هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تۆپبارانی خه‌ستی رژێم ترس دروستده‌كات له‌ حه‌له‌ب

وه‌لید ئه‌بولخه‌یر له‌ قاهیر

كارمه‌ندانی رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا یارمه‌تی كچێك ده‌ده‌ن كه‌ برینداربووه‌ له‌ تۆپبارانی شارۆچكه‌ی نه‌یرابدا له‌ ئیدلیب. [خاوه‌نی وێنه‌: رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا]

كارمه‌ندانی رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا یارمه‌تی كچێك ده‌ده‌ن كه‌ برینداربووه‌ له‌ تۆپبارانی شارۆچكه‌ی نه‌یرابدا له‌ ئیدلیب. [خاوه‌نی وێنه‌: رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا]

چالاكوانێكی ناوخۆ وتی شه‌پۆلێكی ئاواره‌كان له‌ ناوچه‌ی حه‌له‌بی باشوره‌وه‌ هاتوون له‌كاتێكدا مه‌ده‌نییه‌كان رۆژانه‌ به‌هۆی تۆپبارانی رژێمی سوریا و هاوپه‌یمانانیه‌وه‌، ناوچه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵن.

چالاكوان هه‌یسه‌م ئیدلیبی به‌ دیارونای وت تۆپبارانی خه‌ستی رژێم له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی حه‌ما و ئیدلیب بووه‌ته‌ هۆی برینداربوون و كوشتنی چه‌ندین مه‌ده‌نی.

ناوبراو وتی ژماره‌یه‌ك گوند و شارۆچكه‌ی له‌ باشوری ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی حه‌له‌ب كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر بۆردومانی خه‌سته‌وه‌ به‌ موشه‌ك و تۆپ و كاروانێكی گه‌وره‌ی خه‌ڵكیش له‌ ناوچه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ناوه‌وه‌ی پارێزگاكه‌ به‌ڕێوه‌بوو.

وتی بۆردومانی خه‌ست چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی گرتۆته‌، له‌وانه‌ جه‌زرایا، عوسمانییه‌، زه‌مار جه‌دیده‌، تال باجیر و عه‌یس.

كارمه‌ندانی رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا پاشماوه‌كانی داروپه‌ردووی بینا رووخاوه‌كان لاده‌به‌ن كه‌ به‌هۆی تۆپبارانه‌كانی رژێمه‌وه‌ رووخاون له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی حه‌ما بۆ پاككردنه‌وه‌ی رێگا بۆ مه‌ده‌نییه‌كان. [خاوه‌نی وێنه‌: رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا]

كارمه‌ندانی رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا پاشماوه‌كانی داروپه‌ردووی بینا رووخاوه‌كان لاده‌به‌ن كه‌ به‌هۆی تۆپبارانه‌كانی رژێمه‌وه‌ رووخاون له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی حه‌ما بۆ پاككردنه‌وه‌ی رێگا بۆ مه‌ده‌نییه‌كان. [خاوه‌نی وێنه‌: رێكخراوی پاراستنی مه‌ده‌نییه‌كانی سوریا]

وتیشی ئه‌م شارۆچكانه‌ له‌سه‌ر هێڵێكن كه‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی رژێمن. هه‌روه‌ها وتی ئه‌م شارۆچكانه‌ گرنگی ستراتیجییان هه‌یه‌ بۆ رژێم چونكه‌ له‌ نزیك دووڕیانه‌ گه‌وره‌كانن.

تۆپبارانی به‌رده‌وامی رژێم

ئیدلیبی وتی تۆپبارانی به‌رده‌وامی سێ رۆژی رابردوو بووه‌ته‌ هۆی كوشتنی سێ مه‌ده‌نی و برینداربوونی 14ی دیكه‌.

