هێزەکانی پۆلیسی فیدرالی عێراق قەزای حەویجەیان لە رۆژئاوای پارێزگای کەرکوك پاکردۆتەوە لە تەقەمەنییە دەستکردەکان و تەقەمەنییەکانی دیکەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) چاندبوونی.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا دووشەممە ( 9 ئازار) رایگهیاند كه کێڵگەیەکی مین لە ناوچەکە دۆزرایەوە و 104 تەقەمەنی دەستکردی تیادابوو.
فەرماندەی پۆلیسی فیدرالی، فەریق جەعفەر بەتات وتی دۆزینەوەی کێڵگەی مینەکە دوای "ئۆپەراسیۆنێکی پلانبۆدانراوی فیرقەی 3ی پۆلیسی فیدرالی ئەنجامدرا کە لەسەر زانیاری درووستی هەواڵگری ئەنجامدرا".
وتی یەکەی مامەڵەکردن لەگهڵ تەقەمهنی، هەموو ئامێرەکانیان بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو لەو شوێنەدا تەقاندەوە.
لەهەمانکاتدا فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدرالی سێشەممە دەستیگرت بەسەر 250 کیلۆ تەقەمەنی C-4دا لەکاتی پشکنینیە گوندی نوێشین و وادی کەرحە لە ناحیەی رەشادی سەر بە حەویجە.
شەش تەقەمەنی دەستکردیشیان پوچەڵکردەوە لەگەڵ جلیکانەیەکی پڕ لە تەقەمەنی C-4 لەکاتی پشکنینی وادی حەشیشەدا لە رەشاد.
'هەوڵی نمونەیی'
شارەزایهكی بواری ئەمنی، محەمەد روبەیعی بە دیارونای وت هێزەکانی پۆلیس و سوپا "هەوڵی نمونەیی" دەدەن بۆ پاککردنەوەی حەویجە و شارۆچکە رزگارکراوەکانی دیکە لە پاشماوەكانی شهڕی داعش.
وتی: "ئەوکاتەی خاکێكی زۆری عێراقی لەژێردەستدا بوو، داعش ژمارەیەکی زۆر مین و تەقەمەنی چاندبوو بۆ پاراستنی بنکەکانی و رێگریکردن لە پێشڕەوی هێزەكانی رزگاری."
وتیشی: "زۆربەی تەقەمەنییە دەستکردەکان بەشێوەیەك چێندرابوون کە سەخت بوو بدۆزرێنەوە و لاببرێن و پوچەڵبکرێنەوە، ئەوەش ئالنگارییهك بوو بۆ تیمە ئەندازیارییەکان و دەزگا تایبتەکانی دیکەی هاوکاربوون بۆ لابردنیان."
روبەیعی وتی: " سەرباری ئالنگارییهكان، هێزە ئەمنییەکان سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستهێناوە لە پاککردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکاندا لە پاشماوەکانی شهڕی تیرۆریستان."
وتی پۆلیسی فیدرالی لەو ناوچانهی تیایاندا بەرپرسیارە لە رۆژئاوای کەرکوك "هەزاران مین و تەقەمەنی دەستکرد و تەقەمەنی نەتەقێنراوەیان لابردووە،" کە لە 200 گوند چێندرابوون لە نزیك رەشاد وعەباسی و ریاز جگە لە ناوچهکانی دهوروبهری ناوەندی قەزای حەویجە.
وتیشی گرنگە ئەو هەوڵانە بەردەوامبن بۆ "رێگرتن لەوەی پاشماوەکانی دوژمن وەك سەرچاوەی هەڕەشە بەکاریانبهێنن و بۆ نەهێشتنی مەترسی لەسەر ژیانی مەدەنییەکان".