هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئایین

مەدەنییەکانی ئیدلیب رەمەزانێکی نائاسایی بێدەنگ بەسەردەبەن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دانیشتوویه‌کی سوریا لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلیبب هاوکاری بۆ رەمەزان وەردەگرێت لە رێکخراوێکی مرۆیی. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی ڤایۆلێت]

دانیشتوویه‌کی سوریا لە کەمپی ئاوارەکانی ئیدلیبب هاوکاری بۆ رەمەزان وەردەگرێت لە رێکخراوێکی مرۆیی. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی ڤایۆلێت]

مەدەنییەکانی ئیدلیب، کە زۆربەیان دووچاری ئاوارەیی و هەژاری بوونەته‌وە بەهۆی شه‌ڕه‌وه‌، ئەمساڵ لە کەشێكی نائاساییدا رەمەزان بەسەردەبەن بەهۆی رێکارەکانی رێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌ (کۆڤید-19).

هانی نوعمان کە دانیشتوویه‌كی رەسەنی شارۆچکەی مەعرەت نوعمانە و لەمدواییانەدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ شارۆچکەیەکی نزیك سنووری تورکیا هەڵهاتبوو، بە دیارونای وت کەشی رەمەزان لە هەرێمی ئیدلیبدا بوونی نییە.

وتی بۆنە ئایینیەکان وەك نوێژی تەراویح و نوێژی به‌كۆمه‌ڵ قەدەغەکراون و مێزی خوانی بەکۆمەڵی رەمەزانیش نییە.

وتی کەشی نەریتیی قەرەباڵغی بازاڕه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی بێدەنگە.

نوعمان وتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمدواییانەش، کە تۆپبارانی چڕ و هێرشە ئاسمانییەکانیان لەخۆگرتبوو لەلایەن رژێمی سوریا و روسیاوە، کەشی رەمەزانیان سنووردارکردووە.

وتی هەزاران دانیشتووی ئیدلیب بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوون و هه‌رچییه‌كیان هه‌بووه‌ بەجێیانهێشتووه‌، لەکاتێكدا ئەوانەی لە کەمپی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زۆر دەناڵێنن به‌ده‌ست ئەو قەیرانە تەندروستییەوه‌ لكه‌ له‌ئارادایه‌.

وتیشی نرخەکان بەرزبوونەوە کە رەمەزان دەستیپێکرد، به‌جۆرێك هەندیك شمەك -- وەك سەوزە و میوە و پێداویستییەکانی دیکەی رەمەزان -- کڕینیان لە توانای زۆربەی دانیشتووانەکەدا نه‌ماوه‌.

هەندێك لە رێکخراوە ناوخۆییه‌كانی هاوکاری هەوڵدەدەن هاوکاربن بەوەی لە بەردەستیاندایە بەڵام ئەوەش کورتی هێناوە لە دابینکردنی پێویستی خێزانەکاندا.

قوتابخانەکان لە ناوچەکانی رژێم داخراون

لەهەمانکاتدا، زیاتر لە چوار ملیۆن قوتابی لە ناوچەکانی رژێم بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماڵەوەن و ئەمساڵ دەستناکەنەوە بە خوێندن، بەڵام ساڵی داهاتوو دەچنە قۆناغی داهاتووی پۆلی نوێ، بەگوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس یەکشەممە (26 نیسان).

قوتابخانەکان لە ناوەڕاستی ئازاردا داخران بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، کە وایکرد زۆر قوتابی و مامۆستا خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ فێربوون له‌دووره‌وه‌.

بەگوێره‌ی میدیاکانی دەوڵەت، به‌یاننامه‌یه‌كی حکومەت رایگەیاند:"هەموو قوتابیانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان دەچنە پۆلی داهاتوو."

به‌گوێره‌ی وەزارەتی پەروەردە هێشتا ئەمساڵ 557,000 خوێندکار تاقیکردنەوە ئیفتیخارییه‌كان و بەکالۆری ئەنجامدەدەن.

دوای ئەوەی قوتابخانەکان داخران، هەندێك دەزگا دەستیانکرد بە فێربوونی سەر ئینتەرنێت و تەلەفزیۆنێكی وەزارەتی پەروەردەش کۆرسەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و بیرکاری و زانست پەخشدەکات.

بەڵام بڕینی کارەبا رۆژانە کە دەکرێت چەند کاتژمێریك بخایەنێت لەگەڵ نرخی زۆری ئینتەرنێت بوونەته‌ بەربەست لەبەردەم هەوڵەکانی فێربووندا لە دوورەوە.

زانکۆکان بە داخراوی دەمێننەوە هەتا کۆتایی رەمەزان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500