بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان پێنجشەممە (14 ئازار) بەڵێنی نزیکەی 7 ملیار دۆلار کۆمەكیان دا بۆ 2019 بۆ ئەو مەدەنیانەی گیرۆدهی شەڕی سوریا بوون، بەڵام ئەو بڕە کەمترە لەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت پێویستە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری مرۆیی، کریستۆس ستیلیانیدێس بڕی کۆتایی راگەیاند لە کۆنفرانسێکی سێ رۆژەدا کە 80 وڵات و رێکخراو لە برۆکسل بەشدارییان تێیدا کرد، لە ئێوارەی هەشتەمین ساڵیادی دەستپێکی شەڕەکەدا.
یەکێتی ئەوروپا پێشڕەو بوو بە دوو ملیار یۆرۆ (2.26 ملیار دۆلار)، بەڵام کۆنفرانسەکە شکستیهێنا لە کۆکردنەوەی 9 ملیار دۆلار کە نەتەوە یەکگرتوەکان وتی پێویستە بۆ یارمەتیدانی ملیۆنان سوری کە ناچارکراون لە وڵاتەکە هەڵبێن لەگەڵ ئەوانەی توشی قەیرانێکی مرۆیی بوون لە شوێنی خۆیان.
دەسەڵاتە ئەوروپیەکان دووبارەیانکردەوە کە دهبێت پێشڕەوی بەدەستبێت لە پرۆسەی ئاشتی سەرپەرشتیکراودا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پێشئەوەی هیچ پارەیەك بدەن بۆ بنیاتنانەوەی سوریا.
سەرەڕای کورتهێنانەکە، بەڕێوبەری کۆمەکی نەتەوە یەکگرتوەکان، مارك لۆوکۆك وتی كه "زۆر خۆشحاڵ بووە بە ئەنجامەکە" بەڵام جەختیکردەوە لەوەی تەنیا چارەسەری سیاسی دەتوانێت کۆتایی بهێنێت بەو چەرمەسەرییەی سورییەکان ئەزمونی دەکەن لە ئەنجامی شەڕەوە.
پێش کۆنفرانسەکە، نەتەوە یەکگرتوەکان خەمڵاندنی کرد بەوەی 5.5 ملیار دۆلار پێویستە بۆ یارمەتیدانی نزیکەی 5.6 ملیۆن سوری کە ناچارکراون لە وڵاتەکە هەڵبێن، زۆربەیان بۆ تورکیا و لوبنان و ئەردەن.
3.3 ملیار دۆلاری تر پێویستە بۆ خەڵکی نێو سوریا.
نەتەوە یەکگرتوەکان قەیرانی سوریای بە "سەخت" ناوبرد، چونکە 11.7 ملیۆن خەڵك پێویستیان بە شێوەیەك له شێوهكانی کۆمەکی مرۆیی هەیە و 6.2 ملیۆن کەس لەنێوخۆدا ئاوارەبوون و لهسهدا 83 سوریەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین.
بەگوێرەی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگیکردنی کاروباری مرۆیی، کۆنفرانسەکە بەڵێنی بە 2.4 ملیاری دیکە دا بۆ چالاکییه مرۆییهكان و خۆڕاگری و گەشەپێدان و رووبهڕووبوونهوهی قەیرانی سوریا لە 2020 و دواتریشدا.