هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ژیان لە شەرگاتی ئازادکراو ئاسایی دەبێتەوە

خالید تائی

هێزەکانی عێراق ئاڵای عێراق لەسەر نەخۆشخانەی گشتی شەرگات هەڵدەکەن دوای دەرپەڕاندنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شارەکە لە مانگی ئەیلولدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزەکانی عێراق ئاڵای عێراق لەسەر نەخۆشخانەی گشتی شەرگات هەڵدەکەن دوای دەرپەڕاندنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شارەکە لە مانگی ئەیلولدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێشتا تەنها چەند رۆژێك بەسەر رزگارکردنی شاری شەرگات لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) تێپەڕیوە بەڵام خەریکە ژیان ئاسایی دەبێتەوە.

چەند دانیشتوویەك بە دیارونایان وت قوتابخانەکان دەستیانکردۆتەوە بە دەوام، فەرمانبەران گەڕاونەتەوە سەر کار، بازاڕەکان جمەیان دێت لە چالاکیدا و ئاو و خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان گەڕاونەتەوە باری جاران.

قایمقامی شارەکە، عەلی دەودەح، بە دیارونای وت کە رۆژی 22 ئەیلول سوپا و هێزە خێڵەکیەکان شەرگاتی پارێزگای سەڵاحەدینیان رزگارکرد لە ئۆپەراسیۆنێکی "خێرا"دا.

دەودەح وتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنە بێوێنە بوو چونکە زۆری نەخایاند و نەبووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارە. زۆربەی خێزانەکان لە ماڵەکانیاندا مانەوە وەك هێزە ئەمنیەکان پێیان راگەیاندبوون."

نەمانی ترس

دەودەح وتی زیانێکی کەم کەوت لە خزمەتگوزاریە گشتیەکان و هەر 162 قوتابخانەکەی شارەکە، نەخۆشخانە گشتیەکە، ناوەندەکانی تەندروستی و فەرمانگاکانی شارەوانی هەمووی بەسەلامەتی دەرچوون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی زۆر نیە.

وتیشی ئەو دامودەزگا کەمانەی توندڕەوەکان تەقاندیاننەوە لەماوەی داگیرکردنی شارەکەدا دوو ساڵ لەمەوبەر، بریتیبوون لە بنکەی پۆلیس، بینای شارەوانی، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و دواناوەندی پیشەسازی.

بوارە جیاجیا حکومیەکان دەستیانکردووە بە کاروباری نۆژەنکردنەوە.

دەودەح وتی: "وێستگەی ئاوی شەرگاتمان بەتەواوی خستەوەگەڕ و ئێستا ئاوی خواردنەوە دەگاتە هەموو ناوچەکانی شارەکە."

وتیشی: "بەچڕییش کاردەکرێت بۆ چاکردنەوەی تۆڕی زیانپێگەیشتووی کارەبا و لەماوەی چەند رۆژێکدا کارەبا دەگەڕێنینەوە بۆ هەموو ماڵەکان."

لەهەمانکاتدا پۆلیس و هێزەکانی بەرگری مەدەنی دەستیانکرۆتەوە بە کار بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و کارمەندانی پزیشکی و فەرمانبەرانی بوارە خزمەتگوزاریەکانیش دەستیانکردووە بە گەڕانەوە.

دەودەح وتی: "ژیان زوو گەڕایەوە باری ئاسایی. بازاڕ و دوکانەکان کرانەوە و خەڵك گەڕانەوە سەر کارەکانیان و دەستیانکردەوە بە کاروباری رۆژانەیان بەبێ ترس لە سەرکوتکردن و ستەمکاریی تێرۆریستان."

وتی دڵخۆشیی دانیشتوان دوای رزگارکردنی شارەکە "له‌ وه‌سف نایه‌ت".

وتیشی: "ئەو دانیشتوانەی گیریان خواردبوو بە سڵاو و هەلهەلە پێشوازییان لە هێزە ئەمنیەکان کرد و ئەو تێرۆریزمەی تەنگی پێهەڵچنیبوون بوو بە بەشێك لە رابردوو."

دانیشتوانی ئاوارەبوو دەگەڕێنەوە

زیاتر لە 12,000 خێزانی شەرگات لە شارەکە هەڵهاتبوون بۆ کەمپی ئاوارەکان لەنزیك تکریت لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە، پاشئەوەی داعش ئاستی توندوتیژیی بەرزکردەوە لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق نزیکدەکەوتنەوە.

دەودەح وتی لەوانە نزیکەی 500 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شارکە و چاوەڕوانیش دەکات رادەی گەڕانەوە تا بێت خێراتر بکات.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، شێخ جاسم جەبارە، وتی: "شەرگات ئێستا تاڕادەیەك ئاسایش و سەقامگیریی بەخۆیەوە دەبینێت، لەکاتێکدا هێزە ئەمنیەکان و ئەندامانی خێڵەکانی سەربە لیوای 51 دەسەڵاتی تەواویان بەسەر گەڕەکەکانی شارەکەدا سەپاندووە."

جەبارە بە دیارونای وت: "ئەمڕۆ هێزەکانمان راوەدوی دوژمن دەنێن لە خۆرهەڵاتی شەرگات لەوبەر روباری دیجلەوە. لەوێ بڵاوبوونەتەوە و هەوڵەکانی چاودێرییان چڕکردۆتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی دزەکردنەوەی تێرۆریستەکان."

وتی تیمەکانی ئەندازیاریی سەربازییش زیاتر لە 400 بۆمب و مینیان پاككردۆته‌وه‌ کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە چێنرابوون لەکاتی کشانەوەیاندا لە شارەکە. ئاماژەی بەوەش دا کە "شەرگات ئێستا بەتەواوی لە مەترسی تەقەمەنی بەدوورە".

دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاریەکان

جەبارە وتی کەرەسەی ئاوەدانکردنەوە و بەروبومە نەوتیەکان دەگەنە شارەکە، لەکاتێکدا تۆڕەکانی کارەبا چاککراونەتەوە و کاروبار لە ناوەندە تەندروستیەکاندا دەستیانپێکردۆتەوە.

وتیشی هێزە ئەمنیەکان دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی خێزانە گەڕاوەکان و بەدواداچوونی زانیاریەکانیان بەگوێرەی داتابەیسی ئەمنی بۆ رێگرتن لە هەوڵەکانی دزەکردنی ئەندامانی داعش.

هەروەها وتی: "ئێستا دانیشتوان لەژێر چەتری یاسادا دەژین و وردەوردە ژیانیان ئاسایی دەبێتەوە."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، حەردان لەفتە، وتی هێزە ئەمنیەکان "سەرکەوتنێکی بلیمەتانە"یان لە شەرگات بەدەستهێنا.

لەفتە بە دیارونای وت: "شەڕی رزگاری و سەرکەوتنە خێراکە هیچ زیانێکی نەگەیاند نە بە مەدەنیەکان و هێزە رزگارکەرەکان و نە بە ژێرخان [ی شارەکە] و ئەمەش کردیە یەکێك لە پاکترین شەڕەکان."

وتی ئێستا دەبێت تەرکیز بکرێتەسەر هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە.

وتیشی: "لەم قۆناغەدا پێویستمان بە پشتگیری و هاریکاریی هەردوو حکومەت و لایەنە نێودەوڵەتیەکانە بۆ دورخستنەوەی پاشماوەکانی داعش و بوژاندنەوەی پارێزگاکە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500