هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

لەکاتێکدا نەمسا پرسە دەگێڕێت، داعش تەقەکردنەكه‌ی ڤیەننا لەئەستۆدەگرێت

ئاژانسی فرانس پرێس

گوڵ و مۆم بۆ یادكردنه‌وه‌ دانراون لە شوێنی هێرشێكدا له‌ ڤیەننا لە 3 تشرینی دووەم، رۆژێک دوای ئەوەی چەکدارێكی پەیوەست بە داعشەوە چوار کەسی کوشت. [جۆ کلامار/ئاژانسی فرانس پرێس]

گوڵ و مۆم بۆ یادكردنه‌وه‌ دانراون لە شوێنی هێرشێكدا له‌ ڤیەننا لە 3 تشرینی دووەم، رۆژێک دوای ئەوەی چەکدارێكی پەیوەست بە داعشەوە چوار کەسی کوشت. [جۆ کلامار/ئاژانسی فرانس پرێس]

لێکۆڵەرانی نەمسا سێشەممە (3 تشرینی دووەم) لێکدانەوەیان دەکرد بۆ کوشتارێك لە ناوەندی ڤیەننا لەلایەن چەکدارێکی تەنیاوه‌ كه‌ ئێوارەی دووشەممە روویدا و دواتر لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لەئەستۆگیرا.

چوار کەس کوژران کاتێك کویتیم فەیزوڵڵای، کە دەوترێت هاوسۆزێکی 20 ساڵەی داعشە و پێشتر لە زیندان بووە، بە کڵاشینکۆف تەقەیکرد لە ناوچەیەکی قەرەباڵغی پایتەختی نەمسا.

پۆلیس رایگەیاند كه‌ پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی ساختەشی بەستبوو.

لەکاتی هەڵکوتانەسەری ماڵی فەیزوڵڵایدا، لێکۆڵەران بەڵگەی تاوانکارییان دۆزیەوە لەسەر کۆمپیوتەرەکەی، لەنێویاندا وێنەیەكی خۆی كه‌ لەسەر فەیسبوك پۆستیکردبوو بە چەکی ئۆتۆماتیکی و مشارەوە کە لەکاتی هێرشەکەدا بەکارهاتبوون.

وەزیری ناوخۆی نەمسا، کارڵ نێهامەر وتی نوسینی سەر وێنەکە رایده‌گەیاند كه‌ "خزمەت بە سەڵتەنەت" دەکات لەگەڵ چەند پەیامێکی دیکەی داعش.

بەگوێرەی ئاژانسی پروپاگەندەی گروپه‌كه‌، ئەعماق، داعش سێشەممە رایگەیاند كه‌ بەرپرسە لە کوشتارەکە.

ئەعماق ڤیدیۆیەکی کورتیشی بڵاوکردەوە کە تێیدا تاوانبار وێنەی خۆی گرتووە و بەڵێنی دڵسۆزی دەدات بە سەرۆکی ئەو گروپە تووندڕەوە.

پۆلیس فەیزوڵڵایان کوشت دووشەممە و دواتر 18 ئه‌درێسی جیاواز گەڕان و 14 کەسیان دەستگیرکرد لەکاتێکدا بۆ خەڵکانێك دەگەڕان کە دەکرا یارمەتیدەر بووبن.

هێرشێکی 'قێزەون'

راوێژکاری نەمسا سێباستیان کورتز سەرکۆنەی تەقەکردنەکەی کرد وەك "هێرشێکی تیرۆریستی قێزەون"، کە وتی گارسۆنێکی کوشتووە، لەگەڵ لاوێك کە بەو ناوەدا دەڕۆیشت و پیاو و ژنێکی به‌ته‌مه‌نتریش.

حکومەتەکەی رووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە دەربارەی ئەوەی چۆن کەسێکی ناسراو لای هێزە ئەمنیەکان توانیوێتی چەك بکڕێت و وێرانکاری بنێته‌وه‌ لەسەر شەقامە ئارامەکانی پایتەخت، کە زۆرجار دەوترێت باشترین کوالیتی ژیانیان هەیە لە جیهاندا.

