت بەوەدا بڕۆن کە ئێمە پیایدا دەڕۆین لەم شهڕهدا."
"خوابکات ئەم ساڵی نوێیە ببێتە کۆتایی شهڕ لە سوریا."