هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوێکی کۆمەك: داعش تەقە لە هەڵهاتووەکانی فەلوجە دەکات

ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی (NRC) رۆژی یەکشەممە، 5 حوزەیران، وتی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) تەقە لەو مەدەنیانە دەکات و دەیانکوژێت کە هەوڵدەدەن لە فەلوجە هەڵبێن.

رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: "بەگوێرەی ئەو خێزانانەی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی پەیوەندی پێوەکردوون، ئەو مەدەنیانەی هەوڵدەدەن لە روباری فورات بپەڕنەوە تا لە شەڕەکە هەڵبێن، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانەوە تەقەیان لێدەکرێت."

ئەم رێکخراوە کەمپەکانی پەنابەران لە شارۆچکەی عامریەی فەلوجە دەباتبەڕێوە کە زۆربەی ئەو مەدەنیانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش هەڵهاتوون لەوێ نیشتەجێکراون.

رێکخراوەکە وتی: "ژمارەیەکی نەزانراو لە مەدەنیەکان لەکاتی پەڕینەوەی روبارەکەدا تەقەیان لێکراوە و کوژراون."

یەکێك لە تەنها رێگاکانی دەرچوونی خەڵك لە ناوشاری فەلوجە کە بە بۆمب و مین چێنراوە، دەربازبوونە لەڕێگای روبارەکەوە.

بەڕێوبەری ناوخۆیی ئەم رێکخراوە، ناسر موفلاحی، وتی: "ئێستا ئەو ترسە گەورەیەی هەمانبوو لە بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ئەو مەدەنیانەی هەوڵی دەربازبوون دەدەن، بەداخەوە بوو بەڕاست."

موفلاحی وتی: " ئەمە خراپترین شت بوو کە لێی دەترساین بەسەر ئەو پیاو و ژن و منداڵانەدا بێت کە ناچاربوون هەموو شتێك بەجێبهێڵن بۆ رزگارکردنی ژیانیان."

زۆربەی ئەو 2,511 خێزانە ئاوارانەی گەیشتوونەتە کەمپەکان لە ناوچەکانی دەوروبەر دەژیان و مەزەنە دەکرێت کە 50,000 مەدەنی لە ناو شاری فەلوجەدا مابنەوە و لەلایەن داعشەوە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنرێن.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داڵدەی 2,495 خێزانی ئاوارەی لە کەمپی عامریەی فەلوجەدا داوە کە لە فەلوجە و سەقڵاویە هەڵهاتوون، لەکاتێکدا بەپێی بەیاننامەیەکی ئەم وەزارەتە، 16 خێزان لە کەمپە گەشتیاریەکەی ئەم شارۆچکەیەدا نیشتەجێکراون.

بەپێی بەیاننامەکە، خواردن و کۆمەکی تەندروستی و پێداویستی تر بۆ ئاوارەکان دابینکراوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500