پینتاگۆن رۆژی دووشەممە (12 ئەیلول) پشتڕاستیکردەوە کە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا مانگی رابردوو ئەبو محەمەد عەدنانی وتەبێژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ی لە باکوری سوریا کوشتوە.
سکرتێری راگەیاندنی پینتاگۆن پیتەر کوك وتی: "هێرشە ئاسمانیەکە لە نزیك باب لە سوریا بەرپرسی باڵای پروپاگەندەی داعش و دامەزرێنەری ئەندامان و ئەندازیاری ئۆپەراسیۆنە دەرەکیە تیرۆریستیەکانی [گروپەکەی] لە گۆڕەپانی جەنگەکە لەناوبرد."
وتی: "[هێرشەکە] یەکێك لە سەرکەوتوترین هێرشە ئاسمانیەکان بووە دژی سەرکردەکانی داعش، بەوانەشەوە کە بەرپرسی دارایی و پلاندانەری سەربازیان بوون و ئەمەش وادەکات ئیتر بۆ گروپەکە ئاسان نەبێت لە چالاکیەکانی بەردەوام بێت."
وتیشی ئەو ئۆتۆمبیلەی عەدنانی بۆ گەشتەکانی بەکاری دەهێنا رۆژی 30 ئاب بە موشەکی هێڵفایەر (Hellfire) پێکراوە.