هه‌واڵه‌كانی عێراق

2.5 ملیۆن ئاوارە دەگەڕێنەوە ناوچە ئازادکراوەکان لە عێراق

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پێنجشەممە (1 شوبات) رایگەیاند كه‌ نزیکەی 2.5 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان لەو ناوچانەی لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون.

وەزیری کۆچ و کۆچبەران، جاسم محەمەد جاف، وتی وەزارەتەکەی بە هاوکاری لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا کە بەرپرسیارە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان لەسەرانسەری عێراقدا "توانیویانە 2.5 ملیۆن ئاوارە بگوازنەوە بۆ ماڵەکانیان لە شارۆچکە و گوندە ئازادکراوەکان."

ئەوەشی پشتڕاسکردەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕاندنەوە بەردەوامن بە خێراییه‌كی زۆر، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا". ئاماژەشی دا بەوەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای کەرکوکیش بەردەوامە.

فەرمانگەی کەرکوکی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکوك هەینی رایگەیاند كه‌ زیاتر لە سەدا 50 دانیشتوانی ئاوارەی کەرکوك گەڕاونەتەوە پارێزگاکە.

بەرپرسی فەرمانگەکە، عەمار سەباح، بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردن و ئۆپەراسیۆنەکانی دوای ئه‌وه‌ش بۆ لابردنی پاشماوەکانی شەڕی داعش، رێگەیان خۆشکردووە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی کەرکوك.

وتیشی: "ئێمە هەروەها هەندێك ناوچە ئاوه‌دانده‌كه‌ینه‌وه‌ وەك حەویجە، ریاز، خانەجەر، بەشیر، دوبس و ناوچەکانی تر بە گێڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان، له‌وانه‌ ئاو و کارەبا و چاککردنەوەی كه‌رته‌كانی تەندروستی و پەروەردە."

هەروەها وتی: "ئەمە بووەتە هۆی گەڕانەوەی بەرەبەرەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ئەو ناوچانە." ئاماژەشی دا بەوەی كه‌ هه‌ركات هه‌موو ئاوارەكان گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كانیان، فەرمانگەکە کەمپەکان دادەخات لە پارێزگاکەدا.

سەباح وتی: "بەهەمانشێوە كۆمه‌ك پێشکەشی خێزانە گەڕاوەکان دەکرێت بۆ یارمەتیدانیان لە نیشتەجێبونەوە." ئاماژەشی دا بەوەی "نزیکەی 400 خێزان گەڕاونەته‌وە ماڵەکانیان لە حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەری لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500