https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/09/21/feature-01

×
×
ئاساییش |

ئاوارەکان دەگەڕێنەوە رەشاد لە پارێزگای کەرکوك

خالید تائی

image

بەرپرسانی رەشاد دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن بە کرانەوەی ناوەندی شارۆچکەکەیان و گەڕانەوەی دانیشتوانەکە وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە 6 ئەیلول لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت خێزانە ئاوارە عێراقیەکان دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بۆ ماڵه‌كانیان لە ناحیەی رەشاد لە پارێزگای کەرکوك، چونکە ئێستا ناوچەکە پاکراوەتەوە لە مین و تەقەمەنیەکان.

هێمایەکی دیکەی گەڕانەوەی باری ئاسایی بۆ ناحیەی رەشاد، کە بەشێكە لە قەزای حەویجە، کردنەوەی بینای ئیدارەی ناوخۆیی بوو بۆ راپەڕاندنی کارەکانی لە 6 ئەیلول.

هێزەکانی عێراقساڵی رابردوو قەزاکەیان گرتەوە دوای چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رزگارکردنی حەویجە لەده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

خێزانە ئاوارەکان نەیانده‌توانی بگەڕێنەوە، چونکە داعش ناوەندی قەزاکە و گوندەکانی دەوروبەری بە مین و ته‌قه‌مه‌نیی دیکە تەنیبوو.

image

پۆلیسی فیدرالی عێراق ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان به‌دوای چەکدارانی داعشدا ئه‌نجامده‌ده‌ن لە رەشاد، وەك لەم وێنەیەدا دەردەکەوێت کە 15 حوزەیران لەسەر ئینتەرنت بڵاوکرایەوە. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدرال]

سەرۆکی ئیدارەی ناحیەی رەشاد، لویس عوبەیدی وتی: "دوای هەوڵێکی زۆر پۆلیس توانیان هەموو تەقەمەنیەکان لابەرن و به‌ته‌واوی ناوچەکە لەو هەڕەشەیه‌ پاکبکه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌منیه‌تی دانیشتوانی ده‌خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌."

بە دیارونای وت هەموو بیناکانی ئیدارە فەرمی و خزمەتگوزاریەکان بە بارەگای پۆلیسیشەوە ئێستا کراوەن، چونکە کارەکانی پاکردنەوەی مینەکان و بنیاتنان تەواوبوون.

خێزانکان بۆ یەکەمجار دەگەڕێنەوە

عوبەیدی وتی یەکەم قافڵەی 70 خێزانیی ئاوارەكان گه‌ڕایه‌وه‌ رەشاد و وتی دووەم قافڵەش 50 خێزانن و بەم نزیکانە بەڕێدەکەون.

وتیشی: "هەموو خێزانەکان پشکنینی ئەمنییان بۆ دەکرێت بەرلەوەی رێیانبدرێت بگەڕێنەوە" بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە هیچ ئه‌ندامێكی داعش خۆی نەخزاندۆتە ناویانەوە.

عوبەیدی هیواخوازە گەڕانەوەیان "دەستپێکێکی ئەرێنی" بێت و ببێتە بناغەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانی دیکە بۆ رەشاد و ناوچەکانی دیکەی حەویجە.

وتی: "دانیشتوانەكه‌ هاوپەیمانی یەکەمەن لە هەوڵە ئەمنیەکاندا و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان بەشێكە لە پرۆسەی ئارامكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان کە بەر کاریگەریی تیرۆریزم کەوتبوون."

وتیشی: "هیواخوازین هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەیەدا سەرکەوتووبێت و هەموو شتێك بگەڕێتەوە باری ئاسایی و پەرەبسێنن."

تەقەمەنییە دەستکردەکان لابران

سەرۆکی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوك، عەقید ئەفراسیاو کامیل وه‌یس، وتی رەشاد بەتەواوی پاکراوەتەوە لەو تەقەمەنیانه‌ی چەکدارانی داعش لە شەقامەکان و بینا گشتیەکاندا دایاننابوون.

وتی: "ژمارەیەکی زۆر تەقەمەنی و بۆمب پوچەڵکراونەتەوە و لەلایەن پۆلیسی فیدراڵ و ناوخۆوە تەقێنراونەتەوە."

ئەمەش کارئاسانی کردووە بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانە ئاوارەکان.

وتی: "رەوشی ئەمنی بەگشتی باشە و ژماریەکی زۆر پۆلیسیش نێردراون بۆ سنووری شارۆچکەکە." وتیشی دەورییەکانی گەڕان چەندین حەشارگە و شوێنی هەڵگرتنی چەکەکانی داعشیان لەناوبردووە.

وتی قەیرانی ئاوارەکان لە عێراق خەریکە کۆتایی دێت، "هیواداریشین کەس لە ئاوارەییدا نەمینێتەوە نەك هەر لە حەویجە بەڵکو لە سه‌رتاسه‌ری کەرکوكدا".

پابەندبوون بە بەرقەراربوونی ئاسایشه‌وه‌

ئەندامێكی ئەنجومەنی قەزای حەویجە، عەمار حەمەدانی، ستایشی هەوڵە "نمونەییەکانی" هێزە ئەمنیەکانی کرد لە پاکردنەوەی ناحیەی رەشاد لە پاشماوەکانی داعش و دۆزینەوەی حەشارگەکانیان.

بە دیارونای وت دانیشتووانەکە پابەندن بە گەڕانەوەی ئەمنییەت بۆ شارۆچکەکە و پشتگیری کارەکانی هێزە ئەمنیەکانیش دەکەن.

وتی: "کۆمیتەی ئەمنی هاوبەش هەیە و ئاژانسی کۆچبەرانیش لە کەرکوك سەیری داواكاریی [گەڕانەوەی] ئاوارەکان دەکات بۆئەوەی دڵنیایی هەبێت لەسەر ئەوەی مەلەفی ئەمنییان پاکە."

محەمەد جبوری، تەمەن 57 ساڵ، بەمدواییانە گەڕاوەتەوە ناوەندی رەشاد.

بە دیارونای وت: "ماوەیکی زۆر ئاوارەبووین، هەر لەبەر ئەوەشە دڵخۆشیمان پێناسەناکرێت (...) بڕواناکەین كه‌ دواجار گەڕاوینه‌ته‌وه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha