هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق 15 گەڕەکی موسڵ لە داعش دەسەننەوە

هێزەکانی عێراق لە پێشڕەویی بەردەوامدان دژبە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە موسڵ لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا و زۆر گەڕەکی تریان گرتۆتەوە، حکومەتی ناوخۆی پارێزگای نەینەوا رۆژی هەینی (11 تشرینی دووم) رایگەیاند.

جێگری پارێزگاری نەینەوا، حەسەن عەلاف، بە دیارونای وت تا ئێستا 15 گەڕەك رزگارکراون، لەوەتی ئۆپەراسیۆنەکان رۆژی 17 تشرینی یەکەم دەستیانپێکردووە.

ئەو گەڕەکانە بریتین لە میساق، شەیما، قودس، کەرمە، عەدەن، زەهرا، ئیخاء، سەماح، ئینتیسار، تەلەفزیۆن، گۆگجەلی، مەلایین و سادەت بعوێزە.

عەلاف وتی ئێستا هێزەکانی عێراق لە ئامادەکاریدان بۆ هێرشکردنەسەر ناوچەی تر.

وتی: "لەئێستادا مەدەنیەکان یەکێکن لە هۆکارەکانی خاویی پێشڕەوییەکان، چونکە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریاندەهێنێت بەوەی کە هەوڵدەدەن لەپشتیانەوە سەنگەرگیری بکەن و هێرشبکەنەسەر هێزە ئەمنیەکان. ئەمە دواهەمین کارتیانە، بەڵام بێ هیچ گومانێك تێکدەشکێن و بەڵگەش پێشڕەویی ئەمڕۆی هێزەکانمانە لە هەموو بەرەکانەوە."

هەروەها رۆژی هەینی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند هەنگاوی ناوە بۆ داڵدەدانی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی موسڵ.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، محەمەد جاف، بە دیارونای وت: "بەهاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سور، وەزارەتەکە رۆژی هەینی هەڵمەتێکی چڕی کۆمەکی دەستپێکرد بە دانانی 3,000 چادر و ئامادەکردنی هەزاران سەبەتە خۆراك و بەررزکردنەوەی ژمارەی پزیشکان لە کەمپەکاندا بۆ 800."

جاف وتی: "ئەو ئاوارانەی ناوچەکانی شەڕ بەجێدەهێڵن، بە ئۆتۆمبیل دەگوێزرێنەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارەبووان. زیاتر لە 45,000 مەدەنی داڵدەدراون لەدەسپێکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500