لێکۆڵینەوەکە چەند وڵاتێکی گرتەوە، بەجۆرێك سویسرا دوو کەسی دەستگیرکرد و مەکه‌دۆنیا، کە ریشەی خێزانی فەیزوڵڵای لەوێیە، هاریکاری لەگەڵ کاربەدەستانی نەمسا دەکات.

وەزارەتی داد رایگەیاند كه‌ دوو پیاوی لاوی سویسری سێشەممە نزیك زیوریخ دەستگیرکران لە پەیوەندیاندا بە کوشتارەکەوە و دەوترێت ئەو چەکدارەیان ناسیوە.

وتەبێژی وەزارەتی داد، فیلیپ شواندەر وتی "یەکتر دەناسن" و وتیشی لێکۆڵەران لەوە دەکۆڵنەوە كه‌ "پەیوەندییان چۆن بووە".

نێهامەر وتی فەیزوڵڵای لە نیسانی ساڵی رابردوودا زیندانی کراوە بەهۆی هەوڵدانەوە بۆ چوون بۆ سوریا بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە.

فەیزوڵڵای، کە هاونیشتمانی هه‌ردوو نەمسا و مەکه‌دۆنیاشه‌، خرابووە نێو بەرنامەیەکی نەهێشتنی تووندڕەویه‌وه‌ كه‌ لەلایەن حکومەتەوە پشتیوانیکراوه‌ و توانیبووی ئازادکردنی پێشوەختە بۆخۆی لە کانونی یەکەمدا به‌ده‌ستبهێنێت، لەکاتێکدا دەبوو 22 مانگ لە زینداندا بێت.

فه‌رمانده‌ی باڵای ئەمنی له‌ نەمسا، فرانتز روف، بە میدیای خۆجێی وت کە لە دوا خولی بەرنامەی نەهێشتنی تووندڕەویدا لە کۆتایی تشرینی یەکەم، فەیزوڵڵای سەرکۆنەی هێرشە تووندڕەوەکانی ئەمدواییەی فەرەنسای کردووە.

نێهامەر وتی هەوڵێکی پیشتر هەبوو لەلایەن کاربەدەستانی ڤیەنناوە تا هاوڵاتیبوونی نەمسایی لە فەیزوڵڵای بسەننەوە، بەڵام ئەمە سەرکەوتوو نەبوو چونكه‌ "بەڵگەی تەواو نەبوو دەربارەی چالاکیەکانی".

'شۆك و خەم'

خوێنڕێژییەکە هاوسۆزیی بەدوادا هات لەلایەن سەرکردەکانی جیهانەوە.

لە تەواوی وڵاتدا، ئاڵاکان تا نیوە دابەزێنران لە بینا گشتیەکاندا و خەڵك خولەکێك بە بێدەنگی وەستان لە نیوەڕۆدا لەکاتێکدا زەنگی کەنیسەکان لێیاندا.

کورتز و سەرۆك ئەلێکساندەر ڤان دێر بێلێن و بەرپرسانی دیکە بەشدارییانکرد لە پرسەیەکی ناشتندا بۆ قوربانیەکان.

كۆمه‌ڵه‌ی نەخۆشخانەکانی ڤیەننا رایگەیاند كه‌ 23 کەسی بریندار سشێەممە لە نەخۆشخانە بوون، حەوتیان لە دۆخێکی هەستیاردا بوون.

پۆلیس رایگەیاند كه‌ ئەفسەرێكیش لەنێو بریندارەکاندا بوو.

ئەڵمانیا چووه‌پاڵ کۆماری چیك بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پشکنین لەسەر سنووره‌كان تا ئەو کەسانە بوەستێنیت کە ئەگەری هاریکاریکردنیان هەبووبێت.

راوێژکاری ئه‌ڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ وتی: "شەڕی دژی بکوژان و ئەوانەی هانیاندەده‌ن خەباتی هاوبەشی ئێمەیە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500