بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان بەڵێنی 6.9 ملیار یۆرۆیان دا (7.7 ملیار دۆلار) بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە مرۆییەکانی قەیرانی سوریا، یەكێتی ئەوروپا سێشەممە (30 حوزەیران) رایگەیاند.
بەڵێنەکان لە کۆنفرانسی چوارەمی برۆکسلدا دران کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکانەوە رێکخرا بۆ یارمهتیدانی خەڵکی به شهڕ زیانلێدراوی نێو سوریا و دەرەوەی.
کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیران، جاناز لێنارکیك ئاماژەیکرد بەوەی بۆنەی کۆکردنەوەی پشتیوانییهكه لە کاتێکی بەتایبەتی سەختدا هات.
وتی لهبهردهم "دیمهنێكی تاریك"ی پەتای جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا (کۆڤید-19)، "دەبێت هەمووان دڵخۆشبین به كۆی ئهو پشتیوانییهی بەڵێنی دراوه".
شەڕی سوریا بۆته هۆی كوشتنی زیاد لە 380,000 کەس و نزیکەی نیوەی ژمارهی دانیشتوانی پێش شهڕهكهی ئاوارەکردووه لەوکاتەوەی لە 2011 دەستیپێکرد.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی یەكێتی ئەوروپا، جۆسێپ بۆرێڵ وتی: "تەواوی نەوەیەکی منداڵانی سوریا تەنیا جەنگیان ناسیوە و هێشتا تەواو نەبووە." ئاماژەیکرد بەوەش كه داهاتووی خەڵکی سوریا "هێشتا بە بارمتە گیراوە".
لە بەیاننامەیهكدا دووشەممە، گروپه بەخشەره پێشڕەوهكان داوای زیادکردنی دەستڕاگەیشتن و پشتیوانی داراییان کرد بۆ ملیۆنان سوری کە لە مەترسی قاتوقڕیدان.
رێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند كه دوای زیاد لە نۆ ساڵ لە ناكۆكییهكان، شەڕەکە کەمبۆتهوە بەڵام دۆخی کتوپڕی مرۆیی لەوپەڕی تووندیدایە.
راشیانگەیاند: "ژمارەیهكی راچێنهری 9.3 ملیۆن سوری لەئێستادا بە برسێتی دەخەون و زیاد لە دوو ملیۆنی دیکە هێشتا مەترسی چارەنوسێکی هاوشێوەیان لەبەردەمدایە."
بەیاننامەکە -- کە لەلایەن ئەنجومەنی نەرویجی بۆ ئاوارەکان، ئۆکسفام، کەیر، مێرسی کۆرس و رێكخراوی ترهوه واژۆکراوە -- رایگەیاند کە ژمارەی ئەو سوریانەی رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراك دەبنەوە بەرزبۆتەوە بۆ لهسهدا 42 لە ساڵی رابردووەوە.
گروپە کۆمەکبهخشهکە رایگهیاند: "نزیکەی دەیەیەك لە شهڕ سوریای خستۆتە نێو بازنەی نائومێدی و بێچارەییەوە و ساڵ بەساڵ خراپتردەبێت. کۆمەکی نێودەوڵەتی لەئێستادا لەهەرکات زیاتر پێویستە."
دوای بەڵێنەکە، بەڕێوبەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئۆکسفام، مارتا لۆرێنزۆ وتی بڕەکە "زۆر بەسادەیی بەپێی پێویست نییە".
رژێم یارمەتی بیانی رەتدەکاتەوە
دیمەشق چوارشەممە سەرکۆنەی کۆنفرانسی چوارەمی برۆکسلی کرد بە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوە کە ناویبرد بە "دەستێوەردانێکی بێئباڕووانە لە کاروباری ناوخۆی سوریادا".
حکومەتی سوریا بانگهێشتی کۆنفرانسەکە نەکرابوو، هیچ نوێنەرێکی ئۆپۆزسیۆنیشی لێ نەبوو.
ئەم دوایین پابەندییانە لەکاتێکدان کە شەپۆلێکی نوێی سزای ئەمریکا لە حوزەیراندا کەوتەگەڕ و هەر بزنسێك دهگرێتهوه كه کار لەگەڵ حکومەتەکەی سەرۆك بەشار ئەسەد دەكات و کۆتوبەندی گەشت و سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنرێت.
یاسای قەیسەری 2019 بۆ پاراستنی مەدەنیەکانی سوریا رێخۆشدهكات بۆ سزادانی سەرۆكی سوریا و هاوکاران و پشتیوانانی لهسهر ئەو تاوانانەی دژی گەلی سوریا ئەنجامیانداون.