ناوبراو وتی پێنجشه‌ممه‌ (7 ئازار) تۆپبارانه‌كه‌ قه‌راغه‌كانی پارێزگای ئیدلیبیان گرته‌وه‌، به‌تایبه‌تی شاره‌كانی جسر شوغور، خان شه‌یخون، نه‌یراب و خان سوبول.

كۆمه‌ڵێك موشه‌ك شارۆچكه‌كانی نه‌یراب و خان شه‌یخونیان هه‌ژاند، ئه‌مه‌ش وێرانكاری گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.

ئیدلیبی وتی شاره‌كانی دیكه‌ كه‌ به‌ر بۆردومانه‌كانی رژێم كه‌وتن پێكدێن له‌ قاستون و زه‌یزون و زه‌یارا، كه‌ تێیاندا 11 كه‌س كوژران، له‌نێویاندا چه‌كداری ئۆپۆزسیۆن و مه‌ده‌نی، چه‌ندانی دیكه‌ش برینداربوون.

ناوبراو وتی زۆربه‌ی زۆری كوژراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ژن و منداڵن.

وتی: "له‌ ئێستادا ترسێك له‌نێو مه‌ده‌نییه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م تۆپبارانه‌ رۆژانانه‌ ده‌ستپێكی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی فراوان بێت له‌لایه‌ن رژێم و هاوپه‌یمانانیه‌وه‌."

وتیشی ئه‌مه‌ش پڕمه‌ترسییه‌ چونكه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو ناوچه‌ی ئارامكه‌ له‌ رێكه‌وتننامه‌یه‌كدا پێكهێنرا كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی سوریا و توركیا و روسیاوه‌ واژۆكرا.

خان شه‌یخون چۆڵكراوه‌

له‌ شارۆچكه‌ی خان شه‌یخونی ئیدلیب، شه‌قامه‌كه‌ن تاڕاده‌یه‌ك چۆڵن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.

شه‌ڕوپێكدادان و توندوتیژی له‌و ناوچانه‌ی چه‌كداریان لێ نیه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌ له‌ هه‌فته‌كانی رابردوودا و تۆپبارانی رژێمیش بۆ سه‌ر خان شه‌یخون بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌زاران كه‌س هه‌ڵبێن.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه‌ له‌ ده‌ستپێكی شوباته‌وه‌، زیاتر له‌ 7,000 ژن و منداڵ و پیاو شارۆچكه‌كه‌یان به‌جێهێشتوووه‌، زۆربه‌ی زۆریان بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئیدلیب رۆیشتوون.

دانیشتوویه‌كی ناوچه‌كه‌، ئه‌بو عه‌بدول سه‌رمانی، وتی خۆی و هاوژینه‌كه‌ی و سێ كچه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو خان شه‌یخونیان به‌جێهێشت به‌هۆی بۆردومانه‌كانه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ شاره‌كه‌ چتر بۆ ژیان نه‌ده‌شیا.

ناوبراو وتی: "هیچ كارێكی لێ نیه‌، هیچ كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ نیه‌، هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك، دكتۆرێك، ده‌رمانخانه‌یه‌ك، یان خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ ژیانكردن نین."

سه‌رمانی وتی خێزانه‌كه‌ی له‌ سه‌رماده‌ جێگیربوون، 100 كیلۆمه‌تر له‌ باكوره‌وه‌.

له‌كاتێكدا شه‌ڕی سوریا پێده‌نێته‌ هه‌شت ساڵه‌وه‌، رژێمی سوریا پێشڕه‌ویی كردووه‌ و ئێستاش نزیكه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی وڵاته‌كه‌ و زۆربه‌ی شاڕێگه‌ سه‌ره‌كییه‌ ناسراو و گرنگه‌كانیشی كۆنترۆڵكردۆته‌وه‌.

به‌ڵام به‌شێك له‌ شاڕێگه‌ی نێوان دیمه‌شق و حه‌له‌ب هێشتا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێمدان، كه‌ به‌نێو ئیدلیبدا ده‌ڕوات و به‌ خان شه‌یخونیشدا تێده‌په‌ڕێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500