نیگهرانییهكی سەخت لە رۆژئاوای دەوروبەری حەلەب هێشتا لهئارادایه دوای ئەنجامدانی رێکەوتنێكی ئاگربەست چوارشەممە (31 تشرینی یەکەم) لەنێوان تەحریر شام و بەرەی رزگاری نیشتیمانیدا دوابەدوای پێکدادانێکی خوێناوی کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەك کەس.
چالاکوان موسعەب عەساف بە دیارونای وت سەرەڕای ئاگربەستەکە زۆربەی خێزانەکان پەنایان بردۆتەبەر جێهێشتنی ناوچەکانی دەوروبەر بۆ ناو شاری ئیدلیب لەترسی بەردەوامبوونی شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە.
شەڕێکی سەخت روویدا لەنێوان هاوپەیمانی توندڕەوی تەحریر شام و هێزەکانی رزگاری نیشتیمانیدا كه لهلایهن تورکیاوە پشتیوانی دهكرێن، دووشەممە لەو هەرێمه ئارامهی پلانی بۆ دانراوه بهدهوروبهری ئیدلیبدا.
شەڕهکە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس لە 24 کاتژمێردا، لەنێویاندا حەوت کەس لە تەحریر شام و دوو مەدەنی.
عەساف وتی ئاگربەستەکە و رێکەوتنی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی چوارشەممەدا لەنێوان هاوپەیمانە توندڕەوەکە لەلایەك و گروپەکانی بەرەی رزگاری نیشتمانی، نورەدین زەکی و ئەحرار شام لەلایەکی ترەوە ئیمزاکرا.
وتیشی: "ترس و دڵەراوکێ لەنێو مەدەنیاندا سەریهەڵداوە كە زۆربەیان پەنایان بردۆتەبەر هەڵبژاردنی جێهێشتنی ناوچەکە بۆ ناوچە ئارامەکانی نزیك شاری ئیدلیب، لهكاتێكدا هەردوو لایەن هێشتا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان سەرەڕای رێکەوتنەکە."
هەروەها وتی: "ئەمە یەکەمجار نیە شەڕ لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا رووبدات بەدوای رێکەوتنی [ئاگربەست]دا." ئاماژەشیدا بەوەی زۆربەی شەڕەکە لە گهڕهكهكاندا روودەدات کە ئەو گروپانه بنكهیان تیادا داناون.
عەساف وتی پێکدادانەکان دوای پێداگریی تەحریر شام هات بۆ فراوانکردنی ناوچەكانی ژێردەستی لەسەر حسابی گروپهكانی تر.
پێکدادانەکانی یەکهمجار لە شارۆچکەی کەفر حەما روویاندا کە تەحریر شام هەوڵیدا بۆ گرتنی و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی شەڕ بۆ هەموو ناوچە گوندنشینهكانی رۆژئاوای حەلەب، لهكاتێكدا شارۆچکەکە پێگەی بەهێزی بەرەی رزگاری نیشتیمانیە.
شەڕەکە هێزەکانی سەربە حکومەت دەکوژێت
هاوکات روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند كه بەرەبەیانی پێنجشەممە ئەندامانی تەحریر شام هێرشیانکردە سەر پێگەیەکی حکومەت لە رۆژهەڵاتی ئیدلیب و چوار شەڕکەری سەربە رژێمیان کوشت.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "چوار شەڕکەری رژێم لە هێرشەکەدا کوژران و ئەندامێکی تەحریر شامیش كوژرا."
وتیشی: "شەڕە تۆپ لەنێوان دوو لایەنەکەدا بەردەوامە" لەو سنوورەی کە بەشێکە لهو هەرێمه ئارامهی پلانی بۆدانراوه.
روسیای هاوپەیمانی رژێم و تورکیای پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەیلولدا رێکەوتون لهسهر پێكهێنانی هەرێمێكی ئارام لەدەوروبەری ئیدلیب.
رێکەوتنەكه دەبوایە لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمدا جێبەجێکرابایە بەڵام هەندێك بڕکەی پلانەکە دواخران كاتێك پێکدادانی بەردەوام لەنێوان توندڕەوان و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی حکومەتدا روویاندا.