شەڕی ناوخۆی نێوان دوو بەهێزترین لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلیبی سوریای ژێردەستیاندا، لانیکەم 14 کەسی کوشتووە لە 24 کاتژمێری رابردوودا، ئاژانسی فرانس پرێس (19 تەمموز) رایگەیاند.
له شەڕەکەدا تەحریر شام، كه هاوپەیمانێتیەکی توندڕەوانه و بەرەی نوسرەی پێشووی تیایدا زاڵە، بەرامبەر ئەحرار شامی هاوپەیمانی پێشووی وهستایهوه، كه گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی بەهێزه.
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند چەکدارانی ئەو دوو لایەنە لە پێکدادانێك تێوەگلان لە باکوری خۆئاوای پارێزگاکە کە بووە هۆی کوژرانی 11 چەکدار و سێ مەدەنی لە 24 کاتژمێری رابردوودا.
بەڕێوەبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "ئەمە توندوتیژترین و گەورەترین پێکدادانە کە لەنێو ئەحرار شام و تەحریر شامدا روویدابێت."
وتیشی: "پێکدادانەکان بەردەوامن لە تەواوی پارێزگاکەدا، تێیدا خاکی [ژێردەستیان] دەستاودەست دەکات... ئەمە شەڕی مان و نەمانە."
شەڕ لە چەندین ناوچە روویداوە، بەتایبەتی لە شارۆچکەی سەرمادە و دهوروبهری شارۆچکەکانی سەراقیب و دانا.
عەبدولڕەحمان وتی هەردوو لایەن چەندین خاڵی پشکنینیان دروستکردووە لەناوهوه و دەرەوەی شاری ئیدلیبدا.
دوو گروپەکە پێشتریش شەڕیانکردووە، هەرچەندە لهوهپێش بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانێتییەك بوون کە زۆربەی ئیدلیبی گرت لە سەرەتای 2015دا.
روانگەکە رایگەیاند كه دوایین شەڕ بەشێکی بەهۆی کێشەی خواستی ئەحرار شامهوه بوو بۆ هەڵکردنی ئاڵای شۆڕشی سوریا لە شاری ئیدلیب.