هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

هێزەکانی عێراق سەرچاوە لۆجیستییەکانی داعش دەبڕن

خالید تائی

دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان حەشارگەیەکی داعش دەپشکنن لە بیابانی سەڵاحەدین لە ئایاری 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان حەشارگەیەکی داعش دەپشکنن لە بیابانی سەڵاحەدین لە ئایاری 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق هەوڵەکانیان زیادکردووە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی پشتیوانی لۆجسیتی بە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە خۆیان لە ناوچە دوورەدەستەکان حه‌شارداوه‌.

شارەزایان بە دیارونایان وت دەزگاکان سەرنجیان لەسەر سەرچاوە نهێنییەکانی پشتیوانی لۆجیستییە کە هاوکارن تووندڕەوەکان لە ژیاندا بمێننه‌وه‌ لە کەشە نالەبارەکاندا.

راپۆرتەکانی هەواڵگری سەربازی چەندین تۆڕی پشتیوانانییان ئاشکراکردووە کە ده‌رمان و پێداویستی دیکەیان گەیاندۆتە پاشماوەکانی داعش بۆئەوەی هاوکاریان بن لە ژیاندا بمێننه‌وه‌.

لە 25 کانونی یەکەم، دەزگا هەواڵگرییەکان خۆیان خزاندە ناو شانەیەکی 14 ئەندامی و لەناویانبرد لە شارۆچکەی قائیم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار کە چالاکانە پێداویستییەکانی دابیندەکرد بۆ چەکدارەکان لە بیابان.

پۆشاك و خواردن دۆزرانەوە لە هەڵمەتێكی عێراقییەکاندا کە پەناگەیەکی حەوانەوەی داعشیان کردە ئامانج لە شارۆچکەی پردێ لە پارێزگای کەرکوك. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی عێراق]

پۆشاك و خواردن دۆزرانەوە لە هەڵمەتێكی عێراقییەکاندا کە پەناگەیەکی حەوانەوەی داعشیان کردە ئامانج لە شارۆچکەی پردێ لە پارێزگای کەرکوك. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی عێراق]

لە رووداوێکی دیکەدا، دەزگا هەواڵگرییەکان لە 16 کانونی یەکەم کەسێكیان دەستگیرکرد لە شارۆچکەی شەرگاتی پارێزگای سەڵاحەدین کە تاوانباربوو بە تیمارکردنی چەکدارە بریندارەکانی داعش کە خۆیان لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان دەربازکردبوو.

شرۆڤەکاری ئەمنی فازڵ ئەبو رەغیف وتی دەزگا هەواڵگرییەکان "هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەس و شانە تیرۆریستیانەی پشتیوانی لۆجیستی دابیندەکەن بۆ چەکدارانی داعش کە لە بیابان و چیا و ناوچە دوورە دەستەکان خۆیان حەشاردەدەن.

بە دیارونای وت سەرکەوتنەکان بەشێکن لە هەوڵی "تووندکردنەوەی پەتی قەنارە لە ملی تیرۆریستەکاندا و رێگرتن لە چوونی هاوکاری بۆیان کە یارمەتییان دەدات لە ژیاندا بمێننه‌وه‌".

وتیشی دەستگیرکردنەکانی ئەمدواییانە "پشتیوانانی سەرەکییان کردە ئامانج کە خۆراك و دەرمان و سوتەمەنی و کەلوپەلی دیکەی ژیانیان بۆ پەناگەکانی حەوانەوەی تیرۆریستەکان دابیندەکرد".

مەدەنییەکان هاوکاری هێزە ئەمنییەکان ده‌كه‌ن

ئەبو رەغیف وتی دانیشتووانەکە "رۆڵێکی کارامەیان گێڕاوە" لە هاوکاریکردن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی سەرچاوەکانی گەیاندنی ئەو پێداویستییانە.

وتی پاشماوەکانی داعش ئێستا بەگشتی پشتیان ئەستوورە بە هاوکاری هەوادارە ناوخۆییەکانیان بۆ دەسخستنی پێداویستیە لۆجیستییەکانیان، بەتایبەتی لەکاتێکدا تووندوتۆڵیی رێکارە ئەمنییەکان لەسەر سنووری سوریا زۆر کاریگەرانە تواناکانی بەقاچاخبردنی پێداویستییەکانیانی کەمکردۆتەوە.

