هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپای عێراق بەرەیەکی نوێ دەکاتەوە لە سەڵاحەدین

عەلاء حسێن لە بەغدا

هێزەکانی عێراق پێشڕەوی دەکەن بەرەو موسڵ و ناوچەکانی تری باکوری عێراق کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ەوە داگیرکراون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق پێشڕەوی دەکەن بەرەو موسڵ و ناوچەکانی تری باکوری عێراق کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ەوە داگیرکراون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

پاش گرتنەوەی بینا حکومیەکانی ناو فەلوجە و هەڵکردنی ئاڵای عێراق لەسەر بینای قایمقامیەتی شارەکە، هێزەکانی عێراق بەرەیەکی نوێیان کردەوە دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە باکوری سەڵاحەدین.

وەزیری بەرگری عێراقی، خالید عوبەیدی، لە 18 حوزەیران سەردانی سەڵاحەدینی کرد، لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی باڵا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ رزگارکردنی ناوچەکانی باکوری ئەو پارێزگایە تا دەگاتە گەیارە لە نەینەوا، وەزارەتەکەی رایگەیاند.

عوبەیدی وتی دڵنیایە سەرکەوتن بەدەست دێت بەهەمان شێوەی لە فەلوجە کە گەڕێنرایەوە ناو باوەشی نیشتمان.

بە وتەی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، جاسم جەبارە، دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە، رۆژێك دوای سەرکەوتنەکانی فەلوجە، ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ باشتربوونی ئەدای سوپا و تواناییەکانی بۆ مانۆڕ و بڵاوبوونەوە.

پێشڕەوی لە دوو قۆڵەوە بەرەو باکور

جەبارە وتی هێزەکانی عێراق کە پێکهاتوون لە دەزگای دژەتیرۆر، فیرقەی نۆی زریپۆش، حەشدی عەشایەری و هەردوو فەرماندەیی ئۆپەراسێۆنەکانی سەڵاحەدین و نەینەوا، لە دوو قۆڵەوە پێشڕەوییان دەستپێکردووە بەرەو باکوری سەڵاحەدین.

جەبارە بە مەوتنی وت کە یەکەم گروپ بەڕێکەوتووە بەرەو بەشی رۆژئاوای گەیارە لە نەینەوا بەمەبەستی گەیشتن بە بنکەی سەربازیی گەیارە و گروپی دووەمیش بە کەناری دیجلەدا پێشڕەوی دەکات تا بپەڕێتەوە و بە گروپی یەکەم بگات لە گەیارە.

وتی: "جوڵەی خێرای هێزەکانی عێراق دوابەدوای شەڕە بەردەوامەکانی فەلوجە، هاوسەنگیی داعشی تێکداوە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەر تەنها لە رۆژی یەکەمی ئەم پێشڕەوییەدا، داعش سێ گوندی لەدەستدا --موسا حەماد و دبس و حاج عەلی دبس.

راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری، فەریق روکن محەمەد عەسکەری، وتی: "پلانی سەربازی بۆ رزگارکردنی شارەکانی باکوری سەڵاحەدین جیاواز دەبێت لە پلانەکانی پێشوو، چونکە هێزەکان مێتۆدی دەورەدان و مانۆر بەکاردێنن."

عەسکەری بە مەوتنی وت داعش چاوەڕوانی هێرشێکی راستەوخۆی دەکرد بۆ سەر شارەکان و شەڕی سەرشەقام لە شەرگات پێش هەڵمەتبردن بۆ گەیارە، بەڵام هێزەکانی عێراق بەلای ئەو شارانەدا تێدەپەڕن و بەپشتیاندا دەسوڕێنەوە و دەورەیان دەدەن تا لەلایەنی سەربازییەوە تێکیانبشکێنن.

ئامادەیی بۆ داڵدەدانی ئاوارەکان

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، عەلی فازڵ دوجەیلی، وتی پارێزگای سەڵاحەدین پێشبینی شەپۆلی گەورەی ئاوارەکان دەکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی رزگاری لە باکور.

دوجەیلی بە مەوتنی وت بەڵام پارێزگاکە ئەزمونی لەگەڵ مامەڵەکردنی ئاوارەدا هەیە لە دەرەنجامی ئەو شەڕانەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رویانداوە.

وتی: "ئێستا هەموو دەزگا مەدەنیەکانی پارێزگاکە شارەزاییان هەیە و ئەمەش وایکردووە بڕوامان بە خۆمان هەبێت کە دەتوانین بەدەم هەر تەوژمێکی چاوەڕوانکراوی ئاوارەکانەوە بچین لەکاتی شەڕەکانی باکوری سەڵاحەدیندا."

وتیشی پارێزگاکە خانوی گەڕۆک و خێوەتگای ئامادەکردووە بۆ پێشوازیکردن لەو ئاوارانەی لە ناوچەکانی شەڕ لە باکور هەڵدێن.

هەروەها وتی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ناوەندی تایبەت بە ئاوارەکانیشی ئامادەکردووە کە هەموو پێداویستیەکانی لە خواردن و دەرمان و ئاوی پاکی خواردنەوەیان تێدایە، جگە لە پێداویستیەکانی تری وەك بەنزین و موەلیدەی کارەبا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500