دوای شەپۆلێکی نوێ لە مردنی ماسییهكان، ماسیگر و بەخێوکارەکانی ماسی له زۆنگاوی دەلمەج لە باشوری عێراق دەڵێن تەنیا سەرچاوەی رزق و رۆزییان لەدەستداوە.
لە سەرەتای ئابدا، هەزاران تەن ماسی مردوو کەوتبوونە سەرئاو لهو زۆنگاوهی پارێزگای دیوانییە، کە بووە هۆی زیانێكی ئابوری سەخت.
عێراق ساڵانە نزیکەی 30,000 تەن ماسی بەرهەمدەهێنێت، زیاتر لە رووبارەکان و دەریاچە و زۆنگاوهكاندا.
ماسیگرێکی دەلمەج، عەلی حسێن، بە دیارونای وت دوایین شەپۆلی مردنی ماسییەکان لە زۆنگاوەکە کارەساتێکی گەورەیە. وتی: "تەنیا سەرچاوەی داهاتمان لەدەستداوە. ماسیگرەکان پێشتر لە چەندین پارێزگاوە دەهاتنە ئەم زۆنگاوه. لەئێستادا بێکارن."
![وەزیری کشتوکاڵی عێراق، محەمەد کەریم خەفاجی سەردانی زۆنگاوی دەلمەج دەکات لە ئابدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق]](/cnmi_di/images/2020/09/17/25998-Iraq-fish-farming-600_384.jpg)
وەزیری کشتوکاڵی عێراق، محەمەد کەریم خەفاجی سەردانی زۆنگاوی دەلمەج دەکات لە ئابدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق]
ئەو زۆنگاوه سەرچاوەی داهاتی زیاتر لە 1,600 خێزانە. دانسقەیە بەهۆی هەمەجۆریی ماسیەکانەوە کە بینی و شهبوت و گهتانی تێدایە.
'دەسته نادیارهكان'
ماسیگرێکی دیکە لە هەمان زۆنگاو، ئەبو فەهد عامری، بە دیارونای وت کێڵگەی ماسیەکەی بۆتە گۆڕستانی ماسیەکان، "شەکەت بووین. له چرکەیەکدا ملیۆنان دینارمان لهدهست دا، كه خستبوومانه كارهوه."
عامری، کە داوای قەرەبووی لە حکومەت دەکرد، وتی مەرگی کتوپڕی ماسیەکان سروشتی نییە و "دەستی نادیار لەپشت ئەم ئاستە لە وێرانکارییەوە ههیە".
ئابوریناس عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی بەدووری نازانێت "هەندێك لایەن کە بەرژەوەندیەکانیان بە خۆبژێوی بهخێوكهرانی ماسی عێراقی زیانی بەركهوتووه" تێوەگلابن لەم رووداوەدا.
لە دوو ساڵی رابردوودا، دەیان هەزار تەن ماسی لەناوچوون، بەجۆرێك پارێزگای بابل زۆرترین زیانی بەرکەوت. لەئەنجامدا، عێراق ملیۆنان دۆلار زیانی نەختی و زیانی ژینگەیی لێكهوت.
مەشهەدانی بە دیارونای وت چەند رووداوێکی هاوشێوە دووبارەبۆتەوە و کاریگەرییان هەبووە بۆسەر کەرتی ماسی و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان. وتی ئهمهی دواتریان دهرهنجامی سوتانی دانەوێڵەی گەنم و جۆ بووه.
وتیشی پێدهچێت کارەساتێك رووبدات هەرجارێك کەرتێکی بەرهەمهێنان لە عێراق رایبگەیەنێت گەیشتۆتە ئاستی خۆبژێوی. ئەمەش وادەکات گومان بكرێت له "بەئامانجکردنی ئەنقەست".
مەشهەدانی وتی هەندێك خەڵك ئەو گروپانە تۆمەتباردەکەن کە سەربە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانن، لە بەئامانجکردنی کەرتی ماسی تا بازاڕەکانی عێراق پڕبکەن لە بەرهەمی هەناردەکراوی ئێرانی.
وتی بەڵام، زۆر لایەن تۆمەتبارکراون و تەنیا یەك لێکۆڵینەوەیهكی فەرمی دهتوانێت راستیەکە دەربخات.
پیسبوونی ژینگە، وشکەساڵی، كردهوهی نابەجێ
جێگری بەڕێوبەری لیژنەی کشتوکاڵی له پەرلەمان، مەنسور بعهیجی وتی ئەوەی لە زۆنگاوی دەلمەج روویدا "بەئامانجکردنی کەرتی ماسی بوو".
داوای لە حکومەت کرد کەرتەکە بپارێزێت لە "کاراکتەرە خراپەکارەکان" کە هەوڵی زیاندان لە ئابوری وڵاتەکە دەدەن.
لە 10 ئاب، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بۆ هۆکارەکانی رووداوی زۆنگاوی دەلمەج. لیژنەکە بوونی مارومێروو یان نەخۆشی بەربڵاوی رەتکردەوە و وتی ماسیگریی نایاسایی -- بە بەکارهێنانی ماددەی ژەهراوی -- و پیسبوونی ژینگە دەکرێت دوو هۆکاری رووداوەکە بن.
وتەبێژێکی وەزارەتەكه، حەمید نایف بە دیارونای وت کەمبوونەوەی بڕی ئاو لە رووبارەکان و ئاوەکانی دیکەدا تەواوی ماسیەکان دەخاتە مەترسی لەناوچوونەوە.
نایف وتی بە وشکەساڵی ئاستی ئۆکسجین دادەبەزێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پاشەڕۆ. ئەمە ماسیەکان تووشی دەرد و دواجار مەرگ دەکات.
وتی كردهوهی نایاسایی بەربڵاوە لە کێڵگەکانی ماسیدا و پهروهردهكهرانی ماسی پابەندنابن بە رێوشوێنه سهپێنراوهكانهوه لە بەخێوکردنی ماسیدا. باسی لەوانه کرد وهك ههندێك له هۆکارهكانی مردنی بەکۆمەڵی ماسییەکان.
وتیشی وەزارەت چەند هەنگاوێکی تووندی ناوە، لەنێویاندا ناچارکردنی بەخێوکاران تا تایبەتمەندێکی تەندروستی ئاژەڵ سەرپەرشتی پرۆسەی بهخێوكردن بكات له کێڵگەی ماسییهكانیاندا و دەشبێتە پردی پەیوەندیی لهنێوان بهخێوكهران و وەزارەتدا.
وتی: "هەروەها ڤاکسین دەدەینە جوتیاران."
پسپۆڕێكی کشتوکاڵ، عادل موختار بە دیارونای وت بەرهەمی ماسی دەکرێت دووهێندە بێت "گەر گرنگی زیاتر بدرێتە ماسی لە ئاوە ناوچەییەکان و دەریا کراوەکاندا".
وتی: "لەئێستادا 1,500 بەلەمی لەکارکەوتوومان هەیە لە تەواوی وڵاتدا. گەر چاکبکرێنەوە و کەرتی ماسی باشتر گەشەی پێبدرێت، بەرهەمی ماسی دەکرێت ساڵانە بۆ 300,000 تەن زیادبکرێت."
موختار وتی مەرگی بەکۆمەڵ روودەدات بەهۆی چڕیی ژمارەی ماسیەکانەوە و ئاماژەیکرد بەوەی روودەدات کاتێك ژمارەی ماسیەکان لە 10وە بۆ 200 زیاددەکات لەو ناوچانەی بچوکترن لە پێنج کیلۆمەتر دووجا.