هێزەکانی عێراق دووشەممە (27 نیسان) کنەوپشکنینێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا بەدوای پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا کە خۆیان لە بیابانی باکوری روتبە لە خۆرئاوای ئەنبار شاردۆتەوە، دوای هێرشێکی چەکداری بۆسەر بەرپرسێکی ناوچەکە.
ئۆپەراسیۆنەکە چەند كاتژمێرێك هات دوای ئەوەی پاشماوەکانی داعش هەڵیانکوتایە سەر شێخ تەلال عەمسی، ئەندامێکی ئەنجومەنی ناحیهی وەلید، کە لە سنووری کارگێڕیی روتبەدایە. عەمسییان کوشت و کوڕەکەیان رفاند.
ماوەیەکە هێرشەکان زیادیانکردووە لەو ناوچەیەی دەکەوێتە سەر سنووری عێراق-سوریا.
فەرماندەی خێڵەکی ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبێدی بە دیارونای وت هێرشەکەی دووشەممە "چوارەمین هێرشی تیرۆریستیی گەورەیە کە [لە روتبە] ئەنجامدراون لە سەرەتای ئەمساڵەوە."
وتی هەڵکشانێك هەیە لە چالاکی پاشماوەکانی داعشدا لە بیابانهكهی باکوری روتبە، کە لە باشوری شاری قائیمەوە درێژدەبێتەوە تا ناحیهی وەلید، بەدرێژایی سنووری سوریا.
ئەمەی گەڕاندەوە بۆ "خواستی تیرۆریستان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی وەها کە دەنگدانەوەی هەبێت لە میدیادا تا ورەی خۆیان بەرزبکەنەوە".
عوبێدی وتی پاشماوەکانی داعش "هێشتا مەترسیدارن نین، بەڵام توانای مانۆڕ و ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕیان هەیە" و ئاماژەیکرد بەوەی بە نهێنی هاتوچۆدەکەن و زیاتر ئامانجی هێرشەکانیان ئەو گوندانەیه کە ئهمنییهتیان لاوازە.
ئۆپەراسیۆنی پشكنین
وتی تەرکیزی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنینی هێزە ئەمنییەکان لەسەر ئەو ناوچانەیە کە لەسەر هێڵی سنووری سوریان، لەنێویاندا عەکاشات، حوسەینیات، وادی حوران، مەعیشەر و عامج.
وتیشی هێزەکان لە یەکەکانی سوپا، پۆلیس، خێڵەکان، حەشدی شهعبی و پاسەوانی سنوور بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی عێراق بەشداریدهكهن لەم ئۆپەراسیۆنەدا.
وتی تائێستا سێ تونێلی داعش و چەندین شوێنی پشودانیان بەتەواوی وێرانكراون و ئاماژەیکرد بەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامدەبێت تا بە ئامانجەکانی دەگات و حەشارگەکانی داعش لەناودەبات.
عوبێدی وتی هاوکات، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، فیرقەکانی 7 و 8ی سوپا و هێزە خێڵەکیەکان بەردەوامن لە هەوڵە ئەمنیەکان بۆ پشكنینی بیابانهكهی باکوری قائیم.