کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی عێراق لە کوێت کرایەوە دووشەممە (12 شوبات) بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 70 وڵات و هەزاران کۆمپانیا و رێکخراوی نێودەوڵەتی.
لە رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا وەزیری پلاندانانی عێراق، سەلمان جومەیلی، رایگەیاند عێراق پێویستی بە 88.2 ملیار دۆلار دەبێت بۆ بنیاتنانەوە لە قۆناغی دوای شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێنس رایگەیاند.
وتیشی ئەو خەمڵاندنە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەیەکه بۆ هەڵسەنگاندن لەلایەن شارەزایانی عێراق و نێودەوڵەتیهوه.
بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی پلاندانان، قوسەی عەبدولفەتاح، وتی 22 ملیار دۆلار لەو بڕە دەستبەجێ پێویستە و ئەوەی تریش لە مەودای مامناوەندا.
بەرپرسان بە دیارونایان وت حکومەتی عێراق پشت بەو دیدارە دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ پلانەکانی لە بوژانەوەی ئەو شارانەی لەلایەن داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە و یارمەتیدانی گەشەکردنی ئابوری وڵاتەکە.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، عەبدولزەهرە هینداوی، بە دیارونای وت حکومەت باش ئامادەکاریکردووە بۆ کۆنفرانسەکە و "دیدێکی روون پێشکەشدەکات لەسەر پێویستی بەپەلەی وڵاتەکە بۆ بنیاتنانەوە لە بواری جۆراوجۆردا."
عێراق سێ وتار پێشکەشدەکات
هینداوی وتی شاندی عێراقی کە پێكدێت لە بەرپرسانی حکومەت و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیهكانی راگەیاندن، سێ وتار پێشکەشدەکەن لە کۆنفرانسەکەدا.
وتیشی یەکێکیان بریتیه لە "پلانێکی بنیاتنانەوەی ستراتیژی لەماوەی 10 ساڵدا،" ئاماژەشی دا بەوەی "بەرنامە و پلانی کاری باش و ورد پەرەیانسەندووە بۆ بنیاتنانەوەی پرۆژەی گشتی و سامانی تایبەتی هاونیشتیمانیان."
هینداوی وتی ئەوانە پێشبینیدەکرێت 100 ملیار دۆلاریان تێبچێت بەگوێرەی ئامارێکی لێکۆڵینەوەی مەیدانی وەزارەتی پلاندانان.
وتیشی: "وتاری دووەم لیستێکی گشتگیرە سەبارەت بە زیانی ئەو شارانەی داعش داگیریکردبوون کە وێنە و دۆکومێنت و ئاماری تێدایە."
ئەوە یارمەتی بەشدارانی کۆنفرانسەکە دەدات تەواوی قەبارەی زیانەکان ببینن.
وتی وتاری سێیەمیش "نەخشەی هەلهكانی وەبەرهێنان پیشاندەدات کە دەدرێت بەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن".
وتیشی: "ئێمە زیاتر لە 200 پرۆژەمان هەیە لە چەندین یهكهی گەشەکردندا کە پێشكهشدهرێن لە کێبڕکێی وەبەرهێناندا لەسەرانسەری هەموو پارێزگاکاندا."
'خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ'
هینداوی وتی نوێنەرانی 2,850 کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن لەگەڵ 3,000 نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومیەکانی تر.
ئەم کۆنفرانسە سێ رۆژەییە زنجیرەیەك دانیشتن لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا دانیشتنێکی "وەبەرهێنان لە عێراقدا" بۆ نوێنەرانی کۆمپانیاكان و بزنسمانان و وەبەرهێنەران.
هینداوی وتی دانیشتنیکی تر رێکخراوانی کۆمەڵگای مەدەنی نیشتیمانی و هاوتا نێودەوڵەتیەکانیان کۆدەکاتەوە بۆ وتوێژ لەسەر پشتیوانی هەوڵەکانی کۆمەکی مرۆیی لەو ناوچانەی لەدەستی داعش ئازادکراون.
وتیشی بەشداربووانی ئەو دانیشتنە گەنگەشەی چۆنێتی بەرەوپێشبردنی هەلهكانی بنیاتنانی ئاشتی و ئارامی دهكهن لەو ناوچانەدا.
پێش کردنەوەی کۆنفرانسەکە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی یەکشەممە کرایەوە كه ئەو وێرانکاری و تراژیدیایە پیشاندەدات كه داعش لەداوی خۆی بەجێهشتبوو، لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە کوێت.
کۆنفرانسەکە چوارشەممە کۆتایی دێت بە ئامادەبوونی سەرەکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، ئەمیری کوێت شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و رێکخەری یەکێتی ئەوروپا.
هینداوی وتی: "لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا هەر وڵاتیك بڕی هاوکاری دارایی رادەگەیەنێت بۆ بنیاتنانەوە و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی لەو پرۆژانەدا كه پێشنیارکراون."
وتیشی: "زۆربەی وڵاتان پێش کۆنفرانسەکە هەڵوێستی ئەرێنی و بەڵێنی پشتیوانییان پیشانداوە. ئەم کۆنفرانسە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخانە لە مێژوی عێراقدا و هیوادارین یارمەتیمان بدات لە سەرکەوتن بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا."
دهمانهوێت سوپاسی ئهو وڵاتانه بكهین كه به مادی و مهعنهوهی بهشداربوون له كۆنفرانسهكهدا. لهگهڵ ئهوهشدا، باشتره ئهم وڵاتانه خۆیان ههڵمهتی بونیادنانهوهكه بهڕێوهببهن به لهبهرچاوگرتنی ئهو گهندهڵییه داراییهی كه ئێستا ئێمه رووبهڕوویدهبینهوه.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت