هێزەکانی عێراق کاریانكردووه بۆ پتهوكردنی سنوور لەگەڵ سوریا و بەرپەچدانەوەی دزەکردنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە رێگای درووستکردنی رەبایە و دانانی تەکنەلۆژیای سهنگهربهندی.
سنوورەکە بازگەی پاسەوانی بۆ دانراوە لەگەڵ کامێرای گەرمی و هەستەوەرهكانی لهدوورهوه هەر جۆرە جوڵەیەك لە ناوچەکە ههستپێدهكهن.
لە ناوەڕاستی نیساندا، سوپای عێراق و پاسەوانی سنوور خەندەقێکی 100 کیلۆمەترییان هەڵکەند بەدرێژایی سنوورەکە و شارەکانی راوە و قائیمی پارێزگای ئەنباری لە بەشی سوریا جیاکردەوە.
خەندەقەکە شەش مەتر درێژە و سێ مەتر پانە، ئەو خۆڵەش کە دەرهێنرابوو وەك تەپۆڵکە بەکارهێنرا بۆئەوەی پتهوتركردنی بهربهستهكان.
![ئەندامانی پاسەوانی سنووری عێراق پشکنین ئەنجامدەدەن لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار، نزیك بە سنووری سوریا. [خاوەنی وێنە: پاسەوانی سنووری عێراق]](/cnmi_di/images/2018/08/23/14101-Iraq-Qaim-border-600_384.jpg)
ئەندامانی پاسەوانی سنووری عێراق پشکنین ئەنجامدەدەن لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار، نزیك بە سنووری سوریا. [خاوەنی وێنە: پاسەوانی سنووری عێراق]
هێزەکانی پاسەوانی سنوور کۆتایی حوزەیران دەستیانکرد بە پرۆژەیەکی دیکە بۆ پتەوکردنی رێکارەکانی پاراستن، کە درووستکردنی تەلبەندێکی دڕکاوی لەخۆگرتبوو، پاڵپشتیكراو بە تاوەری چاودێریکردن و ئامێرەکانی دیکەی چاودێری لەگەڵ دەورییە ئەمنییەکان.
رێکارەکانی سهنگهربهندی
سەرۆكی شارەوانی راوە، عەلی عەکیدی بە دیارونای وت ئهو رێکارانهی سهنگهربهندی زۆر کاریگەربوون لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سنوورەکەوه.
وتی: "هێزە ئەمنییەکان، وەك فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و سوپا و پاسەوانانی سنوور، ڕێکاری زۆر توندیان داناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکە لەگەڵ سوریا."
وتی رێکارە عەمەلییەکان بریتین لە "هەڵکەندنی چاڵ و دروستکردنی تەپۆڵکە و دانانی تەلبەندی دڕکاوی و كردنیان به سهنگهربهندیی زرنگ لهڕێی بەکارهێنانی کامێرا و ئامێرە هەستەوەرەکان و ئامێرەکانی چاودێریکردنهوه."
عەکیدی وتی ئەو رێکارانە "ئهمنیهتی سنوورهكهیان پتەوکردووە و لهسهدا 80 دزەکردنی تیرۆریستانیان لە سوریاوە کەمکردۆتهوه."
وتی هێزێكی زۆریش بۆ بازگە سنوورییەکان نێردراون و 24 کاتژمێر چاودێری هەیە لە ناوچە سەرەکییەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه: "سنوورەکان پێشتر واڵا و کراوەبوون و ئێستا داخراون."
وتیشی هەوڵەکانی دزەکردن خێرا بەرپەچدەدرێەنەوە و ئەوانەش کە دەیانەوێت بە نایاسایی سنوورەکە ببەزێنن و بێنە عێراق لەلایەن هێرشی ئاسمانییەوە دەکرێنە ئامانج ئەو کاتەی کە هێشتا هەر لە بیابانەکەدان.
عەکیدی وتی: "هێزەکانی عێراق و فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیبەمدواییانە گورزی توندیان دا لە داعشو ئەو ئەندامانەی گروپەکەیان کردە ئامانج کە دەیانویست دزەبکەن لە بیابانەکەی رۆژئاوای ئەنبارهوه."
وتی هێرشێکی هاوپەیمانان لە باکوری راوە 7 ئاب "ژمارەیەك تیرۆریستی کوشت کە لە ئەشکەوتێکدا بوون" و وتیشی دواتر زانرا ئەوانە دزەیانکردبوو، هەندێکیشیان سەرکردەی داعش بوون.
کەمبوونەوەی ههڕهشهكانی سەر سنوورهكه
وتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، عید عەماش، بە دیارونای وت: "هەوڵەکانی داعش بۆ بەزاندنی سنوورەکە ئێستا سەرکەوتوو نین."
وتی: "ههڕهشهكان لە سنووری سوریاوە تاڕادەیەك کەمبوونهتەوە، سوپاس بۆ چەند فاکتەرێك، بەتایبەتی سهنگهربهندییه ئەمنییه چڕهكان و چالاکی توندوتۆڵی سەربازی بۆ پاراستنی هێڵه سنوورییهكه و بیابانهكهی نزیكی."
عەماش وتی ئەو پێشێلکاریانەش کە ئەنجامدەدرێن خێرا بەرپەچدەدرێنەوە، هەموویان لە ناوچەی هەجین و گوندەکانی سوسە و باغۆز لە سوریاوە دێن، کە لکاون بە بیابانی فوراتی سەرووهوه لە باکوری شارەکانی راوە و قائیم.
وتیشی: "زۆر پێویستە هیچ بۆشاییەك بۆ دوژمن نەمێنێت بەکاریبهێنێت بۆ دزەکردنە ناوچەکانمانەوە."
سەرۆکی پارتی ئەحرار فورات، شێخ عەبدوڵا جوغەیفی، کە پێشتر فەرماندەی هێزەکانی حەشدی خێڵهكی ئەنبار بوو، وتی: "خەندەقهكه و سهنگهربهندییهكانی دیکە بەدڵنیاییەوە دزەکردنی تیرۆریستەکان کەمدەکهنهوه و رێگردەبن لە هاتنی ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکان."
جوغەیفی بە دیارونای وت: "ئەم رێکارانە بەتەنیا بەس نین بۆ نەهێشتنی مەترسییەکە و پێویستیان بە پشتگیری ئاسمانی هەیە."
وتی زۆرکردنی چالاکییە زەمینییەکان، وەك شوێنکەوتن و چاودێریکردنی بەردەوامیش پێویستن و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه هەموو ئەو رێکارانە دانراون و کاریان پێدەکرێت.