هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هێزەکانی عێراق خێزانەکانی فەلوجە دەگوازنەوە

خالید ئەلتائی

خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە کۆمەك وەردەگرن لە کەمپێکدا لە عامریەی فەلوجە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

خێزانە ئاوارەکانی فەلوجە کۆمەك وەردەگرن لە کەمپێکدا لە عامریەی فەلوجە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

سەرەڕای مەترسی لە هەموو لایەکەوە، سەدان خێزانی گەمارۆدراو توانیویانە لە فەلوجە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەڵبێن و بە سەلامەتی خۆیان بگەیەننە سوپای عێراق.

هەڵهاتوانی گوندی ئەلحەسی لە باشوری شارەکە بە مەوتینی-یان وت داعش هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون کە بە زیندوێتی دەیانسوتێنێت ئەگەر ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

وتیان پێشڕەویی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی لەم چارەنوسە رزگاری کردن کە بواری بەو مەدەنیانە دابوو کە لەسەر هێڵەکانی شەڕدا بوون تا هەڵبێن.

ئوم وەلید، 53 ساڵ، کە نەیویست ناوی راستەقینەی ئاشکرا بکرێت، وتی: "کاتێك گوێمان لێبوو دەنگی تەقە زیادیکرد، زانیمان سوپا نزیکبۆتەوە و بڕیارماندا هەڵبێین بەرەو لای ئەوان، سەرەڕای مەترسییەکانیش."

ئەم ژنە بە مەوتینی وت: "چاوەڕێمان کرد تا کاتێکی گونجاو؛ پاشان خۆم و سێ کچەکەم لەگەڵ خێزانەکانی تردا هاتینەدەرەوە و ئاڵای سپیمان هەڵکرد."

وتی کە هەر زوو سەربازەکان هاتن و بە ئۆتۆمبیلی سەربازی لە بەرەی شەڕ گواستیاننەوە و نان و ئاویان پێدان.

هەڵهاتویەکی تر، ئەحمەد حەردان، ژیانی لەژێر دەستی داعشدا وەك "کارەسات" وەسف کرد.

حەردان وتی: "هەڕەشەی سوتاندنیان لێکردین گەر هەوڵی دەربازبوون بدەین. چاوەڕێی گەیشتنی سوپامان دەکرد و کاتێك گەیشتن، ئێمە تەنها بیرمان لە رزگاربوون دەکردەوە."

وتی دانیشتوانەکە لە ژێر گەمارۆی داعشدا برسی بوون و سەرەکیترین خواردنی وەك ئارد و برنج قاتی بووبوون و بە "نرخی یەکجار گران" دەفرۆشران.

هەروەها وتی: "زیاتر لە دوو ساڵ بەدەست ئەشکەنجە و سزادانی تێرۆریستەکانەوە دەمانناڵاند کە خەڵکیان دەکوشت و هیچ رەحمێکیان بە لاو و پیر نەدەکرد."

سەدان خێزان دەگوازرێنەوە

بە وتەی بەڕێوبەرێتی کۆچ و کوچبەرانی ئەنبار، هێزەکانی عێراق توانیویانە لە دوو هەفتەی رابردودا سەدان خێزان بگوازنەوە کە لە فەلوجەدا گیریان خواردبوو، لە کاتێکدا شەڕی دەرپەڕاندنی داعش گەرمتر دەبێت.

بەرپرسی ئەم بەڕێوبەرێتیە، محەمەد رەشید، رۆژی دووشەممە (6 حوزەیران) بە مەوتینی وت: "تا ئێستا زیاتر لە 600 خێزان لەڕێگەی هێزە ئەمنیەکانەوە گەیشتوونەتە لامان، پاشئەوەی لە ناوچەکانی شەڕ لە دەوروبەری فەلوجە هەڵهاتوون."

ئەم بەرپرسە وتی: "دوو مانگ لەمەوبەر، هەشت کەمپمان لە شارۆچکەی عامریەی فەلوجە دروستکرد کە نزیکەی 2,000 خێزان لەخۆ دەگرن، لەو ئاوارانەی لە فەلوجە و ناوچەکانی دەوروبەری هەڵهاتوون."

