هه‌واڵه‌كانی عێراق

وتەبێژ و پلانداڕێژەری باڵای داعش لە سوریا کوژرا

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگەیاند "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رۆژی سێشەممە (30 ئاب) پشتڕاستیکردۆتەوە وتەبێژو پلانداڕێژەری باڵای (گروپەکە) ئەبو موحەمەد عەدنانی لە سوریا کوژراوە.

بەپێی میدیاکان عەدنانی بەرپرسی پروپاگەندەی داعش و رێکخەری باڵای ئەندامەکانیان و داڕێژەری زنجیرە هێرشەکانی داعش بووە لە دەرەوە، وەك هێرشەکانی پاریس و برۆکسل و ئەستەنبوڵ.

چاودێران دەڵێن کوشتنەکەی گورزێکی گەورەیە لە داعش، کە ئەم ساڵ پاشەکشەی کردووە و چەندین ناوچەی لەدەستداوە لە سوریا و عێراق هاوکاتی کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی.

لێکۆڵەری باڵا لە میدڵئیست ئینستیتیوت (دەزگای خۆرهەڵاتی ناوین) وتی عەدنانی "لەناخەوە بە توڕەترین سەرکردەی داعش دەناسرێت لە چاوی خەڵکەوە".

عەدنانی کە ساڵی 1977 لە پارێزگای ئیدلیب لە سوریا لە دایکبووە، کارەکانی لە ناوەندی مەکینەەکانی پروپاگەندە و ئەندام کۆکردنەوەی گروپەکە بووە و چەندین ڤیدۆی قێزەونی دروستکرد و ئامادەیی بەرچاوی هەبووە لە پـێگەکانی سۆسیال میدیا.

ئاژانسی هەواڵی ئەعماقی داعش کوژرانی عەدنانی درەنگانی رۆژی سێشەممە راگەیاند.

شارەزای گروپە توندڕەوەکان لە بەغدا هیشام هیشامی وتی: "کوشتنی عەدنانی نیشانەی ئەوەیە کە داعش ئیدی ناتوانێت سەرکردە هەرە باڵاکانی خۆی بپارێزێت."

عەدنانی کە یەکێك لە دامەزرێنەرانی داعشە، پێشتر لە ژێر فەرمانی سەرکردەی کوژراوی قاعیدە ئەبو موعسەب زەرقاوی لە عێراق چالاکیەکانی ئەنجامدابوو.

ئەوە عەدنانی بوو لە حوزەیرانی 2014 لە تۆمارێکی دەنگیدا داعشی وەك "خەلافەت" ناساند، کە پێیەکی لە عێراق و ئەوی تری لە سوریا بوو، هاوکات رایگەیاند ئەبو بەکر بەغدادی سەرۆکی گروپەکە "سەرکردەی موسوڵمانانە لە هەموو شوێنێك".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500