هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەواڵگریی عێراق 2 شانەی داعش هەڵدەوەشێنێتەوە لە ئەنبار

خالید تائی

لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا دوو گومانلێکراوی داعش دەستگیرکران لەلایەن فەوجی تاکتیکی پۆلیسی ئەنباره‌وه‌ لە بیابانی پارێزگاکە لە 27 ئاب. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا دوو گومانلێکراوی داعش دەستگیرکران لەلایەن فەوجی تاکتیکی پۆلیسی ئەنباره‌وه‌ لە بیابانی پارێزگاکە لە 27 ئاب. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی ئەنبار]

لەم هەفتەیەدا هەواڵگریی سەربازیی عێراق ئەندامانی دوو شانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دەستگیرکرد لە پارێزگای ئەنبار، وەزارەتی بەرگری چوارشەممە (28 ئاب) رایگەیاند.

وتەبێژی وەزارەته‌كه‌، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت: "هێزێك لە فیرقەی 10ی سوپای عێراق و لیوای 39ی پیادە دوو شانەی داعشیان هەڵوەشاندەوە کە تێوەگلابوون لە چاندن و تەقاندنەوەی بۆمبی دەستکرد و ئەنجامدانی تیرۆركردن و هێرشی چەکداری لە ئەنبار."

وتی هێزی هەواڵگری شوێنپێی دوو شانەکەی هەڵگرت و دزەی کردە نێویان و نۆ ئەندامیانی دەستگیرکرد دوای بۆسه‌دانان بۆیان لە ناوچەکانی سەقلاویە و دورگەی خالیدیە لە خۆرهەڵاتی شاری رەمادی.

وتیشی: "هێزەکە دەستیگرت بەسەر چەك، کۆمپیوتەر، مۆبایل، کتێب و بەڵگەنامەكانی تیرۆریسته‌كاندا دەربارەی چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانی داعش." ئاماژەی کرد بەوەش كه‌ دەستبەسەرکراوان بەگوێرەی ماددەی 4 یاسای دژە تیرۆر داواکرابوون.

باشتربوونی کاری هەواڵگری

ئۆپەراسیۆنەکە بەشێك بوو لە قۆناغی چواری هەڵمەتی ئەمنیی "ویستی سەرکەوتن"کە پێشتر لەم هەفتەیەدا دەستیپێکرد بۆ پاککردنەوەی بیابانی ئەنبار لە پاشماوەکانی داعش و شوێنپێهەڵگرتنی شانە نوستووەکانی داعش لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە.

بەگوێرەی خەفاجی، رۆژێك پێش ئۆپەراسیۆنەکە، هەواڵگریی سەربازیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا شانەیەکی داعشی لە شاری موسڵ هەڵوەشاندەوە.

وتیشی ئەندامانی شانەکە، کە لە گەڕەکی سۆمەر و لە باشوری گەیارە دەستگیرکران، بەشدارییانکردبوو لە ژمارەیەك کردەی تیرۆریستیدا دژی مەدەنییەکان، لەگەڵ کردەی بەقاچاخبردنی نەوت.

وتی: "لانیکەم چوار شانەی تیرۆریستی لە هەفتەی رابردوودا لە شارەکانی موسڵ و رەمادی هەڵوەشێنراونەتەوە،" کە هەر شانەیەك پێکهاتبوو لە چوار تا پێنج ئەندامی داواکراو بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی خەڵکی بێتاوان.

وتیشی: "دزەکردنە نێو ژمارەیەکی ئاوا لە کاتێکی کەمدا ئاماژەیەکی روونە بەوەی کاری هەواڵگریی [عێراق] گەشەیکردووە و پێشڕەوی بەدەستهاتووە لە چاودێری و شوێنپێهەڵگرتن و دەستگیرکردنی ئامانجە تیرۆریستیەکاندا."

هه‌روه‌ها وتی هێزەکانی عێراق "رێناده‌ن بە ئەندامانی نهێنیی داعش هاتوچۆ بکەن" و جەختیکردەوە لەوەی بەردەوام دەبن لە چاودێریکردن و كردنه‌ ئامانجیان تا ئەوکاتەی هەموویان "بە سزای دادوەرانەی خۆیان دەگەن له‌سه‌ر کارە قێزەونەکانیان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500