هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

پرۆژەیەکی ئەزمونیی له‌ عێراق یارمەتی ئاوارەکانی پێشتر دەدات داهات به‌ده‌ستبهێنن

خالید تائی

خێزانە عێراقیەکان لە کەمپێکی ئاوارەکاندا سواری پاسێك دەبن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان لە شاری قائیمی ئەنبار لە 1 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

خێزانە عێراقیەکان لە کەمپێکی ئاوارەکاندا سواری پاسێك دەبن بۆ گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان لە شاری قائیمی ئەنبار لە 1 تشرینی یەکەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

حکومەتی عێراق چوارشەممە (6 تشرینی دووەم) رایگەیاند دەستیکردووە بە دابینکردنی 1,000 پرۆژەی بەرهەمهێنانی داهات بۆ بژێوی پەیداکەرانی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.

حکومەت رایگەیاند كه‌ ئەمە پرۆژەیەکی ئەزمونییە بۆ بەرنامەیەکی بەرفراوانتر کە پێشبینیدەکرێت سوود بگه‌یه‌نێت به‌ هەزاران خێزانی زیانلێکەوتوو کە ململانێیانە بەدەست دووباره‌ نیشته‌جێبوونه‌وه‌یانه‌وه‌ لە ناوچەکانیان و باشترکردنی دۆخی ژیانیان.

بەڕێوبەری گشتی کاروباری لقەکانی وەزارەت، عەلی جەهانکیر وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران توێژینەوەیەکی چڕوپڕی کردووە بۆ بەرنامەکە.

بە دیارونای وت بەرنامەکە تەرکیزی لەسەر پشتیوانیکردنی خێزانە هەژارەکانە بە یارمەتیدانیان تا بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵبن کە رووبەڕوویان دەبێتەوە له‌گه‌ڕانه‌وه‌یاندا لە کەمپەکانی ئاوارەییەوە بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان.

پاکەتی کۆمەك لە 22 تەمموز دابەشدەکرێت بەسەر ئەو خێزانانەدا كه گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

پاکەتی کۆمەك لە 22 تەمموز دابەشدەکرێت بەسەر ئەو خێزانانەدا كه گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

وتی: "چاوپێکەوتنمان لەگەڵ سەرۆکی ئەم خێزانانەدا ئەنجامداوە و پرسیارمان لێکردوون دەربارەی سروشتی ئەو پرۆژە بچوکانەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن و چۆن دەتوانین یارمەتییان بدەین تا سەرکەوتوو بن."

جەهانکیر وتی خێزانەکان چەندین جۆری پرۆژەیان پێشنیاز کردووە.

وتیشی: "هەندێکیان دەیانویست دوکانی سەرچاککردن، دارتاشی یان کارگەی ئاسنگەری، یان دوکانێکی بچوك و شتی لەوشێوەیە دابنێن."

وتی وەك هەنگاوی یەکەم، بەرنامەکە راهێنانی پیشەیی کرد بە بەشداربووان و لە چەند خولێکی راهێنانی چڕوپڕدا تۆماریکردن بە هاریکاری لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەنگاوی دووەم دابینکردنی ئەو كه‌ره‌سانه‌یه‌ کە پێویستیانە.

جەهانکیر وتی: "ئامێر و مەکینە و ئامرازی کارکردنمان کڕیوە بۆ 1,000 پرۆژە بە تێچووی دوو ملیار دینار (1.6 ملیۆن دۆلار) و ئێستاش دەستمانکردووە بە دابەشکردنیان بەسەر بەشداربوواندا."

ئەگەری فراوانکردن

جەهانکیر وتی دەستمانکردووە بە دابەشکردنی پرۆژەکان بەسەر بەشداربوواندا لە ئەنبار، نەینەواش دواتر دێت و پاشان پارێزگاکانی سەلاحەدین، کەرکوك و دیالە -- لەگەڵ دەوروبەری بەغداش -- دوای ئەوان.

وتی پشکی هەر پارێزگایەك بەگوێرەی رێژەی سەدیی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان دیاریدەکرێت.

وتی بەرنامەکە لەئێستادا ئەزمونییە "و تا کۆتایی ئەمساڵ چاودێریی دەکەین و ئەنجامەکانی هەڵدەسەنگێنین، تا ئەگەری فراوانکردنی لە ساڵی داهاتوودا لەبەرچاوبگرین و ژمارەی پرۆژەکان زیادبکەین".

جەهانکیر وتی گەر پشتیوانی دارایی پێویست تەرخانکرا، بەرنامەکە ئەگەری پشتیوانیكردنی زیاد لە 10,000 پرۆژەی هەیە.

وتی پلانەکە وایە کە هەم پرۆژەکان و هەم گروپە بەشداربووەکان هەمەجۆر بکرێن و ئاماژەیکرد بەوەی وەزارەت هەوڵدەدات یارمەتی ئەو جوتیارە هەژارانە بدات کە دەگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی بەرهەمهێنەری داهات بە چەندین شێواز.

وتیشی ئەمە رەنگە دابینکردنی ئامێری کشتوکاڵی، شەتڵگەی شوشەیی و هەنگەوانیی تێدابێت، بەگوێرەی پێداویستییەكانی كه‌سه‌كان یان بارودۆخیان.

هه‌روه‌ها وتی: "دەمانەوێت ئەو تاکانەی زۆرترین زیانی تیرۆریزمیان بەرکەوتووە بگۆڕین بە خەڵکی بەرهەمهێن کە دەتوانن پشتیوانیی خێزانەکانیان بکەن، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی لە داهاتوودا، رەنگە خەڵکی بێکار دابمەزرێنن لە پرۆژەکانیاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500