وەزارەتی بەرگری عێراق دووشەممە (11 ئازار) رایگهیاند كه هێزەکانی عێراق حەوت چەکداری رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دەستگیرکرد دوای ئەوەی دزەیانکردبووە ناو عێراقەوە لە سوریاوە.
وتهبێژی وەزارەتەکە عەقید تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "هێزێك لە یەکەی هەواڵگری فیرقەی 15ی سوپا ئەو حەوت چەکدارەی داعشی دەستگیرکرد کە دزەیانکردبووە ناو وڵاتەكهوە لە خاکی سوریاوە."
وتی لە ناوچەی تەل حەیال لە شارۆچکەی رەبیعە لە باکوری رۆژئاوای شاری موسڵ دەستگیرکران.
وتی ئەندامانی هەواڵگریی سەربازی "دزەکەرانیان بینی و چاودێری جموجۆڵیانیان کرد" بەرلەوەی دەستگیریان بکەن لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا.
خەفاجی وتی ئەو حەوت دەستگیرکراوە دواکراوبوون بە تاوانی پەیوەند بە تیرۆریزمەوە لە عێراق و وتیشی چواریان سەر بە دیوانی جوندی داعش بوون (دیوانی کاروباری سەربازەکانی داعش) لە بەناو "ویلایەتی ئەنبار".
وتی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چالاکییەکانیان و پەیوەندییان بە شانە تیرۆریستییەکانەوە.
هەواڵگری عێراقی 'زۆر بەتوانایە'
وتی دەستگیرکردنیان بەشێك بوو لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو لەلایەن هەواڵگریی عێراقییەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا، كه ئەو هێزانە چەند چەکدارێکی داعشیان دەستگیرکرد دوای ئەوەی هەڵهاتبوون لە شەڕەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باغوز لە رۆژهەڵاتی سوریا.
خەفاجی وتی: "ئێمە ئەمڕۆ بەشێکین لە شهڕی هەواڵگری و زانیاری لەگەڵ [داعش] بۆ رێگری لە شانە نووستووەکانی و پاشماوەکانی بۆئەوەی کۆنەبنەوە و هێرش ئەنجامنەدەن."
وتی گروپەکە دەیەوێت "ئهو سەرکەوتنە گەورهیهی دژی بەدەستهاتووە بشێوێنێت و سەرنجی میدیا بەلایخۆیدا رابکێشێت".
وتیشی ئامێری هەواڵگری عێراقی ئێستا "زۆر بەتوانایە لە چاودێریکردن و بەدەستهێنانی زانیاریدا لەسەر تیرۆریستەکان و لێدانیان بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
وتی ئەمە بەڕوونی لەبەرچاوە لە کاتی بەرپەچدانەوەی هەوڵەکانی دزەکردندا لە سوریاوە.
خەفاجی وتی رەوشەکە لەسەر سنووری عێراق و سوریا لەژێر کۆنترۆڵدایە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ژمارەیەکی زۆر لە هێزە زۆر بەتواناکان لەسەر سنوورەکە بڵاوەیان پێکراوە.
وتیشی: "شەڕەکە لە سوریا بەرەو کۆتایی دهچێت. داعش ئێستا شوێنێکی بچوکی بەدەستەوەیە لە باغوز، کە ئەوەش گیرا گروپەکە دوا مۆڵگەی خۆی لەدەست دەدات."