ئەو خێزانانەی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کە پشگیریی کوڕەکانیان کردووە لە پەیوەندیکردنیان بەو گروپەوە، رێگایان پێنادرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ ماوەی لانیکەم 10 ساڵ، ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رۆژی 30 ئاب رایگەیاند.
بەپێی ئەم بڕیارە دەست بەسەر ماڵوموڵکی هەر کەسێکیشدا دەگیرێت کە تاوانباربکرێت بە پەیوەندیکردن بە داعشەوە، لەوانە خانوو، موڵکی کشتوکاڵی و بازرگانی و ئۆتۆمبیلیش، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، حەردان لەفتە، وتی.
لەفتە بە دیارونای وت کە ئەم هەنگاوە دوای راوێژکاریی دورودرێژ هات لە چەندین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا ئەمساڵ، بە بەشداریی نوێنەرانی دەزگا ئەمنیە جیاوازەکان.
وتیشی: "ئەم بڕیارە مەبەستێتی رێگا لە گەڕانەوەی ئەو کەسانە بگرێت کە تێرۆریستانیان داڵدەداوە و رێگاش لە هەر هەوڵێکی چەتەکانی داعش بگرێت بۆ دزەکردنە ناو پارێزگاکەوە لەژێر هەر پەردەیەکدا بێت بۆ شێواندنی باری ئاسایش و هەڕەشەکردن لە سەلامەتیی خەڵکەکەی."
وتی رێوشوێنەکان ئەو خێزانانە ناگرێتەوە کە کوڕەکانی خۆیان بێبەری کردووە لەسەر پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە و خەبەریان لێداون لەلای دەسەڵاتە ئەمنیەکان یان سوێندیان خواردووە داڵدەیان نەدەن.
وتی هەروەها داواش لە دەسەڵاتە دادوەریەکان دەکات بۆ بەدواداچوونی ئەندامانی داعش و زوو بچن بەدەم ئەو شکاتانەی لێیانکراوە و تەنها لەسەر ئەو تاوانانە سزایانبدەن کە کردوویانە.
لەفتە وتی: "بەم هەنگاوە هەوڵدەدەین سەقامگیریی پارێزگاکەمان مسۆگەربکەین و لە زەرەروزیان بیپارێزین. کەس نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژە رەشانەی تێرۆریستەکان دەستیانگرتبوو بەسەر چارەنوسی خەڵکدا."
وتیشی: "تێرۆریزم بوو بە رابردوو، ئێستا بەهیوای ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانمانین."
دەسنیشانکردنی خێزانەکان
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنەکە، جاسم جەبارە، وتی لیژنەیەکی هاوبەش لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و دەزگا ئەمنیەکان دادەمەزرێنرێت بۆ دانانای رێوشوێنی دەستنیشانکردنی تێرۆریستان و ئەندامانی خێزانەکانیان.
جەبارە بە دیارونای وت: "داتابەیسێکی سەرتاسەری دروستدەکەین بۆ هەموو ئەو خێزانانەی ئەندامانیان پەیوەندییانکردووە بە داعشەوە و بەڵگەی ئەوە هەیە کە یارمەتییان داون، پشتگیرییان کردوون و داڵدەیان داون. ئەوانە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە پارێزگاکە و لەئێستادا روبەڕووی سزا دەبنەوە."
وتیشی: "بە گرتنەبەری ئەم رێوشوێنە پێشوەختانە، ئەنجومەنەکە دەخوازێت ئاسایش لە پارێزگاکەدا بچەسپێنێت."
هەروەها وتی: "رێگهدان [بە گەڕانەوەی ئەم خێزانانە] دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و شانە نوستووەکانی تێرۆریستان دەهێنێتەوە ئارا."
ئەندامپەرلەمانی سەڵاحەدین، بەدر فەحل، وتی تەشەنەی خێرای ئەندامانی داعش لە سەڵاحەدین پاش ئەوەی گروپەکە دای بەسەر موسڵدا لە حوزەیرانی 2014، بەهۆی بوونی شانە نوستووەکانەوە بوو لە پارێزگاکەدا.
وتی بڕیارەکەی ئەنجومەن ئەندامانی خێزانی پلە یەكی تێرۆریسەکان دەگرێتەوە -- باوك و دایك و خوشکوبرا.
پاراستنی ئاسایش
فەحل وتی: "ئێستا کە پارێزگاکە رزگارکراوە لە تێرۆریستان، بەرپرسانی ناوخۆ هەوڵدەدەن رێگایان لێبگرن بۆ قۆستنەوەی هەر هەلێك بۆ داکوتانی جێپێیان بۆ تێکدانی سەقامگیری و دەستپێکردنەوەی چالاکیە تاوانکارانەکانیان لە ناوچە ئەمینەکاندا."
وتیشی چارەنوسی چەکدارانی داعش و ئەو ئەندامانەی خێزانەکانیان کە پشتگیرییان لێکردوون "ئێستا لەدەستی هێزە ئەمنیەکان و دادگادایە".
دانیشتوویەکی تکریت، حەسەن جبوری، وتی: "تێرۆریستان و خێزانەکانیان جێگایان نیە لە پارێزگاکەماندا."
جبوری بە دیارونای وت: "داعش ئێمەی ئاوارەکرد، ناوچەکانمانی وێرانکرد و هەر شتێك قەدەغەکراو بوو، رێگایان پێدا. ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێك بگەڕێتەوە کە پەیوەندیی بە تێرۆریزمەوە هەبووە."
وتیشی بڕیارەکەی ئەنجومەن هەنگاوێکی گرنگە "بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایش لە پارێزگاکەدا."