بەرپرسانی ناوخۆیی بە دیارونایان وت هێزەکانی عێراق بەردەوامن لە راوەدوونانی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و لە هەمانکاتیشدا کاردەکەن بۆ بڕینی سەرچاوەکانی گەیاندنی خۆراك بە گروپەکە.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كهعود بە دیارونای وت لەناوبردنی سەرچاوەکانی گەیاندنی هاوکاری بە چەکدارەکان "ئامانجی یەکەمی" هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی هەواڵگرییە.
وتی: "ئەو هێزانە بەردەوام ئۆپەراسیۆنی چاودێریکردن ئەنجامدەدەن بۆ گرتنی ئەندامانی شانە نوستووەکانی تیرۆریستان لەناو شارەکاندا، کە بەرپرسیارن لە گەیاندنی خۆراکی وشکە و خواردنی قوتوو بە [چەکدارەکانی داعش] کە لە بیابان و چۆڵهوانیهكاندا خۆیانحەشارداوە.
وتیشی ئەو شانە نوستووانە بەشێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانی چەکداران بەوەی خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابیندەکەن، چونکە پێویستن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا و بەردەوامیدان بە چالاکیەکانیان.
"ئەوان دەماری ژیانی پاشماوەکانی داعشن."
چاودێریکردنی بەردەوام
هێزەکان عێراق له 29 ئابچوار پیاویان گرت لە شەرگات لە باکوری پارێزگای سەڵاحەدین، کە تۆمەتبارن بە دابینکردنی خۆراك بۆ پاشماوەکانی داعش لە رێگای رووباری دیجلەوە.
قاچاخچییەکان چەند فرێزەرێکیان خسۆتە ناو رووبارەکەوە و كه تێیاندا خۆراكی وشکە و خواردنی ناو قوتوو هەبووە تا رووبارەکە بیگهیهنێته ئهو ناوچە دوورەدەستانەی چەکدارانی داعشی لێن و ههڵیانبگرنهوه.
تۆمەتبارەکان دانیانناوە بەوەدا كه هەموو رۆژێك خواردنیان بە قاچاخ لەو رێگەیەوە گەیاندۆتە داعش، ئێستاش چاوەڕێدەکەن دادگایی بکرێن لە دادگایەکی سەڵاحەدین لەسەر تۆمەتی هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستهكان.
كهعود جەختیکردەوە لە "گرنگی درووستکردنی پەیوەندیی نزیك لەگەڵ دانیشتوانی ناوچهكان و پێكهێنانی شەپۆلێك لە هەواڵگری بۆ دۆزینەوەی هێڵە شاراوەکانی دیکەی گەیاندنی پێداویستیەکان".
داوای توندکردنی رێکارەکان و پشکنینی کرد لەسەر رێگا سەرەکیەکان بۆئەوەی هەر بارێکی رێگەپێنەدراوی خۆراك بگرن و داواشیکرد فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێنرێت بۆ چاودێریکردنی رێگا خۆڵە دوورەدەستەکان، کە دەکرێت وەك رێگای گەیاندنی پێداویستی بە توندڕەوەکان بەکاربهێنرێن.
كهعود وتی هێزە ئەمنیەکان زۆرجار رێگا نهێنیەکان دەکەنە ئامانج کە چەکداران بەکاریاندەهێنن بۆ گەیشتنیان بە شوێنی هەڵگرتنی خۆراكەکانیان لە بیاباندا.
یەکەیەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە 31 تەمموز ئاگری بەردا لە لۆرییەك کە خۆراکی هەڵگرتبوو دوای ئەوەی کەمینیان بۆ دانابوو لەسەر ڕێگایەکی دوورەدەست لە هەرێمی شاخاوی قیزڵقیز نزیك به حەمرین.
پاشماوەکانی داعش لە 'تهنگانهدان'
ئەندامێكی ئەنجومەنی شارۆچکەی حەویجە، عەمار حەمدانی بە دیارونای وت: "کردنە ئامانجی هەر هێڵێکی گەیاندنی خۆراك [بە چەکدارەکان] کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر پاشماوەکانی داعش و داڕووخانیان خێراتردەکات."
وتی: "گوندە دوورەدەستەکانی بیابان کە تیرۆریستەکان تێیاندا هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵ و دوکانەکان بۆ دزینی خواردن، ئەمڕۆ ئارامن و پارێزراون لەلایەن بازنە ئەمنیەکانەوە."
وتیشی دانیشتوانەکە خێرا هەر زانیاریەكیان دەسکەوێت دەیدەن بۆ گرتنی ئەوانەی دەستیان هەیە لەگەڵ پاشماوەکانی داعش و هاوکارییان دەکەن لەڕێی دابینکردنی خواردن و چەك و زانیارییهوه.
حەمدانی وتی: "ئهو ماڵە پەناگانهی تیرۆریستان كه هێزە ئەمنیەکانەوە دهدۆزرێنهوه، زۆرجاران جگه له چەك و تەقەمەنی، خۆراكیان تێدایه و یەکسەر فڕێدهدرێن."
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی وتی: "دوا ئازاری کۆتایی شەڕەکە دەکێشین بۆ ریشەکێشکردنی داعش لە وڵاتەکە و نەهێشتنی هەرچی سەرچاوەی توانا و بهردهوامبوونی گروپەکەیە."
بە دیارونای وت: "هێزەکانمان زیاتر تیرۆریستەکان پەراوێزدەخەن لە بیابانەکان و لە خواردنیان بێبهشدەکەن."
وتی بێبهشكردنی پاشماوەکانی داعش له خواردن و ئاو "بەشێکی سەرەکی پلانی سەرکەوتنە بەسەر پاشماوەکانی تیرۆریزمدا".
هێزەکانی سوپا و پۆلیس لە پارێزگای نەینەوا چەندین حەشارگەی چەکدارەکانیان لەناوبردووە کە پێداویستییان تێدابووه و چەندین هێرشیشیان کردۆتەسەر ئەو قافڵانەی باری خۆراکیان هەڵگرتووە.
حەدیدی وتی راپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن كه پاشماوەکانی داعش "لە تهنگانهدان، چونکە پێداویستیەکانی پێیان دەگەیشتن زۆر کەمبوونەتەوە و ئەو خواردنانەش کە جێیانهێشتوون وشك بوونەتەوە."
جەختیشیکردەوە کە پێویستە "سنوور لەگەڵ سوریا بەرگری لێبکرێت و هیچ بۆشاییەك نەهێڵرێتەوە کە داعش بتوانێت لێوەی پێداویستیەکانی بە قاچاخ بگەیەنێتە ئهو چەکدارانهی لە بیابانەکەی عێراقدا گەمارۆدراون".
بهڵێ، ئێمه ئازار دهچێژین. به شتیوانی خوا، ئهمه كۆتاییپێدێت.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت