هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

بەرپرسانی عێراقی: داعش ئەو مەدەنیانە دەکوژێت کە لە فەلوجە هەڵدێن

خالید ئەلتائی

ئەو دانیشتوانانەی فەلوجە کە لە هەڵهاتنیاندا سەرکەوتوو بوون گەیشتوونەتە دووڕیانی سەلام لە باشوری شارەکە و چاوەڕێی گواستنەوەن بۆ کەمپی ئاوارەکان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوەبەرێتی عامریەی فەلوجە]

ئەو دانیشتوانانەی فەلوجە کە لە هەڵهاتنیاندا سەرکەوتوو بوون گەیشتوونەتە دووڕیانی سەلام لە باشوری شارەکە و چاوەڕێی گواستنەوەن بۆ کەمپی ئاوارەکان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوەبەرێتی عامریەی فەلوجە]

چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) تەقە لەو مەدەنیانە دەکەن کە هەوڵدەدەن لە شەڕی فەلوجە دەربازبن کە ماوەی مانگێکە لەنێوان ئەم گروپە و هێزەکانی عێراقدا بەرپابووە، بەگوێرەی بەرپرسانی ناوچەکە.

بەرپرسان وتیان هێرش دەکرێتە سەر ئەو مەدەنیانەی هەوڵدەدەن بگەنە ئەو کەمپانەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە ناوچەکانی باشور و رۆژهەڵاتی شارەکە ئامادەکراون بۆ ئاوارەکان.

بەرپرسەکان بە مەوتنی-یان وت هەزاران لەناو ئەم شارەی پارێزگای ئەنباردا گیریان خواردووە و داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەویی هێزەکانی عێراق.

سەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆی عامریەی فەلوجە، شاکر عیساوی، وتی: "تێرۆریستەکان کوشتاریان دژی خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە ئەنجامداوە."

عیساوی بە مەوتنی وت: "پاشئەوەی هێزە ئەمنیەکان توانییان بگەنە دووڕیانی سەلام لە باشوری فەلوجە و تێرۆریستەکانیان لە ناوچەکە دەرپەڕاند، رێڕەوێکیان لەوێوە کردەوە تا یارمەتیی مەدەنیەکان بدەن دەربازبن و بگەنە یەکە سەربازیەکانمان."

وتی بەڵام داعش دوای هەڵهاتووەکان دەکەوت و دەیکردنە ئامانج.

داعش تەقە لە خێزانە هەڵهاتووەکان دەکات

عیساوی وتی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، داعش لەنزیکەوە تەقەی لە کۆمەڵێك خێزان کرد کە ژمارەیان نزیکەی 50 کەس دەبوو و هەوڵیاندەدا بەپێ لەو رێڕەوەوە دەربازببن.

وتی: " لە هێرشەکەدا 30 کەس کوژران، زۆربەیان ژن و منداڵانی خێڵەکانی ئەلبو ساڵح و ئەلبو حاتەم بوون. ئاماژەی بەوەش دا کە هێزە ئەمنیەکانیش تەقەیان لە چەکدارەکان کردەوە و مەدەنیەکانی تریان رزگارکرد.

وتیشی ئەمە یەکەمجار نیە داعش ئەو مەدەنیانە بکاتە ئامانج کە لە ناوچەکانی باشوری فەلوجەوە هەڵدێن. سەرەتای ئەم مانگەش گروپەکە بۆمبی دەستکردی بە سێ خێزانی هەڵهاتوودا تەقاندەوە.

هەروەها وتی داعش چەندین لەو دانیشتوانانەی دەستگیرکردووە کە هەوڵی دەربازبوونیان داوە و لە ناوچەیەك نزیك لە روباری فورات رەمیی کردوون و تەرمەکانیانی فڕێداوەتە ئاوەکەوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عەزال فەهداوی، بە مەوتنی وت: "کوشتنی ژن و منداڵە ئاوارەکان لە دوڕیانی سەلام کردەوەیەکی قێزەون و ترسنۆکانەیە."

وتی ئەمە "روخساری ناشیرینی ئەو تێرۆریستانە و رەچاونەکردنی هەر بەهایەکی مرۆییانە" پیشاندەدات.

وتیشی تەقەکردن لە مەدەنیە هەڵهاتووەکان "بەڵگەیەکی ئاشکرایە" بۆ شکستی داعش، لەکاتێکدا هێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە لێدانی یەك بەیەکی مۆڵگەکانی ئەم گروپە لە فەلوجەدا.

هەروەها وتی لە هەفتەی رابوردوودا هێزە ئەمنیەکان هەندێك بەشی تریان لە شارەکە رزگارکردووە، لەوانە سوبەیحات، ئەلبو عەزام، نوعەیمیە و شوهەدای یەك و دوو.

عیساوی وتی ئێستا شەڕەکان لە ناوەندی فەلوجەدا چڕبوونەتەوە و هێزە هاوبەشەکانی سوپا، پۆلیس، خێڵەکان و دژەتێرۆر دەسەڵاتیان بەسەر ناوچە رزگارکراوەکاندا سەپاندووە.

هەزاران هەڵدێن سەرەڕای مەترسی

فەرماندی فەوجی سێی حەشدی عەشایەری لە عامریەی فەلوجە، موقەدەم سەباح عیساوی، وتی داعش مەدەنیەکان دەکاتە ئامانج " لە تۆڵەسەندنەوەی ئەو دۆڕاندنە سەختانەی لەسەر دەستی هێزە رزگارکەرەکان بەسەریان هاتووە".

عیساوی بە مەوتنی وت: "لەگەڵ هەر پێشڕەوییەکی هێزەکانماندا، ئەم رێکخراوە تێرۆریستیە خێزانەکان ناچاردەکات بە مانەوە لە ماڵەکانیاندا لەژێر هەڕەشەی کوشتندا و وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریاندەهێنێت."

وتی: "زۆر لە خێزانەکان بڕیاری هەڵهاتن لە ستەمی تێرۆریستەکان دەدەن، سەرەڕای هەموو مەترسیەکانیش."

وتیشی خێزانەکان بەزۆری لەشەودا هەڵدێن، لەڕێگای رێڕەوە سەلامەتەکانەوە یان ئەو رێچکانەی لە جوڵەی داعشەوە دوورن. هەروەها وتی هەندێکیان لەکاتی هەڵهاتنیاندا بە گولـله و مینە چێنراوەکانی داعش کوژراون یان برینداربوون.

عیساوی وتی: "هەزاران خێزان توانیویانە لە فەلوجە دەربازببن و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارە لە عامریەی فەلوجە و خالیدیە و حەبانیە."

هەروەها وتی: "داعش لە فەلوجەدا لەسەرەمەرگدایە. رۆژانە دەیان و سەدان لە شەڕکەرانی لەدەستدەدات و کاریگەریی کەمدەبێتەوە لەگەڵ رزگارکردنی زۆربەی ناوچەکانی دەوروبەر و گەیشتنی شەڕ بە ناوەندی شارەکە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500