وتیشی: "زۆربەی ئاوارەکانمان گواستەوە بۆ ئەو کەمپانە. خواردن و بەتانی و کەلوپەلی ناوماڵ و کەرەسەی چێشتلێنانمان پێدان و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستیی بەپەلەمان بۆ ئامادەکردن."

هەروەها وتی: "ئەم رزگاربووانە لە حاڵەتێکی سەختدابوون. زۆربەیان نەخۆش بوون. ئێستا خەریکی ئەوەین وەك هاوڵاتی ئاوارە تۆماریان بکەین بۆئەوەی بیانخەینە ناو بەرنامەی وەگەڕخستنەوە و کۆمەکی مرۆیی و بەپارەش یارمەتییان بدەین."

محەمەد رەشید وتی مەزەنە دەکات ژمارەی ئاوارەکان بگاتە 10,000، لە کاتێکدا شەڕ لە ناوەندی شاری فەلوجە نزیکدەبێتەوە. وتیشی: "ئامادەکاریەکانمان بەچڕی بەردەوامە و هەوڵدەدەین فریای هەر حاڵەتێکی بەپەلە بکەوین."

یارمەتیدانی ئاوارەکان

سەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆیی عامریەی فەلوجە، شاکر ئەلعیساوی، بە مەوتینی وت شارۆچکەکە بەشێکی گەورەی وزەی تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردنی رزاگربووانی فەلوجە.

عیساوی وتی: "زەخیرەیەکی باشی خواردنمان هەیە --بەشی زیاتر لە 5,000 خێزان دەکات." وتیشی: "ژمارەیەکی پێویستیش خێمەمان هەیە. هەروەها بە هاوکاری دەزگا حکومیەکان و رێکخراوە مرۆییەکان، دەستمانکردووە بە خستنەگەڕی تیمی تەندروستی بۆ گرنگیدان بە ئاوارەکان و دابینکردنی پێویستیەکانیان."

هەروەها وتی هاتنی ئاوارەکان لە جەمسەری خوارووی فەلوجەوە بەردەوامە و خەڵکەکە بەرەو دووڕیانی سەلام دەچن و لەوێشەوە بۆ عامریەی فەلوجە.

عیساوی وتی: "رێڕەوێکی سەلامەت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراوەتەوە بۆ خێزانە هەڵهاتووەکان لەو جەمسەرەوە کە لە ناوەڕاستی شارەوە (فەلوجە) دێت، لەکاتێکدا مەزەنە دەکەین لانی کەم 20,000 خێزان لەوێ گیریان خواردبێت."

بە وتەی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای حەشدی شەعبیی عامریەی فەلوجە، موقەدەم سەباح ئەلعیساوی، پۆلیسی عێراق و سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی سەرکەوتنی دڵخۆشکەرانەیان بەدەستهێناوە لە شەڕی فەلوجەدا.

ئەم فەرماندەیە وتی: " ئێمە زۆر بەوریاییەوە دەجوڵێین بۆ پاراستنی سەلامەتیی مەدەنیەکان."

وتیشی: "لە کاتی پێشڕەویماندا لە باشوری فەلوجە، توانیمان نزیکەی 250 خێزانی گیرخواردوو رزگاربکەین و گواستماننەوە بۆ جێگای سەلامەت و خواردن و خواردنەوە و کۆمەکی سەرەتاییمان پێدان."

عیساوی وتی: "ئەندامانی داعش بێ دوودڵی تەقە لە هەر خێزانێك دەکەن کە هەوڵی دەربازبوون بدات. ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین بگەینە خێزانە هەڵهاتووەکان پێشئەوەی بکرێنە ئامانج."

وتیشی: "چەند رۆژێك لەمەوبەر لەکاتی چوونە ناوەوەمان بەدووری دوو کیلۆمەتر بۆ ناوچەکانی ژێردەستی داعش، پێنج مەیتمان دۆزیەوە، سێ ژن و دوو منداڵ، کە ئاوارە بووبوون و بەهۆی مینی لاڕێوە کوژرابوون کە لەلایەن تێرۆریستەکانەوە چێنرابوون تا رێگا لە پێشڕەوی هێزەکانمان بگرن."

هەروەها وتی: " بەمزوانە داعش دادەپڵۆسین و تۆڵەی قوربانییەکان دەکەینەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500