هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

عێراق هاوکاری جوتیارانی ناوچە ئازادکراوەکان دەکات بۆ فرۆشتنی بەروبومەکانیان

خالید ئەلتائی

لۆرییەك بە باری گەنمەوە دەنێردرێتە بازاڕەکانی دیالە وەك بەشێك لە دەستپێشخەرییەکی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئاسانکردنی فرۆشتنی بەروبومەکانی ناوچە ئازادکراوەکان. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبووکی راگەیاندنی دیالە]

لۆرییەك بە باری گەنمەوە دەنێردرێتە بازاڕەکانی دیالە وەك بەشێك لە دەستپێشخەرییەکی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئاسانکردنی فرۆشتنی بەروبومەکانی ناوچە ئازادکراوەکان. [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبووکی راگەیاندنی دیالە]

عێراق کار لەسەر ژیاندنەوەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی دەکات لەو ناوچانەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکراون و هەروەها بۆ گەشەدان بە بەروبوومە ستراتیژیەکانی وەك گەنم و جۆ.

وەزارەتی کشتوکاڵ لە فەرمانێکدا رۆژی 22 حوزەیران رایگەیاند کە ئاسانکاری دەکات بۆ وەرگرتنی گەنم و جۆ لە جوتیارانی ناوچە رزگارکراوەکان بە کردنەوەی سایلۆ وەك دەروازەیەك بۆ کۆکردنەوە و خستنەبازاڕی بەروبومەکانیان.

دوو دەروازەی سەرەکی لە زومار و رەبیعە لە پارێزگای نەینەوا کراونەتەوە و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ کردنەوەی دەروازەی زیاتر لە ناوچە ئازادکراوەکانی تر، وتەبێژێکی وەزارەتەکە، حەمید نایف، بە مەوتنی وت.

نایف وتی وەرزی بازاڕی گەنم و جۆ بەگشتی لە مانگی ئایاردا دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ مانگێك بەردەوام دەبێت.

ئەم وەزارەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی عێراق، رێڕەوێکی سەلامەتی دابینکردووە بۆ ئەو لۆریانەی بەروبومەکان دەگوێزنەوە بۆ ئەم عەمبارانە و پشکنینی تاقیگەییش بۆ بەروبومەکان دەکات بۆ مسۆگەرکردنی کواڵیتی و تازەییان لەکاتی گەیشتنیاندا.

وەزارەت 'هیچ درێغیی نەکردووە'

نایف وتی وەزارەتەکە "هیچ درێغییەکی نەکردووە لە یارمەتیدانی جوتیاراندا، بەتایبەتی لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، بۆ بوژاندنەوەی کێڵگەکانیان و چاکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی هەموو بەروبومەکان".

وتیشی: "لەژێر روناکی ئەو ستراتیژییەی بۆ گەشەپێدان دەیگرینەبەر، قەرزمان دابینکردووە بۆ ژیاندنەوەی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم قەرزانە لەبەردەستدان بۆ هەردوو بواری بەروبومی ئاژەڵی و کشتوکاڵی.

نایف وتی پەین و عەلەفیش بە نرخی داشکاو خراونەتە بەردەست لەپاڵ سیستمی ئاودێری و ئامێرەکانی کێڵان و پەینکردن و دروێنەکردنیشدا.

وتیشی وەزارەت کارەبا و ئاوی دابینکردووە بۆ ئاودێری لە پڕۆژە کستوکاڵیەکاندا، وێستگەکانی ئاودێریی نۆژەندکردۆتەوە و جۆگەکانی ئاودێری و ژێرخانی تری کوشتوکاڵیی پاککردۆتەوە.

هەروەها وتی: "ئێمە هەنگاودەنێین بەرەو پتەوکردنی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی بواری کشتوکاڵیمان."

بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی زیانی سەختی لێکەوتووە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی دیالە، محەمەد نەجیب، بە مەوتنی وت چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014 دەستیانگرت بەسەر بەشێکی گەورەی پارێزگاکەدا.

وتی: "تێرۆریستەکان توانییان دەستبگرن بەسەر بەشێکی گەورەی پارێزگاکەدا کە بەشی زۆری لە رەز و باخ و کێڵگەی کشتوکاڵی پێکهاتبوو، پێشئەوەی هێزە ئەمنیەکان بتوانن دەریانپەڕێنن و هەموو زەویەکان ئازادبکەن لەکۆتایی هەمانساڵدا."

وتیشی ئەمە بووە مایەی زیانی گەورەی کشتوکاڵی، "بەڵام بە هاوکاریی حکومەتی ناوخۆیی، توانیومانە بەسەر زۆر لە تەحەداکاندا زاڵبین و کشتوکاڵمان بوژاندۆتەوە لە دیالە."

هەروەها وتی: "لەسایەی ماندوبوونێکی زۆردا توانیمان ئەمساڵ زیاتر لە 200,000 تەن گەنم و 35,000 تەن جۆ بەرهەمبهێنین."

وتیشی: "ئەم بڕانە کە ئێستا خراونەتە بازاڕەوە، بەشی هەموو پارێزگاکە دەکات."

پشتگیریی جۆراوجۆر لە جوتیاران

محەمەد نەجیب وتی: " ئێمە بەپێی پلانێك کاردەکەین کە تەرکیزدەکاتە سەر کۆمەککردنی جوتیاران بە تۆو و کەرەسەی کشتوکاڵی و پەین و لەئێستاشدا لەئامادەکاریداین بۆ دابینکردنی 40,000 تەن پەیینی یۆریا و دیامۆنیوم فۆسفات (DAP) بۆیان." هەروەها رونیکردەوە کە ئەمانە ئەو جۆرە پەینانەن لە چاندنی گەنمدا بەکاردێن.

وتیشی بەڕێوبەرێتیەکە کار لەسەر دابینکردنی بەشە ئاوی جوتیارەکان دەکات بەپێی خشتەیەکی دادوەرانە.

هەروەها وتی بەڕێوبەرێتیەکە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەت بۆ دواخستنی لێسەندنەوەی ئەو قەرزانەی لە ئەستۆی ئەو جوتیارانەدایە کە بەهۆی توندوتیژیی داعشەوە زیانمەندبوون، تا هانیان بدرێت زەویە کشتوکاڵیەکانیان ببوژێننەوە.

پەرلەمەنتار و ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، فەرید ئیبراهیمی، ئەم هەوڵانەی بۆ یارمەتیدانی جوتیاران وەسفکرد بە "هەنگاوێکی گرنگ کە دەتوانێت کاریگەرییە نەرێنیەکانی تێرۆریزم بۆسەر بواری کشتوکاڵ بسڕێتەوە".

جوتیارێکی خەڵکی دیالە بەناوی موخەڵەف عەزاوی (64 ساڵ) بە مەوتنی وت بەڕێوبەرێتی کشتوکاڵ لە پارێزگاکەی هەوڵێکی "جدی"ی داوە بۆ مسۆگەرکردنی فرۆشێکی سەرکەوتوانەی گەنمەکەیان.

عەزاوی وتی: "یارمەتییان داین بەروبومەکانمان بگوێزینەوە بە دابینکردنی سەلامەتی و پاراستنی لۆریەکان و ئاسانکاری لە رێوشوێنەکانی پشکنینی [بەروبومەکاندا]." هەروەها وتی: "پێش ئەوەش هەموو پشتگیرییەکیان کردین بۆ بوژاندنەوەی زەویەکانمان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500