وتی ئەو فشارە ئەمنییانە وایانکرد چەکداره‌كان چیدی نەتوانن جموجۆڵبکەن بە ئازادی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە یان چاوسووربکەنەوە لە دانیشتووانی گوندە دوورەدەستەکان و دزینی بەروبوم و خۆراك و کەلوپەلەکانیان و بەزۆر باجیان لێوەربگرن.

لەهەمانکاتدا، ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بەردەوامن لە کردنە ئامانجی شانە نهێنییەکانی داعش کە دەستیان هەیە لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا.

وتی: "دوو شانە لەناوبران لەمدواییانەدا، یەکێکیان شەش ئەندامی هەبوو لە سەڵاحەدین و بەرپرسیاربوو لە دوایین تەقینەوەکانی کەرکوك، ئەوەی دیکە شانەیەکی چوار ئەندامی بوو کە دەستی هەبوو لە تەقینەوەی دوو ئۆتۆمۆبیلدا لە موسڵ کەمتر لە ساڵێك لەمەوبەر."

پشتیوانی بۆ داعش کەمبۆتەوە

شرۆڤەکاری سەربازی، سەفا ئه‌عسه‌م وتی چەکدارانی داعش دەناڵێنن بەده‌ست "گۆشه‌گیرییه‌كی خنکێنەره‌وه‌" لە بیابان و دۆڵ و ناوچە شاخاوییەکانی خۆیان تیادا حەشارداوە بەڵام "هێشتا پشتیوانییان دەکرێت لەلایەن شانە نوستووەکانیانەوە".

وتی: " سەختە بیهێنینه‌ بەرچاو کە ئەو چەکدارە گۆشه‌گیركراوانه‌ هیچ جۆرە پێداویستییەکیان پێنەگات بەڵام دڵنیاین پشتیوانی لۆجیستی بۆیان رۆژانە لە کەمبوونەوەدایە و وەکو پێشتر نییە."

بەگوێره‌ی عەسام، ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و هەواڵگرییەکان ئه‌و پشتیوانییه‌یان به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر کەمکردۆتەوە.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئەو ئۆپەراسیۆنانە زیادیانکردووە و بوونەتە هۆی لەناوبردنی تۆڕە تیرۆریستییەکان و دەستگیرکردنی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی خواردن و دەرمان و سوتەمەنی و کەلوپەلی چێشتلێنان و خەوتن و ئامێری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارە و چەك و زانیاری بۆ داعش دابیندەکرد.

وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان "شوێنی تیرۆریستەکان و حەشارگەکانیانی ئەو شمەك و دەرمانانه‌یان لێهه‌ڵگرتبوو" كرده‌ ئامانج.

هه‌روه‌ها وتی بڕینی هێڵەکانی گەیاندنی كۆمه‌كی لۆجیستی "تاکتیکێکی سه‌ره‌كیی گوشاركردن و ئامێرێكی سەرکەوتووە بۆ لەناوبردنی تیرۆریزم". وتیشی: "هێزەکانمان لەم لایەنەوە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە".

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عه‌ید عەماش بە دیارونای وت ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەرفەت نا‌هێڵنەوە بۆ تیرۆریستەکان تا لە یەك شوێندا بمێننەوە و فشاریان دەخەنەسەر لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون دووربکەونەوە.

وتی هەر لەبەرئەوەش زۆر گرنگە هێرشە ئاسمانیەکان ئەنجامدرێن بۆ کردنە ئامانجی هێڵەکانی گەیاندنی پشتیوانی و ئه‌و شوێنانه‌ی داعش خۆراك و چەكیان تیادا هەڵدەگرێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

عێراق له‌جیاتی هه‌موو جیهان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم ده‌كات. كه‌چی كه‌س نادۆزێته‌وه‌ پشتگیریی لێبكات له‌سه‌ر زه‌وی؛ ته‌نها وشه‌ی بێسوودن. ئه‌وه‌ ئه‌ركی هه‌موو وڵاتانه‌، جا له‌ ئه‌وروپا بێت یان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ كۆمه‌ك و رێنمایی و چه‌ك و شتی تر دابینبكه‌ن تا شه‌ڕه‌كه‌ی دژی تیرۆریزم سه‌ركه‌وتوو بێت.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