وریایی زیاتر لە ناوچەكانی پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوای هاوسنووری سوریا وایکردووە هێزە عێراقیەکان پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دهستگیربكهن یان بکوژن و رێبگرن به هەوڵەکانی دزەکردن له سنوورهكهوه، بەرپرسانی عێراقی وتیان.
لەکاتی بەسەردادانێکدا له کۆتایی نیساندا بۆ سەر ناوچەی جەزیرە و قەزای بەعاج له باشوری خۆرئاوای موسڵ و گوندەکانی هاوسنووری سوریا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا 21 ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد.
فەرماندەییەکە لە 24 نیسان رایگەیاند كه لەنێویاندا دوو سەرکردەی سوریی داعش هەبوون.
هێزەکانی عێراق دوو حەشارگەی چەکیشیان دۆزییەوە و دەستیانگرت بەسەر لیستێك ناوی ئەفسەری ئەمنیدا کە کرابوونە ئامانجی تیرۆرکردن.
شهنوكهوكردنهكه دوای ئەوە هات كه بەرپرسانی ناوچەکە زانیارییان دابهدهستهوه دهربارهی چالاکی داعش لە ناوچە دووردەستەکانی خۆرئاوای نەینەوا.
ئەندامی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بنیان جەربا وتی: "ئەم پاشماوانە بەمدواییانە چالاك بوون و لەپشت دزەکردنە ئەمنیەکانەوە بوون، لەنێویاندا بۆمبارانکردن و سوتاندنی خانوەکانی بەعاج."
وتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بەڵێنی داوە هەر کەسێك "بەرپرسیار رابگرێت کە هەوڵی یارمەتیدانی ئەندامانی داعش بدات یان رێگه خۆشبكات بۆ جوڵە و چالاکیەکانیان".
جەربا وتی: "هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بە ئاستێکی باڵای توانست و کاریگەرییەوە." ئاماژەشی كرد بە دەستگیرکردنەکانی نیسان.
وتیشی هێزەکانی عێراق ئامادەن بۆ بەرپەچدانەوەی هەر هەوڵێك هەڕەشە لە ئاسایش بکات و ئاماژەیکرد بەوەی چاودێریی ئاسمانی بەسەر ناوچە سووریەکانەوە هەیە.
وتی لەگەڵئەوەشدا هەنگاوی بەهێزتر پێویستە بۆ پتەوکردنی بەشی نەینەوا لە سنوورهكه لەگەڵ سوریا.
ههروهها وتی: "پێویستمان بە تەکنەلۆژیای چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی زیاترە، لەگەڵ جێگیرکردنی یەکەی زیاتر بۆ پشتیوانیكردنی ئەو هێزانەی جێگیرن لەوێ و پتەوکردنی بازگە ئەمنیەکان بۆ بەتەواوی بنەبڕکردنی دزەکردن لەلایەن تیرۆریستانەوە."
ئاسایشی سنوور لە ئەنبار
هاوکات لە پارێزگای ئەنبار، ئۆپەراسیۆنی شهنوكهوكردن بەردەوامە لە ناوچە سنووریەکان بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکانی داعشدا کە خۆیان لە قوڵایی بیاباندا شاردۆتەوە.
هێزە هاوبەشەکانی عێراق، بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شهنوكهوكردنی 230 کیلۆمەتر خاکیان تەواوکرد بەدرێژایی سنووری سوریالە هەفتەی رابردوودا، بەگوێرەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوانزە تونێلی ژێرزەمینی و حەشارگە و سێ جبەخانە دۆزرانەوە و سێ گومانلێکراو دەستگیرکران.
وتەبێژی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار عهید عەماش بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنیشیان ئەنجامداوە لە ناوچە سنورییەکان لە ناوەندی نیساندا، "کە بوونە هۆی تێکشکاندنی پێنج ئۆتۆمبیل کە تیرۆریستیان لەنێودا بوو لە بیابانی خۆرئاوای ئەنبار".
وتی ئەو هێزە عێراقیانەی لەسەر سنوور جێگیرکراون بریتین له فیرقەی 8ی سوپا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، هێزی تەکتیکی پۆلیسی پارێزگا، هێزەکانی حەشدی خێڵەکی و پاسەوانی سنوور.
عەماش وتی: "سنوور لەلایەن هەموو ئەم هێزانەوە پارێزراوە." ئاماژەیکرد بەوەش كه بوون و وریاییان "ناوچە سنورییەکانی پارێزراوتر کردووە و دۆخەکەیان سەقامگیرتر و کۆنترۆڵکراو کردووە".
وتیشی سەرەڕای جێگیرکردنی هێزی ئەمنی، هێڵی سنووری پارێزراویشە بە کامێرای چاودێری، تەلی دڕکاوی، بازگەی چاودێری، بازگەی پاسەوانی و دەوریەی ئەمنی.
کەمبوونەوەی چالاکی داعش
پاسەوانێكی عێراقی، فالح عیساوی کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە وتی: "چالاکی پاشماوەکانی [داعش] لە ناوچە بیابانیەکانی هاوسێی سوریا روو لە کەمبونەوەیە."
بە دیارونای وت هێزە هاوبەشەکان هێڵی سنووریان پاراستووە بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەندامانی "چیتر بوونێکی ئەوتۆیان لە بیابان نیە".
وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکان لەکاتی خۆیدا ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامدەدەن بە تەرکیز کردنە سەر ناوچەکانی حوسەینیات و عامج و موعهیشر.
پۆلیسی ئەنبار لە 12 نیسان ناوی سێ خۆکوژی داعشی بڵاوکردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمدواییەدا کوژران لە حوسەینیات: ئەبو مستەفا حەیالی، ئەبو هاجهر سنجاری و ئەبو بەشیر محەمەدی.
وتی لەکاتی هەمان ئۆپەراسیۆندا دوو "تیرۆریستی مەترسیدار" دەستگیرکران کە داواکراوبوون لە دادگا، بەناوەکانی ریاز کامل شەتران مەرعاوی (رەبادی) و عەبدولسەلام محەمەد موسەلیم کەربولی، لەگەڵ هەندێك گومانلێکراوی دیکە.
عیساوی وتیشی بەهۆی هەنگاوی ئەمنی کاریگەرەوە "ئەو مەترسیەی پاشماوەکانی داعش هەیانبوو دوورخراوەتەوە لە شارەکان".