فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا چوارشەممە (24 نیسان) رایگەیاند کۆنترۆڵی ئەمنی تەواوی سنوری سوریای کردووە لەگەڵ بیابانی خۆرئاوای پارێزگاکە.
بەڕێوبەری راگەیاندنی فەرماندەییەکە، عەمید فیراس بەشار سەبری بە دیارونای وت: "یەکەی پێویست [لە ناوچەکە] جێگیرکراون."
وتی بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە گروپی بچوکی پاشماوهی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێشتا لەوێ چالاك بن.
ئەمە دوای لێدوانی پەرلەمانتارانی نەینەوا دێت لە دوو رۆژی رابردوودا کە نیگەرانییان دەربڕی لە "چالاکی زیادبووی داعش" نزیك بە سنوور.
پەرلەمانتار ئەحمەد مەدلول جەربا لە 22 نیسان وتی: "زیادبوون هەیە لە هێرشە تیرۆریستیەکان و رفاندنەکاندا" لە گوندە سنورییە دوورەدەستەکان و قەزاکانی بەعاج و حهزهر، لە شارۆچکەکانی تەل عەبتە و فڕۆکەخانەی ساری کەرەح.
داوای لە حکومەت کرد کە "یەکە ئەمنیەکان زیاتربکات لەو ناوچانە".
سەبری وتی یەکە گەورەکانی سوپا و پۆلیسی ناوچەکە و هێزە خێڵەکیەکان لەسەر سنوور جێگیرکراون، بەگوێرەی پلانێکی باش تاووتوێکراو لەژێر رێنمایی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگریدا.
وتی: "سەربازانمان ئاسایشی سنوور دەپارێزن و کۆنترۆڵی تووندیان کردووە."
وتیشی درۆنەکان بەردەوام لەم ناوچەیە دەوریە ئهنجامدهدهن و هێزە هەواڵگرییەکان داتای ورد پێشکەش دەکەن بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان کە ئاراستەی ئۆپەراسیۆنە بەرپێگرەکان دەکەن دژی بنکەکانی دوژمن.
پاشماوەیەکی کەمی داعش چالاك ماونەتەوە
سەبری وتی بەڵام داعش "بەتەواوی بنەبڕنەکراوە لە بیابان و هێشتا هەندێك پاشماوە و شانەی نوستووی ماوە -- هەڵبەتە ژمارەیان زۆر کەمە -- کە هەندێك جار هێرش ئەنجامدەدەن".
وتی: "گوندە بیابانیەکان دوورن لەیەکترەوە، هەندێکجار 10 کیلۆمەتر گوندێك لەوی دی جیادەکاتەوە و هەندێکیان زۆر کەم خەڵکیان تێدایە."
وتی سەختە بەتەواوی ئاسایشی ئەو گوندانە بپارێزرێت و هێزی ئەمنییان لێ جێگیربکرێت، بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئەم خەڵکانە شوانن و لە شوێنێك جێگیرنابن.
وتیشی: "هەڵمەتە ئەمنیەکان بۆ دۆزینەوە و هێرشکردنە سەر حەشارگەکانی تیرۆریستان بەردەوامن لەسەر بنەمای هەوڵی هەواڵگری، کە بۆتە بەشێکی چالاك لە ئۆپەراسیۆنەکانمان."
وتی: "داعش تەواوبووە وەك رێکخراو و هێزی چەکدار و چیتر ناتوانیت هێرشی تیرۆریستیی گهوره ئەنجامبدات."