حکومەتی عێراق سێشەممە (3 کانونی یەکەم) سەدان خێزانی ئاوارەی گەڕاندەوە قەزای سەعدیە له پارێزگای دیالە، بەرپرسێکی حکومی بە دیارونای وت.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری لقەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەلی جەهانکیر وتی وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان و حکومەتی خۆجێیی دیالە، 771 خێزانی ئاوارەبووی تیرۆریزمی گەڕاندەوە.
وتی ئەم خێزانانە دانیشتووی قەزای سەعدیە و گوندەکانی دەوروبەرین لە خۆرهەڵاتی دیالە.
وتی دوای ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە 2014 عێراقی داگیرکرد، ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن بۆ ناوچەی ئهمینتر له ناوهوه و دەرەوەی پارێزگاکە و ئاماژەیکرد بەوەی هەندێکیان هەڵاتن بۆ کەمپی ئاوارەکان.
وتیشی: "ئەمە گەورەترین ژمارەی ئاوارەکانە لەمساڵدا بەجارێك گەڕابێتنەوە بۆ دیالە." ههروهها وتی پێشئەوەی رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە پشکنینیان بۆ کرا.
کۆتاییهێنان بە ئاوارەیی لە عێراق
جەهانکیر وتی ئەم هەوڵە بەشێكە لە پرۆگرامێك کە وەزارەت ماوەی چەند ساڵێكە کاری لەسەر دەکات بە هاوکاریی دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
وتی ئەم پرۆگرامە خواستهكانی خێزانە ئاوارەکان رەچاودەکات و دواتر ئاسانکاری دەکات بۆ دۆخی گەڕانەوەیان، "کە دڵنیایی دەدات بەوەی بۆ هەمیشە لە ناوچەکانیان جێگیر دەبن".
وتیشی: "دهخوازین پرۆسەكه خێراتر ببێت بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان و بە ژمارەیەکی گهورهتر تا کۆتایی بە ئاوارەیی بهێنین لە هەموو ئەو پارێزگایانەی لەلایەن تیرۆرزمەوە زیانمەند بوون."
جەهانکیر وتی زۆر ئاستەنگ ماون، چونکە هەندێك ئاوارە رەنگە نەیانەوێت بگەڕێنەوە و حکومەت زۆریان لێناکات.
وتی: "زۆر داوامان پێدەگات لەلایەن ئەو ئاوارانەوه کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەڵام دەستبەجێ ناتوانن، لەبەرئەوەی ناوچەکانیان رەنگە هێشتا نائارام بن یان پاکنەکرابنەوە لە تەقەمەنی و پاشماوەی شەڕ."
جەهانکیر وتی کۆی 65,000 خێزان لەئێستادا لە کەمپی ئاوارەکاندا لە عێراق دەژین.
وتی ئەو خێزانانە ناتوانن بگەڕێنەوە چونکە ناوچەکانیان زیانی سەختیان بەرکەوتووە لەکاتی شەڕی دژبه داعشدا.
لەنێو ئەمانەدا گوندەکانی نێو قهزاكانی شەنگال و رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا هەن، لەگەڵ ناوچەكانی تر له دیالە و کەرکوك و سەلاحەدین.